هەنگاوێکی زۆر خراپی پەرلەمان
03/07/2014 نوسەر: bzavpress

هەنگاوێکی زۆر خراپی پەرلەمان


زۆرینەی پەرلەمانتاران بڕیاریان دا کۆبونەوەکە داخراو بێت، ئەمەش هیچ پاساوێکی نییە:
یەکەم: دەکرێت کۆبونەوەی فەرماندەیی وەیا هەیئەی ئەرکان وەیا ئەنجومەنی وەزیران وەیا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وەیا هەر کۆبونەوەیەکی ئەمنی و سەربازی داخراو بێت.
دووەم: پێشتر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبونەوەی داخراوی خۆیان کرد و لەوە دەچێت کۆمەلێ پرسیار و پرس کرابێت ئیتر چ بیانویەک بۆ داخراوکردنی کۆبونەوەکە ماوەتەوە.
سییەم: پەرلەمان جێگای نوێنەرایەتی کردنی میللەتە، تەنها لە حاڵەتی زۆر تایبەت و مەترسیداردا دەکریت بە گوێرەی یاسا کۆبونەوەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی داخراو بێت. 
ئەم پرسەی ئەمرۆ سەرۆکی هەرێم لە پێناویدا لە پەرلەمانە، دەبوایە راستەوخۆ پەخش بکرابایە، چونکە پەیوەستە بە ژیان و ئایندەی سەرجەم هاولاتیانی هەرێم و ناوچەکەوە. پێویستە سەرۆکی هەرێم لە رێگەی پەرلەمانەوە راستەوخۆ موخاتەبەی میللەت بکات و هەموو وردەکاریەکانی بۆ باس بکات و بیانخاتە نێو چوارچێوەی رووداوەکانەوە. حیکمەت لە هاتنە پەرلەمان ئەوەیە هەم لە رێگەی پەرلەمان و هەمیش بە هۆی پەرلەمانەوە قسە لەسەر پرس و ئاستەنگ و رێکارە ئسوڵیەکان بکرێت، نەک کۆبونەوەی داخراو بکرێت. ئەگەر لەو کۆبونەوەیە پرسی سەربازی و ئەمنی باس دەکرێت ئەوە هەم کارێکی خراپەو هەمیش بە دڵنیایەوە سەرجەمی دواتر بە شیوازی جۆراو جۆر بڵاو دەبێتەوە. ئەگەریش بۆ ئاگادارکردن و هۆشیار کردن و زانیاری دانە ئەوا پێویست بوو ئاشکراو راستەوخۆ بێت. چونکە پێشتر کۆبونەوەی فراکسیۆنەکان کراوە. هاولاتیانی کوردستان مافی خۆیانە بە رونی هەڵوێستە سەرکردە سیاسیە بڕیار بەدەستەکان بزانن.
هیوادارم هۆکاری داخراویەکە تەنها بۆ ئەوە نەگەڕێتەوە کە پەرلەمانتاران هەست بە لاوازی هەڵوێستیان بکەن کە تەنها ئەوانیش گوێگرن و ناتوانن گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا بکەن ، چونکە بۆ ئەم پرسە کە سەرتاپای ژیانی هەمومانی داگیر کردوە هیچ پاساوێکی تر نابینم.