02/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پارتی گرفتی بەردەم بارزانی!
ڕاستە بارزانی سەرۆک و مەرجەعی بێ ڕکابەری پارتیە و ئەو لەڕاییبوونی بڕیارەکانی لەناو پارتیدا هیج گرفتێکی شیاوی باسی نیە. بەڵام گرفتی بارزانی لەگەڵ پارتیدا، کاتێک بەڕوونی دەردەکەوێت، کەئەو ئیجبارە بەوەی وەزیفە گەورە نیشتیمانیەکانی خۆی، وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدەرەوەی وەزیفە و بەرژەوەندیەکانی پارتیەوە بەئەنجام بگەیەنێت.
گرفتی گەورەی بارزانی لەسەرۆکایەتیکردنی ئەم قۆناغە هەستیارەی میللەتەکەیدا جگە لەپارتەکەی خۆی، گرفتی بەتەنیابوون و گرفتی بێ هاوتابوون و بێ بوونی یارمەتیدەرێکی ئاست بەرزی چوون خۆیەتی. بەتایبەت کەبینیمان هەرێمە کوردیەکە لەغیابی هاوتا مێژوویی و سیاسیەکەی ئەودا، کەتاڵەبانی بوو، دەستەوستان بوو لەپەیداکردنی ئەلتەرناتیڤدا.
لەمپەربوونی پارتی بۆ سەرۆکەکەی، لەمپەربوونێکی بیست ساڵەیە. لەمپەربوونێکە، لانیکەم لەمیژوویی ڕاپەڕینەوە دەست پیدەکات و هەتا ساتەوەختی ئێستاش بەردەوامە. لەمپەربوونێکە، کەوای کردووە لەزۆر وێستگەی مێژوویدا، بارزانی دەستەوستان بێت و لەزۆر کات و سات و لەحزەی مێژوویدا لەبەرامبەر هاوتا مێژوویی و سیاسیەکەی خۆیدا، کەمام جەلال بوو، ئەو موبادەرە نەتەوایەتی و نیشتیمانیەکان، لەپرسە جیاو جیاوازەکانی بیست ساڵی ڕابردوودا، لەدەست بدات.
ڕەنگە لەمێژووی ڕاپەڕینەوە بوونی تاڵەبانی یارمەتیدەر بووبێت بۆئەوەی بارزانی بەتەنیشت ئەوەوە، سەرکردەی چارەی قەیرانەکان و ڕێبەری بەدیهێنەری خەون و خواست و دەسکەوت و بەرژەوەندیە کورەدیەکان بووبێت. بەتایبەت کەهەرگیز لەو مێژووەدا، حزبەکەی تاڵەبانی نەیتوانیووە بچوکترین ئاستەنگ بخاتە بەردەم موبادرە بەردەوامەکانی مام جەلال و هەمیشە ئەو لەپێناو سەرخستنی پرسە گشتیەکاندا، گۆچانەکەی لەهاوڕێ سەرکردە حزبیەکانی خۆی راوەشاندووە و لەجیگایەکدا وەستاندوونی، کەخۆی ویستویەتی لەپێناو کوردایەتیدا بەدەر لەویستی ئەوان بۆی بڕوات.
لێردەدا گرفتی بارزانی کاتێک زەقتر دەبێتەوە کەبێ تاڵەبانی و بێ هاوتایەکی سیاسی و نیشتیمانی لەهەرێمەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە و قەدەریەتی سەرکردایەتی قۆناغێک بکات، کەڕەنگە سەخترین و چارەنوسسازترین و گرنگترین قۆناغی ناو تەمەنی بارزانی خۆی و ناو میژووی دوور و نزیکی گەلەکەی بێت. قۆناغێک، کەقۆناغی بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنوسین و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەکەیەتی و لەبەرامبەرئەوەشدا لەهەرکات زیاتر پارتەکەی بەدەر لەبەرپرسیارێتی و ناوبانگی بارزانی پێ لەسەر بەرژەوەندیە حزبیە ئەبستراکتەکانی خۆی دادەگرێت و گرام بەگرام بەشوێن دەسکەوتە بچووکەکانیەوەیەتی .
ئەم تابلۆیە کاتێک زیاتر بەرجەستە دەبێت، کەبارزانی وەکوو ڕیبەری دیفاکتۆ سەرکردایەتی دیسکۆڕسی یەکڕیزی کوردی دەکات و بەهێزیکی زۆرەوە تێدەکۆشیت کەلەسەر دەستی خۆی و لەزەمەنی ڕیبەرایەتیکردنی خۆیدا، دەوڵەتی کوردی دروست بکات و دەخوازێت ڕەشماڵێک هەڵبدات کەهەموان بێنە ژێر سایە و سیبەریدا. کەچی لەولاوە، پارتی، کەحزبەکەی خۆیەتی پێجەوانە هەنگاو دەهاوێژێت و ئامادە نیە بەگویرەی قۆناغە نوییەکە ڕەفتار بکات و بەلەبەرچاوگرتنی ئیستیحقاقاتەکانی هەڵبژاردن، هەولێر وەکوو پایتەخێکی کوردی هاوبەش، لەودیوی بەرژەوەندیەکانی پارتایەتی تەسکەوە بەڕیوەبەرێت!
بارزانی گرنگە گۆچانەکەی تاڵەبانی بۆ ساتێکی مێژوویی بخوازێت و چوون تاڵەبانی ئەو گۆچانە لەپارتەکەی خۆی و سەرکردە لۆکاڵیەکانی پارتەکەی راوەشێنێت و جڵەوی بەرژەوەندیە بچووکەکانی پارتەکەی لەبەرامبەر بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمەکەی خۆی بگرێت و ڕیگە نەدات لەهەولێرەوە شەرعیەتی سەرۆکایەتی خۆی لەکەرکوک و سلیمانی وهەڵەبجەدا کەم بکاتەوە. شەرعیەتێک، کەبۆ کورد پێویستە بارزانی هەیبێت. شەرعیەتێک، کەگرنگە بارزانی دەرفەتی ئەوەی هەبێت تیایدا، هەموو سەرکردە کوردەکان بێ جیاوازی بخاتە ژێر چەتری سەرۆکایەتی خۆیەوە بەسەرکردەی هێزە ئیسلامیەکانیشەوە، نەک وەک ئەوەی لەهاتنی جۆن کێریدا ڕوویدا. شەرعیەتێک کەهێزە کوردیەکان لەهەرجیگایەکدا بێت جائەو جێگایە هەولیر بێت یان کەرکوک دهۆک بێت یان سلیمانی و هەڵەبجە خەڵکی هەموو ئەو جێگایانە هەست بەبەرپرسیارێتی بارزانی و ڕەوایەتی دەسەڵاتەکانی بکەن.
لەم پێناوەدا گرنگە بارزانی وەکوو سەرۆک و مەرجەعێکی کوردی باڵا بەر لەهەر شتێک،بەرژەوەندی و بیرکردنەوە ڕیگریەکانی پارتەکەی خۆی لەهەولێرەوە لەبەردەم جوڵە نەتەوایەتیەکانی لابەرێت!