01/07/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
رەمەزان لە سێ گۆشەی ( گیان،و،لاشە،و، ژیانی کۆمەڵایەتییەوە )
داخۆ ڕازو نهێنی ئەم ژیانە لە چیدا بێت، ژیان ئەگەر تەنها وەك شریتێكی سادەو ئاسایی بێتو ڕۆژانو مانگانو ساڵان بەبێ بۆنەو بەسەرهاتو گۆڕانكاریەكان بێنو بچن، ئەوا هیچ چێژو بەهاو بایەخێكی ئەوتۆیان نەدەبوو، ئەمڕۆش وەك جاران، وەك ساڵانی پێشوو مانگی ڕەمەزانی پیرۆز هاتو لەخەوی بێئاگایی، بێداری كردینەوەو ڕۆژانی سادەو تەقلیدی جموجووڵو هەڵسوكەوتمانی بەبارێكی بەهێزتری مرۆییدا گۆڕیو نرخێكی گرانبەهای تری بەژیانی دنیامان بەخشیەوە.
جا ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان لەگەڵ ئەوەدا فەرزێكەو خودا لەسەر بەندە باوەڕدارەكانی خۆی داناوە، لەهەمانكاتدا چەندین سوودی گرنگو هەمەچەشنەی لەچەند لایەكەوە تێدایە.
(لایەنە سوودبەخشەكانی ڕۆژوو)
یەكەم: لەلایەنی گیانی (ڕۆحی)یەوە:
لەم لایەنەوە چەند سوودێكی گرنگ لە ڕۆژووگرتندا هەیە، وەك:
1.گوێڕایەڵی كردنی خودای گەورە، چونكە ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان لەسەر گشت موسڵمانێك فەرزە بەنێرو مێ، بۆیەش بەجێهێنانی ئەمە فەرزە بەجێگەیاندنی فەرمانی خودای پەروەردگارە، دیارە نەفسی ئینسانیش بەسروشتو فیترەتی خۆی ئارامو ئاسوودەیە لەو فەرمانەدا.
2.هەستكردن بەسەركەوتنو هێزی خواستی مرۆییو بەزاندنی ئارەزووە سروشتییەكانی ناخی مرۆڤ بە ورەو ئیرادەی بەرزو پۆڵاینەوە، ئەمە مرۆڤ والێدەكات كە بەردەوام خۆی ڕابهێنێت لەسەر ترسان لە خودا لە هەردو ساتی ئاشكراو نهێنیدا، واتە چ لەنێو خەڵكیدا بێت یان بەتەنها بێت، چونكە بەڕاستی مرۆڤ جگە لە خودا هیچ چاودێرێكی دیكەی لەسەر نییە لەكاتێكدا كە دەسبەرداری هەواو ئارەزووەكانی بووە، یان ملكەچیان دەبێت، دەبینیت هاوسەرێكی شۆخو شەنگی هەیەو بەڵام مادام لەڕۆژانی ڕۆژوودا ڕێی لێگیراوە كە نزیكی بێتەوە، ملكەچی فەرمانی خودای خۆی دەبێتو بەسەر خۆیدا زاڵ دەبێت، یان ئەو هەموو جۆرە خۆراكە خۆشو بەتامانە لەمیوەو سەوزەو گۆشتو جۆرەكانی چێشتو شلەمەنیەكان هەیەو هەتا كاتی ئێوارە دەمیان بۆ نابات. بەمەش هەموو چەمكو مانا مرۆڤایەتیەكانی بۆ دەگەڕێتەوە.
3.وێڕای شكاندنی نووكی تیژی شەهوەتو ئارەزوو، لەهەمانكاتدا فێری دەستگیرۆیی هەژارانو بەخشندەییو میهرەبانیش دەبێت، لەساتەكانی برسێتیو تینوێتیو گەرمابوونیدا ئاگاداری بارودۆخی هەژرار دەبێتو دەوڵەمەندیو داراییو وەك چەند سیفەتێكی ئاژەڵانە پیادە ناكات، بەمە ماڵو سامانەكەشی ڕەنگە جۆرە یەكسانیو دادپەروەرییەك لە هەندێك لایەنی گوزەرانی نێوان دەوڵەمەندو هەژاردا پەیدا دەبێت.
4.شادمانی لایەنی ڕۆحیەكەی بەبوونی گەنجینەیەكی پاشەكەوت كراوی لە ڕۆژی دواییدا لە ڕۆژێكدا كە ماڵو سامانو كوڕو نەوەو كەسوكار هیچ سوودێكیان بۆ مرۆڤ نابێت تەنها دڵێكی ساغو سەلیمەو تەندروستی خواویست نەبێت (یوم لا ینفع مال ولا بنون الا من أتی الله بقلب سلیم)دیارە ئەم گەنجینە پاشەكەوت كراوەش ڕۆژوی ڕۆژانی ماوە درێژو پلەی بەرزی گەرماو پاشان خوێندنی قورئانی پیرۆز وردبونەوە لەماناو ئاماژەكانیو كاركردن بە ڕێنماییو یاساكانیو شەوانیش بەسەر ببات بەشەونوێژو نزاو پاڕانەوەو چەند سەعاتێكی كەمیش پشوو لە چاوەڕێ كردنی پارشێودا بەڕاستی دەرفەتێكی زێڕینە كە خودا بۆمانی ڕەخساندووە تاكو بەو هەموو خێرو بەرەكەتی بەندایەتییانە بەهرەمەند بین.
5.تەواوكردنی بەخششەكانی ڕەفتارو خووڕەوشتی (مكارم الاخلاق) چونكە ڕۆژوو بەبێ هیچ گومانێك ڕێگا لەبەدكرداریو كاری ناپەسەند دەگرێت، مرۆڤی ڕۆژوەوانیش هەمیشە ڕێزی لێگیراوەو خەڵكو خوداش بەچاوی ڕێزو شكۆوە بۆی دەڕوانن.
6.یەكخستنی ڕیزەكانی موسڵمانان و باوەڕدارانی سەرانسەری دنیا، چونكە هەموو پێكەوە بەڕۆژوو دەبنو پێكەوە جەژن دەكەن، خەڵكی یەك شارو ناوچەش پێكەوە پارشێوو دەكەنو هەر پێكەوەش لەكاتی بانگی ئێوارەدا بەربانگ دەكەنەوە، بەڕاستی سیمای یەكڕیزیو وەحدەتی بەندایەتیو هەڵسوكەوتی بەرزی مرۆیی تەنها لەم نەتەوە ئیسلامییەدا ڕەنگ دەداتەوەو سەرجەم سنورە سیاسییە دەسكردەكانو كۆتو پێوەندە دنیاییەكانیش دەبەزێنێت.
دووەم: لەلایەنی كۆمەڵایەتیەوە
1.بەدیهاتنی جۆرە ئاستێكی یەكسانی لەنێوان چینو توێژەكانی خەڵكی باوەڕداردا، لە نێوان كاربەدەستو كارمەنداندا، لە نێوان فەرماندەو فەرمانبەراندا، لە نێوان لێپرسراوی كارپێسپێراوەكاندا، لە نێوان هەژارو دەوڵەمەنداندا.
2.هەستكردن بەتاڵیو ناڕەحەتیەكانی تینوێتیو برسیتیو كاردانەوەكانی پلەكانی گەرماش لەسەرجەستەی هەندێك لە مرۆڤە دەوڵەمەندو زەبەللاحەكان دەبێتە هۆی نەرم بوونی دڵو دەرونیان لە ئاست هەژارانو مەحرومانو ستەم لێكراواندا كە دیارە تەنها ئەم ئالیەتی ڕۆژووگرتنە بەو ڕادە عەمەلیە كاریگەرە خەڵكانی دەوڵەمەندو دەسڕۆیشتوو خاوەن سامانی كەڵەكراو تێ گەێنێت كە دڵنیابن ئەو هەموو سامانو پارەو ماڵانە تەنها مافی خۆتانی تێدا نییە، جا بۆیە ژمارەیەكی دیارو بەرچاویان هەستی مرۆڤایەتیان دەجووڵێت و یژدانیشیان ئازاریان دەدات كەتا ئەو كاتە لە پرخەی خەوی بێ ئاگاییدا بوونو دەبێت بێدارو هۆشیار ببنەوەو عەدالەتی كۆمەڵایەتی پیادە بكەن.
3.لەئاكامی خێرو سەدەقەوە(كە ئەركێكە لەسەر ڕۆژوەوانە دەوڵەمەندەكان)كەشو هەوایەكی خۆشەویستیو ڕێزی بەرامبەرو سۆزو بەزەیی دێتە ئاراوە كە بەهیچ یاسایەكی دەسكردی زەمینی پەیدا نابێت، ئیدی موسڵمانی دەوڵەمەند سەرجەم موسڵمانانی تری خۆش دەوێتو بەیادی دەێنەوە، هەژارانیش دووعاو نزای چاكەیان لەلای خودا بۆ دەكەنو ئەوانیش خێروبەرەكەتی زیاتر دەكەوێتە ماڵو سامانو تەمەنیشیانەوە.
4.دیارترین سوودی لایەنی كۆمەڵایەتی لە ڕۆژوودا، پاكژكردنەوەی كۆمەڵگەیە لە هەر خراپەكاریو بەدڕەفتاریەك كە بەدرێژایی ئەم مانگە مرۆڤەكان سازو ئامادە دەكات بۆ چاك بوونو هەڵسوكەوتی جوان لەسەرجەم مانگەكانی داهاتووشدا بێگومان ئەگەر هەژاران پێداویستی بەئامادەییو سەرەكیەكانیان لە خۆراكو پۆشاكو ئاتاجە جەستیەیەكان بۆ دابین بكرێت ئەوا خەڵكانێكی بەدكار هەموو ڕێگایەكی بەدكاریو تاوانكاری لێدەگیرێت پاساوو بەهانەشی بۆ كارە نالەبارەكان نامێنێت.
5.سوودێكی دیكەی كۆمەڵایەتی لەم مانگەدا بەهێزبوونی بانگەوازی چاكەیەو ڕەخساندنی هەلێكی زێرینیشە بۆ داواكردن لەوكەسانەی كە پابەندیان بە ئاینەكەیانەوە لاوازە، بەهێزتری بكەنەوە، چونكە ماوەیەكی باش دێتەكایەوە بۆ ئەوانەی كە خۆیان بەچاكەخوازو بانگەوازكار دەزانن تاكو لەنزیكەوە كەسوكارو دراوسێو ڕۆڵەكانی گەلەكەیان بانگهێشت بكەن بۆ چاكەخوازیو دینداریو فێركردنی بنەمانی باوەڕداریو ڕەسمە ئاینییەكان.
سێیەم/ لەلایەنی جەستەییەوە:
لەم لایەنەشەوە مرۆڤ لە ڕۆژوودا چەندین سوودی پێدەگات، وەك؟
1.باری گشتی تەندروستی جەستە: لەم بارەیەوە تەنها ئەو فەرموودەیە بەسە كە(أصحاب الحدیپ)لە پێغەمبەرەوە(ص)گێڕاویانەتەوە كە فەرموویەتی(صوموا تصحوا)واتە (بەڕۆژوو بن، لەش ساغ دەبن) لە (أپریشدا ئەم فەرموودە هاتووە (المعدە بیت الداو، والحمیە راس الدواو) واتە:(گەدە خانەی دەردەكانەو، خۆپاراستنیش پێشەنگی درەمانەكانە).
2.نەهێشتنی نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەرس: ئەمڕۆ لە زانستی پزیشكیو نوژداریدا سەلمێنراوە كەوا ڕۆژووگرتن چارەسەرێكە بۆ زۆربەی نەخۆشیەكاین كۆئەندامی هەرس، وەك ئاوسانی گەدەو جگەرو لووەكان، هەروەها بۆ پوختەكردنی كارەكانی جگەر لەپاشماوە خۆراكیەكانو لە مانەوەی ماددە شەكرییەكان.
3.ڕێگرتن لەو ئازارو نەخۆشیانەی كە لە ئاكامی قەڵەوییەوە پەیدا دەبن، بێ گومان قەڵەویش نەخۆشییەكەو لەزۆر خۆریەوە سەرهەڵدەدات، زۆرخۆریو زیادەڕەویش لە خۆراكو خواردنەوەدا بەپێی ڕێنما شەرعییەكانو بەزانستی پزیشكی ئەمڕۆش قەدەغەكراوە، پێغەمبەریش(ص) گەدەی مرۆڤە بۆ سێ بەش پۆلێن كردووە،بەشێك بۆ خواردن، بەشێك بۆ خورادنەوە، بەشێك بۆ هەناسەدان، چارەسەری زۆربەی هەرە زۆری نەخۆشییەكانی قەڵەویش ڕۆژوو گرتنەو، پاشان ڕێجیم كردنە لەمانگەكانی دوای ڕەمەزاندا، مەگەر نەخۆشیەكی قەڵەوی تایبەتی وەها نەبێت كە لەئاكامی تێكچوونێكی هۆرمۆنیەوە پەیدا ببێت، لەو نەخۆشیانەی قەڵەویش كە زانستی پزیشكی ساغو ڕوونیكردنەتەوە لەمەڕ ئەوەی كەوا ڕۆژوو كاریگەریو ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەسەركردنیان هەیە، وەك:
أ.پاڵەپەستۆی خوێن تەنها بەهۆی ناتەواویەكی ناو دوو گورچیلەوە نەبێت.
ب.نەخۆشی شەكرە.
ج.زۆربوونی ڕێژەی چەوریو ماددە چەوریەكان لەخوێندا.
د.نەخۆشییەكانی دڵ بەتایبەتی حاڵەتەكانی (جەڵتە).
هـ.نەخۆشییەكانی بۆگەن بوونی گەدەو بۆنە ناخۆشیەكانی تری.
5.ڕێكخستنی ڕژێنە هۆرمۆنییە جنسیەكانی، ئەو ڕاستیەش كە ئەمڕۆ زانستی پزیشكی دەیسەلمێنێت هەر ئەوەیە كەوا پێغەمبەری خودا (ص) پێش هەزارو چوارسەد ساڵ لەمەوبەر سەلماندوویەتیو لاوانی ڕاسپاردووە بەوەی گەرتوانای داراییو جەستەییان هەبێت، ئەوا هاوسەرگیری بكەن، ئەگەر ماوەو تواناشیان نەبوو ئەوا با بەڕۆژووبن چونكە ڕۆژوو نووكی تیژی ئارەزووەكان دەشكێنێت.
وێڕای چەندەها سوودو كەڵكی زانراوو نەزانراوی دی كەلێرەدا بوارو ماوەم نەبوو ئەم بابەتەی پێ تەواوكەم، بەڵام تەنها هێندە بە خوێنەران هاوڕێیانم دەڵێم كە بەڕاستیو بەڕوونی وەك لای هەموان ئاشكرایە جەستەو تەندروستی مرۆڤ و سەرجەم ئەندامەكانی لاشەمان ئەمانەنو سپاردەی خودان لەئەستۆماندا دەبا ئەم ئەمانەتە بەنرخو گرانبەهایانە بپارێزین تا ئەوڕۆژەی بەدیداری خودا دەگەینەوە، دیارە دەرفەتی ڕەمەزانیش هەر ئەمانەتەو لەئەستۆماندایەو خودا هەموان لەم تاقیكردنەوە گەورەیەداشادو سةركةوتوو بكات .