30/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
قەیرانی عیراقو ئاسۆكانی چارەسەر
ستراتیجی ئەمریكا بەرامبەر بەقەیرانی عیراق هێشتا لێڵە، بەڵام ئەمریكییەكان خەریكن لەبەرچاوڕوونی نزیك دەبنەوە بەبێ ئەوەی مەسەلەكە بگاتە ئاستی ستراتیجێكی سەرتاپاگیر. بیرۆكەی زال بەسەر بیركردنەوەی ئەمریكادا ئەوەیە كە سەركەوتنو پەلهاویشتنی داعش مایەی هەڕەشەیەكی ترسناكە بۆ سهر سەقامگیریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو بەرژەوەندییەكانی خۆرئاوا. ئەمە بەم واتایە دێ كە هیچ دەرفەتێك بۆ گەیشتن بەڕیگەچارەیەكی مامناوەنجی سەبارەت بەمەسەلەی داعش نییە.
شێوەی بیركردنەوەی ئەمریكییانە پەیوەندییەك لەنێوان قەیرانی عیراقو قەیرانی سوریادا دیاری دەكا، بەڵام نەك هەمان پێودانگی شێوەی بیركردنەوەی توركیو سعودی كە پشتگیریی رووخاندنی هەردوو رژێم دەكەن. ئەمریكییەكان لەو بڕوایەدان كە قەیرانی سوریا رۆڵێكی دیاری لەپەرەپێدانی تواناكانی داعشدا هەبووە، بەتایبەتی كە داعش سوودی لەسنووری كراوەی نێوان سوریاو عیراق وەرگرتووە. بۆیە لەم قۆناغە هەستیارەدا كۆدەنگییەكی رانەگەیەندراو لەسەر لەناوبردنی داعش لەنێوان بەغداو دیمەشقو واشنتۆنو ئۆپۆزسیۆنی سوریا هەیەو لەچوارچێوەی ئەم كۆدەنگییە رانەگەیەندراوەدا فڕۆكەكانی سوریا بنكەكانی داعشیان لەناو خاكی عیراق بۆردومان كردو سوپای ئازادی سوریا شارۆچكەی ئەلبوكەمالی بەشەڕ لەداعش سەندەوە.
مەترسییەكە تەنها لەوەدا نییە كە ئەگەر داعش دەستی بەسەر بەغدادا یاخود لانیكەم دەست بەسەر ناوچە سونییەكانی عیراقدا بگرێ، ئەفغانستانێكی تر لەناوچەكەدا پەیدا دەبێ، بەڵكو لەوەدایە كە سەركەوتنی داعش دەرفەتێكی زۆرتر بۆ شپرزەكردنی ناوچەكە دەڕەخسێنێتو لەم چوارچێوەیەشدا زنجیریەك هەرەسو پشێوی، یەك لەدوای یەك، ناوچەكە دەتەنێتەوە. بەم پێیە، پاش هەرەسی عیراق، سوریا هەرەس دێنێو دەشێ شەڕی ناوخۆ لوبنان بتەنێتەوەو ئەگەر زۆرە گەردەلولەكە رژێمی ئوردون لەناو بباو كاریگەرییەكان بگەنە لای فەلەستینیەكان.
بەرامبەر بەم سیناریۆ نیگەران كەرە، واشنتۆن دەیەوێ بەهاوكاریی هەر یەك لەئێرانو سعودیەو داعش ببەزێنێ. لەسەر ئاستی ناوخۆ، واشنتۆن لەم هەلومەرجەی ئێستادا ئامادەیی زۆرتری بۆ دەستێوەردانی سوپایی تێدایە بەڵام هێشتا ئەندازەی دەستێوەردانەكەی دیاری نەكردووە. لەهەمان كاتدا ئەمریكییەكان لەرێگای كەناڵە تایبەتەكانەوە دەستیان بە دروست كردنی رایەڵە خێڵە سوننەكاندا كردووە بۆ زیندووكردنەوەی ئەزمونی ساڵی 2007 ی پێكهێنانی سەحوە لە دژی رێكخراوی قاعیدە. لەهەمان كاتدا دژی پێكهێنانی میلیشیای شیعی و توركمانی نەوەستاونەتەوە. واشنتۆن دژی ئەوە نییە ئێران پشتیوانی لەبەغدا بكاو سعودیە پشتیوانی لەسوننە بكا. دەشزانێ پشتیوانی ئێران لەبەغدا جیاوازیی زۆرە لەپشتیوانیی لەدیمەشق، پێشی خۆشە تاران بچێتە سەر ئەو باوەڕەی پاش 10ی حوزەیران پێویستی بەسەركردەیەكی پەسندكراوترەو لەهەمان كاتدا دەیەوێ سوود لەدۆستایەتی سعودیە لەگەڵ سوننەكاندا وەرگرێ بۆ لێك جیاكردنەوەی فایلی داعشو سوننەكان.
سوننەكان جگە لەهەندێ گۆڕانكاریی لەبەغداوە، ئومێد لەسەر ئهوه هەڵدەچنن كە هێزەكانی ئەمجارەی سەحوەكانیان پاش قەیرانەكە هەڵنەوەشێنرێتەوەو تێكهەڵكیشی سیستمی ئەمنیی دەوڵەت بكرێنو دەرفەتێكی راستەقینەیان بۆ بڕەخسێنرێ بۆ یەكلاییكردنەوەی فایلی دروستكردنی هەرێمێك یان چەند هەرێمێكی سوننه.
ئەگەرچی پێناچێ حكومەتی پاش قەیرانەكە بتوانێ دژی ئەم خواستانە بوەستیتەوە، بەڵام ئەو رەوشەی پاش قەیرانەكە لەعیراق دێتە دی، رەوشێكی نائاسایی دەبێ، چونكە هەریەكێ لەدوو تایفە سەرەكییەكە هێزە نیمچە عەسكەرییەكانیان لەچوارچێوەی سیستمی ئەمنیی دەوڵەتدا دەهێڵنەوە. سەرەڕای نائاسایی بونی ئەمە رەوشە، رەنگە ئەم تاكتیكە چانسێكی باشتر و گونجاوتر بۆ پاراستنی ئاشتی برەخسێنێ.
سەرەتای دەستپێكی ئەم سیناریۆیە بە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەست پێدەكا چونكە ئەو كۆبونەوەیە دەرگاكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بەكراوەیی دەهێڵێتەوە.