كۆسره‌ت ره‌سول: هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر گۆران
02/07/2013 نوسەر: bzavpress

كۆسره‌ت ره‌سول: هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر گۆران



لە روونكردنەوەیەكی نوسینەگەی ڕۆژنامەوانی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایدەگەیەنێت: "چیتر یاری بەئاگرێك نەكەن كە نەك تەنها پەنجەكانیان دەسوتێنێت، بەڵكو گڕ لە خەرمانی درۆو بوختان‌و چەواشەكاریەكانیشیان بەردەدات".

دەقی رونكردنەوەكە:

ڕوونكردنەوەیەك لە نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتممانیی كوردستان-ەوە
چەند رۆژێكە راگەیاندنە  چەواشەكارەكەی گۆڕان‌و نەوشیروان مستەفا، هێرشێكی دووژمن كارانەی بەرامبەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گشتی‌و هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی‌و چەند هەڤاڵێكی تری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەست پێكردووە.

ئێمە وەك هەمیشە لەسۆنگەی دان بەخۆداگرتن‌و لەبەر چاوگرتنی بارودۆخە هەستیارەكەی هەرێمی كوردستان‌و پەرۆشیمان بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، دانمان بە خۆماندا گرتووە، هەرچەندە دەمێكە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی كە گۆڕان‌و سەركردەو سەرۆكە داخ لە دڵەكەیان تەنهاو تەنها زمانی زبرو برینداركردن‌و درۆو بوختان‌و چەواشەكاری شك دەبەن، چونكە كاتێك ئێمە هەنگاوێك لەوان دەچینە پێشەوە،  ئەوان دوو هەنگاو پاشەكشە دەكەن‌و باوەڕیان بە گفتوگۆو دانوستان‌و گۆڕینەوەی بیروڕاو پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو دیموكراسیانە نیە، بەڵكو تەنها ئامانجیان بەدەستهێنانی دەسكەوتی تەسكی حزبی‌و سیاسییە لەڕێی تۆمەتباركردن‌و هەوڵدان بۆ لەكەداركردنی خەڵك، بەتایبەتی خەونی نەزۆكیان قووتدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و لەكەداركردنی سەركردەو رەمزە تێكۆشەرو رابردوو پرشنگدارەكانیەتی.

جەماوەری هۆشیارو بە ئاگای خەڵكی كوردستان..
سەرەڕای ئەوەی كە ئێمە دەزانین بۆچی راگەیاندنی گۆڕان هێرشەكانی بۆ سەر خودی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی چڕكردووەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی سنورێك بۆ درۆكانیان دابنێین‌و ئاگاداریشیان بكەینەوە كە چیتر یاری بەئاگرێك نەكەن كە نەك تەنها پەنجەكانیان دەسوتێنێت، بەڵكو گڕ لە خەرمانی درۆو بوختان‌و چەواشەكاریەكانیشیان بەردەدات، بۆیە ناچارین چەند خاڵێك بخەینەڕوو:

1- راگەیاندنی گۆڕان بە دەسیسەی نەوشیروان مستەفا دەڵێت گوایە (كاتێك كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا وتوویەتی دەستور دەگێرینەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، بەهەڵە ئەو رستەیەی ووتوە).
ئێمەش بۆ مێژوو دەڵێین: ئەگەر هیچ كەسێك ئەو راستیە نەزانێت كە هەڤاڵ كۆسرەت ڕەسوڵ لە ژیانیدا هەرچیەكی وتبێت بە كردەوەش جێبەجێی كردوە، ئەوا نەوشیروان مستەفا لە هەموو كەس زیاتر هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ ئەناسێت، لەوبارەیەوە پێویست بەقسەو روونكردنەوەی  زیاتر ناكات.
كۆسرەت رەسول لە 2013/6/1، بەڵێنی گەڕانەوەی دەستوری بۆ پەرلەمانی كوردستان داو لە 2013/6/30، خاڵی دووەمی رێككەوتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ پارتیدا گەڕانەوەی دەستورە بۆ پەرلەمان‌و هەمواركردنەوەی، ئەوەش لە رێگەی سازانێكی نیشتمانیەوە كە حزب‌و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن-یشی تێدابێت بە گۆڕانیشەوە.
كۆسرەت رەسوڵ لە چەندین بۆنەی سیاسی‌و چاوپێكەوتنی كەناڵەكانی راگەیاندندا جەختی لەسەر دروستكردن‌و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان كردووەتەوە، كە دەستور بنەمای دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەو پێویستیشە سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بەشداری لە داڕشتنەكەیدا بكەن.

2- درۆیەكی گەورەی تری كەناڵەكانی گۆڕان ئەوەیە گوایە كەسە نزیكەكانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پلەو پایەی بەرزیان پێدەدرێت، بەڵام هەروەك كورد دەڵێت پەتی درۆ كورتە، بۆیە ئەگەر ئەوان بۆ یەك جاریش راستگۆبن لەگەڵ خۆیان‌و جەماوەرەكەیاندا، با ناوی ئەو كەسە نزیكانەی (كۆسرەت رەسول) مان لە كەناڵەكانی خۆیان‌و كەناڵە سێبەرەكانیانەوە بڵاوبكەنەوە تا كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بیان ناسن.

3- گوایە هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی لە پێناو مانەوەی خۆی لە (پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و وەرگرتنی بودجەی زیاتر ئەو رێككەوتن نامەیەی ئیمزا كردوە).

 سەبارەت بەم تۆمەتە بێ بنەمایەش پێمان خۆشە ئەوان‌و دەزگای چاودێری دارایی‌و دەزگا پەیوەندیدارەكانی تریش  بەدواداچوون بكەن دەربارەی:
1-    سەرچاوەی دارایی كۆسرەت رەسول عەلی
2-    بودجەی تەرخانكراوی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەردەستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و  چۆنیەتی خەرجكردنی.


هەروەك هەمان داوامان لە لیژنەی بەداواداچوون‌و چاودێری هەیە كە بودجەی چوار ساڵی رابردووی (كۆمپانیای بەناو گۆڕان) بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكەن، ئەوكاتە كەسانی گەندەڵ‌و شێوازەكانی گەندەڵكاری دەردەكەون، با كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش داوەری  سزادانی گەندەڵكاران بن.

كۆمەڵانی خۆشەویستی خەڵكی كوردستان..
لێرەدا دەمانەوێت ئەو راستیەتان بۆ دووپات بكەینەوە كە هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی چۆن لە رابردوودا ئەو پێشمەرگە خاكیە بووە كە بەخەبات‌و تێكۆشان‌و قوربانیدان‌و شەهیدەكانی، لەناو گەلەكەیدا سەربەرز بووە، لەمەودواش لەخانەوادەی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و كیمیاباران‌و دلسۆزانی گەل‌و نەتەوەكەی زیاتر قەرزاری هیچ كەسێك نییە.

بۆیە لەكۆتاییدا دەڵێین: با سەرانی گۆڕانیش لەوە زیاتر تۆمەت‌و درۆو هەواڵی هەڵبەستراو نەدەنە پاڵ هەڤاڵ كۆسرەت رەسول‌و هەڤاڵانی، چونكە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناچار دەبێت وەڵامی پڕ بەپێست‌و شایستە بەخۆیان بداتەوە.