ئایا ئەمە دوو ئیدارەیى نابێت لە بەرگێکى تردا؟
23/06/2014 نوسەر: bzavpress

ئایا ئەمە دوو ئیدارەیى نابێت لە بەرگێکى تردا؟


ئەندامانى پارتى لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، بە بێ ئامادەبونى ئەندامانى یەکێتى، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، ئەمڕۆ هەرسێ پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا و پارێزگار و جێگرى پارێزگاریان بۆ پارتى یەکلایى کردەوە، پێشتریش هەمان پرۆسە لە ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆک بەڕێوە چوو. 
جارێ بە تەواوى روون نیە ئایا ئەمە دوا بڕیارى پارتیە یان تاکتیکێکى کاتى و گوشار و پەیامە بۆ سەر چوار لایەنەکەى دی؟ دەشێت پارتى بەم هەنگاوەى بییەوێت لەم کات و ساتەدا (کە قۆناغى گفتوگۆیە لە سەر پێکهێنانى حکومەتە خۆجێیەکان) بە چوار لایەنەکە بڵێت نابێت لە هەولێر و دهۆک داواى بەشى زۆر یان پۆستى کاریگەر بکەن، چونکە پارتى بە بێ ئێوەش دەتوانێت حکومەتە خۆجێیەکانى دهۆک و هەولێر دروست بکات و بەڕێوەیان ببات. 
یان پێیان بڵێیت ئەگەر بەشداریشتان پێبکەین نابێت لە داهاتودا لە بەڕەى خۆتان زیاتر پێ رابکێشن، چونکە ئەگەر لە پرس و هەڵوێستێکیشدا بایکۆت بکەن یان تەنانەت حکومەتە خۆجێیەکانى دهۆک و هەولێر بە گوشارو کشانەوەى ئێوە هەڵەوەشێتەوە ئەوا دیسانەوە پارتى بایى ئەوە دەنگ و سەنگى هەیە دروستیان بکاتەوەو لە سەر ئێوە کارى خۆى پەک نەخات.
بەڵام پارتى لە زارى نەوزاد هادیەوە کە ئەمڕۆ بۆ پارێزگارى هەولێر هەڵبژێردرایەوە دەڵێت"ئێمە وەک لیستى پارتى لە ئەنجومەنى پارێزگا بە مافى خۆمان زانیەوە کە ئەو سێ پۆستە بۆ ئێمە بێت.."پاساویشیان بۆ ئەم هەنگاوەیان هەیە، کە وەک نەوزاد هادى دەڵێت"ئەو سێ پۆستە پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە و کارەکان باشتر جێبەجێدەکرێن...، ئەگەر لایەنى ترى تێدا بێت کارەکان باش ناڕۆنە پێشەوە" واتە ئامانجى پارتى دروستکردنى تێمێکى یەکڕەنگ و یەک بەرنامەى کۆنکریتیە لە پارتى بۆ ئەوەى لە داهاتودا کارەکانیان بە بێ کاریگەرى بۆچونى لایەنەکانى دیکە بەڕێوە بچێت.
ئەگەر پارتى بڕیارى کۆتایى دابێت، کەواتە هێشتا و بۆ چوار ساڵى داهاتوش هەولێرو دهۆک بە ماف و بەشى خۆى دەزانێ و لە دەرەوەى هاوکێشە گەوەرکەوە دایناوە، کە عێراق و هەرێم و حکومەتى پارێزگاکان لە خۆ دەگرێت.
واتە پارتى سازانى تا ئەو کاتە دەوێت کە تەنها شەریکى بەشى لایەنەکانى تربێت و بەشەکەى خۆى پارێزراوبێت، وەک کورد دەڵێت بەشەکەى خۆم بۆ خۆم لە بەشەکەى تۆش دەخۆم.
ئەم هەنگاوەى پارتى لاى چوار لایەنەکەى دیکە دەبێت جێگەى بایەخ و دراسەکردن بێت و ناکرێت بە ئاسایى بە سەریاندا تێپەرێت.
چونکە بە پێى یاساى ژمارە (3) ى ساڵى 2009 یاساى پارێزگاکانى هەرێم، کە تا رادەیەک یەکێکە لە یاسا باشەکان، ئەنجومەنى پارێزگاو پارێزگار پێکەوە حکومەتە خۆجێیەیەکان پێک دەهێنن و دەسەڵاتى بڕیاردان و بەڕێوەبردنیان هەیە و، لە دانانى فەرمانبەران تا پلەى بەڕێوەبەرە گشتیەکان و زۆرینەى خزمەتگوزاریى و بڕیارە ئەمنیەکان، تەنانەت بەشێکى گەورەى بودجەى پارێزگاکان راستەوخۆ لە ژێر کۆنترۆڵى حکومەتە خۆجێیەکانە (کە ئەمانە خاڵى زۆر ئیجابین لە پەیڕوکردنى سیتمى لامەرکەزى پارێزگاکاندا ، ئەگەر بۆ مەبەستى خراپ کەڵکیان لێ وەرنەگیرێت)، لە هەمان کاتدا بە پێى هەردوو یاساى پارێزگاکان و یاساى وەزارەتى ناوخۆ بە زۆرى پەیوەندیەکانى حکومەتە خۆجێیەکان لە گەڵ حکومەتى هەرێمدا لە رێگەى وەزاتى ناوخۆوە دەبێت، بەو پێیەى پارێزگار لە روى کارگێڕییەوە بە وەزارەتى ناوخۆوە دەبەسترێتەوە، کە دیسانەوە ئەم وەزارەتەش لاى پارتیە.
بە لە بەرچاوگرتنى ئەو دەقە قانونیانەو ئەزمونى ساڵانى دوو ئیدارەیى جێگاى خۆیەتى وەک چۆن لە ئێستادا پارتى پاساوى هەیە بۆ بڕیارە یەکلایەنەکانى لە هەولێرو دهۆک، دەبێت چاوەرێى ئەوەش بکەین لە چوار ساڵى داهاتودا هیچ حسابێک بۆ چوار لایەنەکەى دیکە نەکات لە بەڕێوەبردنى هەردوو پارێزگاى دهۆک و هەولێردا و لایەنەکانى دیکە بە تەواوى پەراوێز بخات و وەک میوان بمێننەوە.
ئەوە بەشێکى مەترسیەکەیە، بەشێکى تریشى ئەوەیە کە حکومەتە خۆجێیەکانى پارتى لە هەولێر و دهۆک بە هاوکارى وەزارەتى ناوخۆ هەماهەنگ نەبن لە گەڵ وەزارەتەکانى دیکە وەک چۆن لە کابینەکانى پێشودا ئەمە دەکراو دەسەڵاتەکانیان بە شێوەیەکى نا ئاسایى سنوردار کرابوو.
هەرچەندە ئەوەى پارتى لە هەولێرو دهۆک کردویەتى کارێکى نا قانونى نیە، بەڵام تەواو جێگەى گومانەو ئەگەر پێداچونەوەى بۆ نەکرێت باوەڕم وایە کاریگەرى نەرێنى لە سەر داهاتو و ئەداى کابینەى هەشتەمیش دائەنێ