ئاشتی هەورامی : دوو كەشتی دیكەی نەوت رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێ
18/06/2014 نوسەر: bzavpress

ئاشتی هەورامی : دوو كەشتی دیكەی نەوت رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێ


ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانەی كۆنفرانسێكدا لە لەندەن رایگەیاند هەرێمی كوردستان رەنگە بتوانێت تا كۆتایی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بەرزبكاتەوە بۆ رۆژانە 400 هەزار بەرمیل.

ئاشتی هەورامی گوتی "تا كۆتایی مانگی داهاتوو رەنگە هەرێمی كوردستان بتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبكاتەوە بۆ دوو هێندەی ئێستا، یان لانیكەم دەتوانێت بەرزی بكاتەوە بۆ رۆژانە 200 هەزار بەرمیل".

وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی نەوت و گازی 2014 ی عێراق لە لەندەن راشیگەیاند، رێژەی هەناردەكاری نەوتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا نزیكەی رۆژانە 125 هەزار بەرمیلەو ئەگەری زۆرە تا كۆتایی ساڵ ئەو رێژەیە بەرزبكەنەوە بۆ رۆژانە 400 هەزار بەرمیل.

ئاشتی هەورامی هەروەها ئاشكرایكرد، كە تا ئێستا دوو كەشتی هەڵگری نەوتی هەرێمی كوردستان فرۆشراوە و "لەم هەفتەیەدا دوو كەشتی دیكە لە نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهان بار دەكرێت بۆ بازاڕەكانی جیهان".