14/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
یەکێتی وسوپای قودس..پرۆسەی بە سوریا کردنی عێراق
زۆرمان لەسەر هاوکێشەکان ودابەشبوونی هێزە گەورەکان و ناوچەییەکان و حیزبەکانی لەمەڕ خۆمان وتوە،ئەوەی کە هەموو مان پێویستە بیزانین هێرشەکانی داعش لە خۆڕا هەڵنەقوڵاوەو لەگەڵ بارانیش نەباریوە،سیناریۆیەکی پێشتر خەت بۆ کێشراوە بۆ ئاڵو گۆڕ لەناوچەکەداو کۆتا کردنی دەستی ئێران ودەسکەلاکانیەتی هەرچەندە ئاسانیش نەبێت،زۆرن ئەوانەی بانگەشە دەکەن کە گوایە داعشی سونە مەزهەب دەسکەلای ئێران و مالکییەو خۆیان لە یاریەکی منداڵانەدا دروستیان کردوون بۆ بە ڕوکەش ڕوخاندنی مالکی و لە فۆرمدا بۆ مانەوەو بونەوە بە سەرۆک وەزیران بۆ خولی سێیەم،جا نازانم لە کوێی دنیادا هێزێکی شیعی دەسەلاتدار کە بەشداری پرۆسەی ڕوخاندنی بەعسیان کردوەو دوژمنایەتیەکی لە مێژینەیان هەیە،ئێستا هەستن هەر لەم دوژمنەی خۆیان کە سونەکانەو دەیان ساڵ چەوساوەی دەستیان بوون هێزگەلێک دروست بکات و بڵێت وەرن بمڕوخێنن،یان ببنە هۆی مانەوەو درێژەی دەسەلاتەکەم،ئەم خوێندنەوەیە جێگای بەزەییە نەک گوێلێگرتن.
ئەسڵی مەسەلە ئەوەیە داعش دەسکاری ئەمریکیەکانەو هەر ئەوەی کە ئۆباما دەڵێت ئێمە پشتیوانی عێراق ناکەین و ئەوە کێشە خۆیانەو خۆیان سازیان کردوە بەسە بۆ ئاشکرا بوونی هەموو سیناریۆکان، بەسە بۆ پرۆسەی بە سوریاکردنی عێراق و دابەش بوونی،چونکە ئێران پشتیوانی لە دۆستەکەی خۆی کە مالکییە دەکات و چۆن ساڵانێکە بەشار ئەسەدی ڕاگرتوە ئاواش دەیەوێت مالکی و شیعەکان ڕابگرێت،وەختێک هێزەکانی وەک سوپای قودس بێنێت بۆ پشتیوانی لە مالکی بەرەی ئەو بەر تورکیاو ئەمریکا بێدەنگ نابن وئەوانیش میکانیزم وهەڵبژاردەی تریان لەبەردەستایەو ڕوسیایش هەروا دانانیشێ بێ پشتیوانی کردن لە ئێران، ئەمەش دەکاتە شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەداو لێرەوە پرۆسەی بە سوریاکردنی عێراق هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە فازێکی ترسناکتر، فتوادان بۆ جیهاد لەلایەن گەورە مەرجەعێکی شیعی وەک سیستانی خۆ بە خۆ فتوای جیهادە دژی سونە کان و دەکاتە شەڕێکی عەقیدەیی،بەینی شیعەکان وسونەکان.
هەر لێرەوە بوو کە سەرەتا پێم وابوو،ئێستاش پێم وایە،کە کورد نابێت قاچی بخاتە ناو ئەم شەڕەوەو تا پێیان دەکرێت دەست بە سنورەکان و فراوانکردنیانەوە بگرن و هەوڵیش بدەن تووشی کەمترین پێکدادان وشەرببن،ئاخرلەو ولاتەداو لەو ناوچەیەدا زیاتر لە بیست وڵات شەڕیانە،بەڵام پارتی لە ڕێگای تورکیاوە لەو پرۆسەیەدا بەشدارەو یەکێتیش کاتی هەلبژاردنەکان ئێران ئاگاداری کرد کە ئەوان پشتیوانیان دەکەن تا لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتووبن،بە سەدان هەزار تەزویرو ڕێکخستنی هەرسێ باڵەکە،قوباد بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت و کوڕی کۆسرەت بۆ وەزیرو بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆک کۆمار بۆ ئەمەش مالکی ڕازی بووە،لەهەقی ئەمانەدا یەکێتی دەبێت لە سەنگەری ئێران و مالکیدا بێت و ئەگەر پێویست بکات شان بەشانی سوپای پاسداران و سوپای قودس شەڕی نەیارەکانی شیعەکانی عێراق و ئێران بکات،لە ئەگەری گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستانیش لەبەر ئەوەی نفوسی یەکێتی زۆرە،یەکێتی هەوڵبدات زۆرترین پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و عەقد لەگەڵ ئێران بکرێت،دیارە ئەمە ئەگەر هێزەکان بگەنە ڕێکەوتن و دامەزراندن، ئەگەریش نا شەڕەکان و پرۆسەکە درێژە دەکێشێت وئەو وڵاتە ناتوانێت ساڵانێک ئارامی بە خۆیەوە ببینێت.
ئەوەی کە من بە مێشک و بیرکردنەوەم دەگات سەرکەوتنی سیاسەتی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا ئەگەر چی ساڵانێکی پێدەچێت،ئەمریکایش نیازی بەوە هەیە شوێنە ناکۆکی لەسەرەکان بگەڕێتەوە سەرکوردستان و بۆ ئەو وە بۆ ئیسرائیل وتورکیاش بەقازانجەو دەتوانن مەرامە ئابوریەکانی خۆیان بەدەست بهێنن،بە پێویستیشی دەزانم پارتی کرێکاران و هاو ڕەنگەکانی بکەونە سەنگەری دژە ئێران کە بە قازانجیانەو کورد لە باکور دەبێت بە مافەکانی خۆی شاد بێت.
ئەوەی کە بۆ کورد گرنگەو یەکێتی وپارتی خۆیان نەیان توانی بە توانایی هێزی عەسکەری و فکری وسیاسی بەدەستی بێنن، ئەمریکیەکان بۆی دەکەن و شوێنە ناکۆکی لەسەرەکان دەگەڕێنەوە سەر کوردستان،ئەمەش خواستی ئەمریکیەکانە،بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە کورد لەگەڵ ئەمریکا پرۆتۆگۆلێكی ئیمزا بکردایە نەک تەنها بە گفتو قەول بێت،لە سیاسەتدا ئەوەندەی پرۆتۆکۆڵی ڕەسمی ڕۆڵی هەیە گفتو بەڵێن نایخوات.
ئەوەیشی کە جێگای نیگەرانیمە ئەگەر پرۆسەی شەرەکان درێژە بکێشێت هەردوو هێزە سەرکیەکە"یەکێتی وپارتی" لەبەر ئەوەی دوو سەنگەری جوداو دژ بەیەکیان بە تەواوی مانا هەڵبژاردوە،هەریەکەیان دەکەونە سەنگەرێت،لەم هاوکێشەیەدا یەکێتی دەبینین شانبەشانی سوپاسی قودس شەڕی نەیارەکانی مالکی و ئێران بکات.