12/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
.عه‌لی باپیر: له باره‌ى كێشه ناوخۆییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی حزبه‌كه‌ی هاته ده‌نگ
ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌سه‌ر كێشه ناوخۆییه‌كانی حزبه‌كه‌ی هاته ده‌نگ و رایگه‌یاند: هه‌روه‌ك چۆن گوێڕایه‌ڵی ئه‌ندامان بۆ سه‌روی خۆیان پێویسته، ره‌خنه گرتن و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی ئه‌ندامانیشیان ره‌وایه.
م.عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له نوسینێكدا كه له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووك بڵاویكردوه‌ته‌وه، به ئاماژه‌دان به كێشه ناوخۆییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی حزبه‌كه‌ی رایگه‌یاندووه: هه‌بوونی ڕاجیایی و مشت و مڕ له‌نێو هه‌رلایه‌نێكی سیاسیی‌دا شتێكی ئاسایی و چاوه‌ڕوانكراوه، هه‌ركه‌س ئیشی هه‌بێ گرفت و كێشه‌شی ده‌بێ و، گرفت و كێشه‌ش له‌جیاوازیی بیروڕاو بۆچوونه‌كانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات.
باسی له‌وه‌شكردووه: وه‌ك چۆن ڕێزگرتن و گوێڕایه‌ڵیی ئه‌ندامان بۆ سه‌رووی خۆیان له‌سنووری شهرعداو به‌گوێره‌ی توانا پێویسته، ڕه‌خنه‌گرتن و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینیشیان دیسان ڕه‌وایه‌و له‌سه‌ر به‌رپرسانیش پێویسته به‌سینگ فراوانییه‌وه گوێ بۆ گله‌یی و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ندامانیان بگرن و هه‌رچی هه‌ق و ڕاست بوو به‌ڕێزو سوپاسیشه‌وه لێیان وه‌ربگرن.
م.عه‌لی باپیر نه‌یشاردوه‌ته‌وه كه له ده‌ستنیشانكردنی كاندیدی حزبه‌كه‌ی بۆ وه‌رگرتنی پۆسته وهزارهیهكان له میكانیزم و شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵ سی ڤی كه‌م و كورتی هه‌بووه.
ده‌ستنیشان كردنی كاندیده‌كانی كۆمه‌ڵ بۆ وه‌رگرتنی پۆسته وه‌زاریه‌كانی كابینه‌ی هه‌شت ناڕه‌زایی به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه‌ی لێكهوتهوه و دواتر به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه جیابوونه‌وه‌ی خۆیان له كۆمه‌ڵ راگه‌یاند، له‌و باره‌وه عه‌لی باپیر نوسیویه‌تی: "ئه‌و چه‌ند خوشك و برایه‌مان كه نیگه‌رانن له‌بڕیاره‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی حه‌زناكه‌ین دوور بكه‌ونه‌وه، به‌ڵام هه‌ڵوێستێكیش كه له‌وباره‌وه وه‌ری ده‌گرن پاساوی دوورییمان نیه لێیان و، خێر‌و خۆشیی و عاقیبه‌ت خێریی بۆ ئه‌وانیش و خۆیشمان له‌خوای به‌خشه‌ر داواكارین و له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی كۆمه‌ڵیش بن هه‌ر لهخزمهتیانین".