10/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پەیامى مێژوو بۆ بزوتنەوەى گۆڕان چییە ؟
لەوەتەى هەیە دژایەتى پارتى و ماڵى بارزانى ئەکات، هەمیشە ئەیوت :" پارتى تادژایەتیان بکەى،زیاتر ڕێزت لێ ئەگرن ".بەرئەنجامى ئەم باش ناسینەى پارتى ئەوەبوو،دواجار ووتەبێژى (پ،د،ک) "جەعفەر ئیمنکى" ئەڵێت : ئێمە پشتگیریی نەوشیروان موستەفا ئەکەین بۆ سەرۆک کۆمارى عێراق،نەک بەرهەم ساڵەح .!!.من نامەوێ لەسەر کەسەکان قسەبکەم،چونکە بۆ ئێمە ڕاستییەکى چەسپاو هەیە،کە ئەوانەى بەشداریی شەڕی ناوخۆیان کردووەو،خەباتى شاخ فێرى ئەم هەڵس و کەوتە سیاسییانەى کردوون،هەرگیز ناتوانن هیچ گۆڕانێک نەلەمێژوو،نەلەسیستەمى سیاسییدا بکەن (لەبابەتەکانى پێشوودا بە شێوەیەکى تیۆریی ئەمەمان ڕوون کردۆتەوە).
قسەکە لەسەر ئەوەیە،ئەم گۆڕان و دوالیزمەیە،هەروا بەسەر نەوشیروان و بزوتنەوەکەیدا تێنەپەڕێت،سبەینێ لەبەرگێکى ترو،پەامێکى تردا،خۆیان بکەنەوە بەکوڕى شارەکە.کۆمەڵگە پێویستە بەخێوبکرێت،بپارێزرێت،نەبادا هەلپەرست و گورگە بۆرەکان،خۆیان بکەن بەکێچى مەڕە گێژەکاندا.؟. لەهەرە ئیشە بۆگەنەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەسەرەتاوە،ئەوەبوو :
• خەریکى بەشەخسەنەکردنى کێشەکان بوون (لەدژایەتى کردنى تەواوى بەرهەم ساڵەح دا ئەمە ڕەنگی دایەوە).
• بزوتنەوەیەکى بێ ئایدۆلۆژیابوو،واتە نە مەسارى ڕەفتارە سیاسییەکانیان دیاربوو،نەکەسی بەرامبەریش دەیانزانى بەچ ڕێسایەک قسەیان لەگەڵ بکات .
جاران KNN تۆپخانە بوو،دژى پارتى،ئێستا تۆبخانەکە بەماڵى بارزانى ئەفرۆشن ؟. دوێنێ ئەیانگوت نەوت تاڵان ئەکرێت،ئەمڕۆ ئەڵێن هەناردە دەکرێت ..دوێنێ لەپەرلەمان (9) کاتژمێر بەرهەم ساڵەح وەڵامى پرسیارەکانى ئەدانەوە،ئەیانوت: سوکایەتى کردووە نابێت پێ بکەنێت،ئەمڕۆ سەرۆکى حکومەت بە پێنج خولەک لە ۆرکشۆبێکدا، هەموویانى ڕەزیل کرد،بەسەرۆکى لیستەکەشیانەوە،کەس متەقى نەکرد..دوێنێ ئەمانە دزو جاش و خۆفرۆش و بێگانەپەرست،ئەمڕۆ شەفاف و دەستى ئەمین و یەکڕیزى ماڵى کورد..دوێنێ لەژێرناوى جیاجیادا،مناڵە وردە نەما نەیهێننە سەرشاشە تا سوکایەتى بە قودسیات بکات،ئەمڕۆ لەژێر وێنەى ڕەمزەکاندا خۆیان لێ درێژکردووە.دوێنێ پارتى نەوشیروانى بۆسەر سنور ڕاوئەناو،هەڕەشەى پەلکێشکردنیان بۆ دادگا ئەکردو ئەیانوەستاند. ئەمڕۆ بۆ سەرۆکایەتى کۆمار تابتوانن پشتگیریی ئەکەن ؟. خۆ هەقە بپرسین ئایا ڕێککەوتننامەى پارتى و گۆڕان بۆ ئەوەیە موسڵ و کەرکوک بگێرنەوە سەر کوردوستان ؟. بۆ ئەوەیە شەفافیەت و گرفتە داراییەکان چارە سەربکرێت ؟. ڕووبەرى ئازادیی لەدهۆک و بادینان بەرینتر بکرێت ؟.دوو ئیدارەیی نەهێڵن ؟. بێگومان نەخێر .ئەدى خۆ (4) ساڵ پێش ئێستا هەمان ڕێژەى کورسیتان هەبوو،بۆچى بەشداریتان لەحکومەت نەکرد،ئەو هاتو هەرایە لەچى بو ؟
ئەوەندەى من دڵنیایی ئەدەمە خوێنەران،ڕێککەوتننامەکە،نە باسى بکوژانى 17ى شوباتى تیایە،نە پرسى دەستور..تەنها پۆست و پلەو پایەیە بۆ بەرپرسى هەندێ لە ژوورەکانى ئەم بزوتنەوەیە.هەموو ئەمانەش پێشتر بەدەر نەبونە لەناسینى ئێمە، تۆپەلێک قوڕبون لەپێش چاوى خەڵکى عەوام کراون بە زێڕ. وەنەبێت پیاوى بەرهەمهێنانى ئەقڵ،یان حوکمڕانى دروست و بیرکردنەوەى گەردونى و جیهانى بن ،لەبەرئەوەى فەیسبوک و یوتیوب گەورەى کردون،بەفەیسبوک و شتێکى هاکەزایش لەناوئەچن و خەڵک لێیان حاڵى دەبێتەوە .
بەپێی مەنتقەکەى ئیمنکى و تیۆرەکەى نەوشیروان بێت ،ماناى وایە،بەرهەم ساڵەح لەوچەند ساڵە غەدرى کردووە،کە دژایەتى تەواوى پارتى نەکردووەو،ئاسایشى کۆمەڵایەتى و سیاسیی نەخستۆتە مەترسییەوە،بۆیە دەبێت باجەکەى بدات !!.
قسەى سەرەکى بۆئێمەومانان ئەوەیە،ئەم ماوەیەچاوەرێ ئەکەین (ئەگەرنا
ئۆپۆزسیۆنێکى تر بەهەمومان دروست بکەین) ناوبەناوێک بەڵێنەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بخەینەوە بیریان،چونکە خەڵکى ئێمە زوو شتى بیرەچێتەوە،تا جارێکى تر گاڵتەکردن و موزایەدەکرن بەشعورى خەڵکى نەبێتە جێگەى مەلەزاتى ئەوچینەى کەهەرلەکۆڵمان نابنەوە .ئیتر هەر لەخۆیەوە چوارکەس نەکەن بە قووتەیەکا بە ملیۆنان دۆلارى خەڵک،کێیان ویست بیکەن بەمەهزەلەو ئەهریمەن،ئەویتریش بکەن پاڵەوان و ئاهورامازدا.ئیتر نەچن کۆبونەوەى نهێنى و ناشەفاف لەسەرى ڕەش بکەن و،ڕەسمى نان و ماستاوى کانى وەتمان بەجەماوەر نیشان بدەن..