10/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
هەولێر.. پاسەوانێك و كرێكارێك گیانیان لە دەست دا
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، ئەمشەو پاسەوانێك لە كاتی یارمەتیدانی تیمەكانی كارەبادا لە هەولێر، لە كرێن بەر بووەتەوە و گیانی لە دەست داوە. ڕوونیشی كردەوە: كرێكاریكی توركیش لە كاتی كاركردن لە كارگەی شیشدا جەڵتە لێی داوە و گیانی سپاردووە.
ڕائید كاروان خۆشناو بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتی: كاتژمێر ٨:٣٠ـی خولەكی ئەمشەو 9/6/2014، پۆلیس لە رووداوێكی مردن لە گەڕەكی زانكۆ ئاگادار كرانەوە، دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداو كە نزیك دواناوەندیی (ئەحەدی خانی)ـیە، دەركەوت كە پاسەوانێك بە ناوی (عەبدولسەمەد ڕەمەزان ئەحمەد) تەمەن ٤٤ ساڵ كە لە باڵاخانەیەك پاسەوانە و دوای ئەوەی كرێنی كارەبا هاتووە ئەویش ویستوویەتی یارمەتییان بدات و چووەتە سەر كرێنەكە، بەڵام بەر بووەتەوە و لە ئاكامدا گیانی لە دەست داوە، دۆسیەی لێكۆڵینەوەیش بۆ ئەم رووداوە كراوەتەوە.
لە لایەكی دیكەشەوە و بە وتەی ڕائید كاروان، هەر ئەمشەو لە شارەدێی شەمامك كرێكاریكی تورك بە ناوی (نیازی دولدار) تەمەن ٥٠ ساڵ، لە كاتی كاركردن لە كارگەی شیشدا جەڵتە لێی داوە و بەو هۆیەشەوە گیانی سپاردووە.
ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر
ئومێد پشدەری