سەلەفیەت و راڤەكردنی مەزهەبیانە
07/06/2014 نوسەر: bzavpress

سەلەفیەت و راڤەكردنی مەزهەبیانە


- ئایەتی 153ی سورەتی ئەنعام وەك نمونە

بەشــی دووه‌م

لەبەشی یەكەم دا وتمان ئەم ئایەتە پەیوەستە بە دوو ئایەتی پێش خۆیەوە و بەبێ ئەو دوو ئایەتە لە تەواوی ناوەرۆكی ئەم ئایەتە [وَأَنَّ هَذَاصِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلَاتَتَّبِعُواالسُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَن سَبِيلِهِ ذَلِكُمْ وَصَّاكُم بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ]. الأنعام:153،ناگەین. جا بابزانین ئەو دوو ئایەتە چ ناوەرۆكێكیان هەیە بۆچی دەبێ بیكەینە دەسپێكی تێگەیشتن لەم ئایەتە و تەواوكاری بۆ واتا و مەبەستەكانی؟!
خوای گەورە دەفەرموێ: 
[ [قُلْ تَعَالَوْا أَتْلُ مَا حَرَّمَ رَبُّكُمْ عَلَيْكُمْ أَلَّا تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَلَا تَقْتُلُوا أَوْلَادَكُمْ مِنْ إِمْلَاقٍ نَحْنُ نَرْزُقُكُمْ وَإِيَّاهُمْ وَلَا تَقْرَبُوا الْفَوَاحِشَ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَمَا بَطَنَ وَلَا تَقْتُلُوا النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ ذَلِكُمْ وَصَّاكُمْ بِهِ لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ(151)وَلَا تَقْرَبُوا مَالَ الْيَتِيمِ إِلَّا بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ حَتَّى يَبْلُغَ أَشُدَّهُ وَأَوْفُوا الْكَيْلَ وَالْمِيزَانَ بِالْقِسْطِ لَا نُكَلِّفُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا وَإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا وَلَوْ كَانَ ذَا قُرْبَى وَبِعَهْدِ اللَّهِ أَوْفُوا ذَلِكُمْ وَصَّاكُمْ بِهِ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ(152)وَأَنَّ هَذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلَا تَتَّبِعُوا السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَنْ سَبِيلِهِ ذَلِكُمْ وَصَّاكُمْ بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (153)] ئەم دوو ئایەتە لەگەڵ ئەو ئایەتەی قسەی لەسەر دەكەین بە ئایەتەكانی دە(10) وەسێتەكەش ئاماژەی پێ دەكرێ و پێشتریش لە تەوراتدا بۆ موسا سەلامی خوای لەسەر دابەزیوە و لە كۆتایی هەر سێ ئایەتەكەشدا دەربڕینی(ذَلِكُمْ وَصَّاكُمْ بِهِ) هاتوە، ئەو رێنماییانەی لە ئایەتەكاندا هاتووە بەوەسێتێكی خوایی ناوزەد كراون و داوامان لێ كراوە گوێڕایەڵی ناوەڕۆكەكەیان بین و لە ئایەتی كۆتاییشدا ئەم پابەندبونەی بە رێگەی خوا داناوە و فەرمانی پێ كردوین بیگرینەبەر و لێی لانەدەین و لارێی تر نەگرین، تاوەكو لە شارێگەی خوادا گوزەر بكەین و سەرمان لێ نەشێوێ. ئەی رێگەی راستی خوا كامەیە ؟ ئەو بیروبۆچونە حیزبی و دەمارگیری و مەزهەبییانەیە بەناوی سەلەفی ساڵەح و كیتاب و سوننەوە دەخرێنە روو؟! یان دەمارگیرییە بۆ حیزب و لایەنێكی دیاری كراو بە چەندین ناوی جیاوازەوە؟! یان پابەندبونە بە شێخ و زانایەكی دیاریكراوەوە؟!! خوای گەورە وەڵاممان دەداتەوە و دەفەرموێ پابەندبون بەم وەسێتانە پابەندبونە بە رێگەی راستی خوای گەورە، ئەوانیش بریتین لە: 
1- هاوبەش پەیدانەكردن بۆ خوای گەورە
2- چاكەكردن لەگەڵ دایك و باوك .
3- نەكوشتنی مناڵ و رۆڵە لەبەر نەداری و هەژاری. 
4- نزیك نەكەوتنەوە لەخراپەكاری گەورەی ئاشكرا و نهێنی.
5- نەكوشتنی كەسی بێتاوان.
6- نزیك نەبونەوە لە ماڵی هەتیو تەنها بەچاكە نەبێت.
7- هاوسەنگی و راستڕۆیی لەكێشانە و پێوانەدا.
8- دادگەریی لە وتەو گوفتار و هەڵسەنگاندندا.
9- بەڵێنی خوا بردنە سەر.
10- گرتنی رێگەی خوا ... 
خوای گەورە وەسێتمان پێ دەكات بەم شتانە ... چەندە جوانن ئەم وەسێتانە، چ پەیام گەلێكی گەورەەی مرۆیین ! كاتێ بەخۆداماڵین لە بۆچونە پێش وەختەكانی خۆمان دەڕوانینە قورئان ئەو كات لە گەورەیی ئەو قورئانەو رێنماییەكانی تێ دەگەین و چێژ لە فەرمایشتەكانی وەردەگرین، بەڵام كاتێك بەبۆچونێكی مەزهەبی دیاریكراوەوە راڤەی قورئان دەكەین ئەوا لەجیاتی سود بینین لە رێنماییەكانی خوای گەورە، دەچین قورئان دەكەینە ئامرازێ بۆ خزمەتی تێگەیشتن و بۆچونەكانی خۆمان و رقی خۆمان بەناوی خواوە دەبارێنین بەسەر ئەوانەی باوەڕیان بەخوا و پێغەمبەرەكەی هەیە ، دان دەنێن بە ئەركانی ئیمان و ئیسلام دا و ئیسلامیش رەنگدانەوەی هەیە لە ژیانیاندا، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیان بەوەش هەیە دەكرێ خزمەتی ئیسلام و خەڵكی خوا بە هەندێ هۆكاری نوێ بكرێت نمونەی رێكخراوی مەدەنی ، خێرخوازی، زانستی، لەوانەش حیزب و پێكهێنانی كۆمەڵ و رێكخراوە ... كە خاڵی نییە لە هەڵە و خواستە نادروستە مرۆییەكان ...
ئەو ئایەتەی مامۆستای بەڕێز هێناوێتی پەیوەندی هەیە بە پێش خۆیەوە، ئەی هەر لە سەرەتای ئایەتەكەدا نافەرموێ: ئائەمە رێی راستی منە... خۆ دەبێ بپرسین كامە رێگە؟ ئەو رێگە راستە پێشتر خوای گەورە ئاماژەی پێی داوە لە چەند ئایەتێكدا... گەورەیی قورئان و ئیسلامیش لەو چەمكانەدایە نەك لەو بیرو بۆچونە تەسكانەی بەناوی ئیسلامەوە پێمان دەفرۆشرێت ... ئەگەر ئێمە لە ژیانی خۆماندا چ لەناو حیزب و رێكخراوێكدا بین یان وەكو تاك بژین و بتوانین ئەو وەسێتانەی خوای گەورە جێ بەجێ بكەین ئەو كات دەزانین ئەو ئیسلامە چەندە گەورەیە و چەندە پێویستە بۆ ئێمە و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ... بەڵام كاتێك خۆمان لە قۆزاخەی مەزهەبیەتێكی دیاری كراوو حیزبییەتێكی بەرتەسك دا قەتیس دابێ و هەندێ بۆچونمان لێ بوە بە ئیسلام و سەدان هەزار و بگرە ملیۆنان كەس بە چەند فەتوایەك یان دید و تێڕوانینی هەندێ گرۆ و مەزهەب دەكەین بە گومڕا و بیدعەچی و لاڕێ، لە كاتێكدا ئەوانە خوا و پێغەمبەری خوایان خۆش دەوێ و ئەساسیاتی ئیسلام و ئیمان و رەوشت و بەها سەرەكییەكانی ئیسلام پیادە دەكەن، ئەمە لەكوێی ئیسلامدا جێگەی دەبێتەوە؟! ئەگەر وردبیتەوە ئەو جۆرە تێگەیشتنانە كورت دەبنەوە لە بۆچونی مەزهەبێكی ناو ئیسلام و دیدی هەندێ زانا ... ئاخر نێردرانی پێغەمبەری خوا و هاتنی ئەم ئیسلامە رەحمەتە بۆ هەموو خەڵكی، كەچی ئەو رەحمەتە(لەدیدی هەندێكدا) ئەو كەسانە ناگرێتەوە هەموو تەمەنیان بۆ ئیسلام و خۆشەویستی خوا و پێغەمبەرەكەی سەرف كردوە و باوەڕیان بە پایەكانی ئیمان و ئیسلام هەیە و كردەوە باشەكان ئەنجام دەدەن و رەفتارە باشەكانیان تێدایە ... 
ئەمە چۆن رەحمەتێكە ئەم برایانە پێشكەشی خەڵكی و مسوڵمانانی دەكەن؟! مسوڵمانە دیندارەكان بە هەموو كار و كردەوەیەكیانەوە لەبەر هەندێ جیاوازی و ئیجتیهادی سەردەم ، كە لەچوارچێوەی رێبازی ئیسلامدا جێیان دەبێتەوە، یان جیاوازی گەلێكن هەڵقوڵاوی مێژون نەك قورئان و سونەت و كردەی دروستی هاوەڵان ، بەدیدی ئەمان ئەم مسوڵمانە دیندارانەی پابەندن بە ئیسلام لەبەر ئەوەی وەكو ئەوان نین و وەكو ئەوان بیر ناكەنەوە، دەچنە ریزی گومڕایان و سەر لێ شێواوان و لە ئاگردا دەسوتێن و دەچنە نێو بازنەی بیدعەچیەتی و لەرێ لادەران، بگرە بێ ویژدانییەكە لە ئاستێكدایە هەندێ جار لە گاور و جولەكەش خراپترن و نابێ لەگەڵیان دانیشی و بڤەیە بكەویتە گفتوگۆوە لەگەڵیان چونكە دڵت توشی نەخۆشی دەكەن؟!!!
بگەرێینەوە بۆ ئایەتەكە و ئەوەمان زانی فەرمانەكە شوێن كەوتنی ئیسلامە لە ئیسلامیشدا و بەتایبەت لێرەدا ئەو وەسێتانەیە كە باس كراوە و رێچكەكانیش جگە لە ئیسلامە كە دەكرێت بە راڤە كردن هەموو ئەوانەش بگرێتەوە كە رێی راستی ئیسلامیان بەرداوە با پێشتریش مسوڵمان بن كە زانایان بە دەربڕینی(تعم اليهودية والنصرانية والمجوسية وسائر أهل الملل وأهل البدع والشبهات والضلالات من أهل الأهواء) بەڵام دەقەكە رونتر ئاماژە دەكات بۆ ئەوانەی رێ و رێبازی دەرەوەی ئیسلامیان گرتوەتەبەر ، چونكە لەسەروی هەر رێچكەیەكەوە (وەك لەو فەرمودەیەكدا هاتووە كە زۆربەی موفەسیرەكان دەیهێنن) شەیتانێك هەیە(دەربڕینی شەیتان واتا و مەدلولی خۆی هەیە) بانگەشەی بۆ "خطَّ لنا رسول الله () يومًا خطًّا فقال: هذا سبيل الله. ثم خط عن يمين ذلك الخطّ وعن شماله خطوطًا فقال: هذه سُبُل، على كل سبيل منها شيطانٌ يدعو إليها. ثم قرأ هذه الآية: (وأن هذا صراطي مستقيمًا فاتبعوه ولا تتبعوا السبل فتفرق بكم عن سبيله"بۆیە رەوا نییە و بێ ویژدانییەكی گەورەیە بوترێ"حزبییەكان"بەو رەهاییە"ئەمرەكەی خوایان وازلێ هێناوەو نەهییەكەیان جێ بەجێ كردوە، بەمەش وەسێتەكەیان هەڵوەشاندوتەوە" كە ئەمە قسەی مامۆستایە لەبارەی ئایەتەكەوە، ئاخر هەر بەپێی دەقی دووئایەتەكەی پێشوو، وتمان وەسێتەكە چییە، ئایا ئەو ئیسلامییانەی لە چوارچێوەی حیزبێكی ئیسلامیدان ئەو وەسێتانەی خوایان هەڵوەشاندوەتەوە؟! ئەرێ ئەمە چۆن راڤەكردنێكە شارەزایەكی ئیسلام و سەردەستەی گروپێكی ئیسلامی دیاریكراو دەیخاتە پێش چاوی ئەو گەنجە خوێن گەرمانەی شەیدای ئیسلام و دیندارین؟! ئەمە خۆی لەخۆیدا رق و كینە و دوبەرەكی و ناتەبایی دروست ناكات؟!
خۆ ئەگەر بونی چەند كۆمەڵ و گروپێكی ئیسلامی كە لە چوارچێوەی ئیسلام و رێنماییەكانیدا دەبزوێن(با هەڵەشیان هەبێ و خاوەنی ئیجتیهاداتی جۆراوجۆر بن) بە لادان لە ئیسلامی دابنێین، ئەوا چی دەبێ بوترێ بۆ ئەو گروپە سەلەفییە جۆراوجۆرانەی بەردەوام لە پەرت بوندان و هەر یەكەشی خۆی بە شوێن كەوتەی سەلەفی ساڵەح دەبینێ و ئەویتر بە گومڕادەزانێ ، ئەمرۆ پێكەوە دەبن و ئەهلی سونە و جەماعەن بۆ سبەی هەریەكەیان ئەوی تر بەلادەر و بیدعەچی دادەنێ و چەندین ناوو ناتۆری تر بۆ یەكتر دادەتاشن ... 
كەواتە راستییەكەی ئەوەیە، هەموو ئەوانەی لە چوارچێوە فراوانەكەی ئیسلامدا جێیان دەبێتەوە و شوێنی پێغەمبەری خوا كەوتوون و ئەساسیات ئیمان و ئەخلاق و پابەندبونی ئیسلامیانەیان تێدایە، ناكرێ بەگومڕا دابنرێن و بەرێچكە ناوزەد بكرێن، لەبەر ئەوەی جیاوازی تێگەیشتن و ئیجتیهادی جۆراو جۆریان هەیە كە لەگەڵ بۆچونی ئەواندا ناگونجێ ... ئیتر ئەو كەسانە لە نێو پارت و كۆمەڵ و رێكخراوێكی ئیسلامیدابن یان لە دەرەوەی ...
گرنگە ئەوەش لە بیر نەكەین هەموو ئەوانەی خۆیان بەسەلەفی دەبینن ، بەخۆیان بزانن یان نا جۆرێكی تایبەتن لە حیزب و كۆمەڵی رێكخراو هەرچەندە تەواوی پێناسەكانی حیزبیان بەسەردا نەچەسپێ بە واتا سیاسییەكەی، ئەوان وەكو كۆمەڵ و حیزبەكانی تر خاڵی هاوبەشیان هەیە و مامۆستای دیاریكراویان هەیە و لەگەڵ هەموو كەسیش مامەڵە ناكەن و جۆرە كتێبێكی دیاری كراو دەخوێننەوە و ئامادەی كۆڕ و كۆبونەوەكانی خۆیان دەبن ... ئیدیعای كیتاب و سوننە كردنیش شتێكە زۆرینەی گروپە ئیسلامییەكانی كۆن و نوێ كردویانە و دەیكەن ...
بەكورتی دەكرێ بڵێین: ئەگەر لە وەرگێڕانی ئایەتێكدا و هەوڵ دان بۆ پیادەكردنی بەسەر ئەوانی تری نەیاردا چەندین سەرنج بەدی بكرێ، ئەوە دەبێت بۆ تەواوی كتێبەكە و بۆچونەكانی ئەم مامۆستایە و هاوبیرەكانی چی بڵێین؟!!