بەبۆنەی تێپەڕبونی ساڵێك بەسەر دامەزراندنی پێگەی بزاڤ سڵاو و رێز پێشكەشە
05/06/2014 نوسەر: bzavpress

بەبۆنەی تێپەڕبونی ساڵێك بەسەر دامەزراندنی پێگەی بزاڤ سڵاو و رێز پێشكەشە

... دەستی یەكەبەیەكەتان ئەگوشم و پیرۆزبایی ساڵێك لەخەرمانەی بەرهەمی خوان و بابەتی بەپێز و خزمەتی سەنگینی كاروانی فیكر و سەنگەری پتەوی ئایینداریتان لێ‌ ئەكەم و هیوادارم هەمیشە لەپێشكەوتن و سەركەوتندا بن.

مامۆستایانی بەرێز لاتان روونە كە ئێوە لەسەردەمێكدا بەسەرەتا هاتوون كە كێبڕكێیەكی بەرفراوان و قوڵ دەوری تەنیوون، چ وەك فیكر چ وەك هۆكارەكانی راگەیاندن و كۆمنیوكەیشن و چ وەك ووروژمی تەكنۆلۆژیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كەبەجاری بازاری بینین و بیستنی كڵۆم كردووە. ئێوە ئەگەر بتوانن كاریگەریتان لەسەر رێژەیەك لە خوێنەر و دەستەبژێرێك لە نووسەر و خەرمانێك لە هۆگرانی ئایینداری سەردەم ببێت ئەوە بەرەكەتێكی زۆر لە كارتاندا هەیە، چونكە ئەم كۆشانكۆشی كێبڕكێیە خاكەكەی سەخت و دامێنەكەی خوار و لوتكەكەی دژوارە، هەربۆیە من خۆزگە بۆ ئەوە ئەخوازم لەئەمرۆدا، لێرەو لەوێ‌ گرووپ و بزاڤی لەو شێوەیە دروست ببن ئەگەر بەمەرجێ‌ پاك بن لەسەر بنەمای كاركردن بۆ خوا نەك بۆ هەوا، خەڵك بۆ لای خوا بانگ بكەن نەك بۆ خۆیان، بەراستی و لەدڵەوە ئیش بۆ خۆشبەختی راستەقینەی مرۆڤەكان بكەن و هەوڵ بدەن ئەگەر بەبزەیەكی سەر لێویش بێت یان بە گوێگرتن لە كێشەكانیان بێت، كەمێك تەنها كەمێك لەباری قورسی سەرشانی ئەم خەڵكە كەمبكەنەوە.

 چونكە ئەوكاتە ئەگەر لە فیكر بدوێن قوڵ و پاك بۆی ئەچن، ئەگەر خوێندنەوە بۆ مێژوو بكەن ئەوا پەیامی راستی و بێلایەنی و بابەتیبوون ئەپارێزن، ئەگەر بانگەواز بكەن پێش هەموو كەس خۆیان بانگهێشتی سەرسفرە و خوانی بەهەشت ئەكەن، بەكورتیەكەی هەر كارێ‌ بكەن خراپی ناكەن بەلكو بەراستی لەخەمی ئەم كێشە گەورەیەدا ئەبوون كە بەگشتی مرۆڤایەتی پێوەی ئەناڵێنێ‌، كەئەویش دەردی درۆیە، درۆ بەراددەیەك بڵاوە وەك پەتایەكی ساریی بەناو ژیانی هەمووماندا بڵاوبووەتەوە. من بەگشتی عاشقی ئەو كارانەم كەباس لە پرۆژەی ژیانێكی سەردەمیانەی رەببانیانە ئەكەن، نەك دینداریەكی رووكەشانە، بەڵكو باس لە پرۆژەیەك بكات كەلەئەمرۆدا نەك دوێنێ‌، ژیانێكی شایستەو هاوچەرخانەی تیابێت، بە بەكارهێنانی هۆكارەكانی پەیوەندی نوێ‌ و كۆی میدیا بینراو و بیستراو خوێنراوەكان و تێكەڵبوون لەگەڵ هۆكارە تەكنۆلۆژیەكاندا بەڵام بەمەرجێك ئیمانپارێزراو بێت و پرۆژەكە سەرە ڕای زانستی بوون و قووڵبوونی لە بوارەكەی خۆیدا بەرهەمی قیامەتی هەبێت..(هەق نە لەگەڵ كەمینەدایە نەلەگەڵ زۆرینەدا بەڵكو هەق لەگەڵ شوێن كەوتووانیەتی) لەهەركوێ‌ بن، بەڵام ئەمرۆ چونكە هەقخوازان ئەوەندە كەمن لەپاڵ ئەوەشدا بەرزكەرەوەی دروشمی هەق ئەوەندە زۆرن، مرۆڤ بەراستی داماوبووە بەدەستیانەوە و هەژار تیاچووە و داناش سەرسام... هەربژین بەشادی و سەركەوتووبن.


نوسەرو مامۆستای زانکۆی سلێمانی: عادل شاسواری