04/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
سپیکردنەوەی سیاسەتی نەوتیی هەرێم
لە ڕووی تیۆرییەوە لە باسکردنی پرسی تاوانە ئابورییەکاندا ، جۆرە تاوانێک هەن پێیان ئەوترێت ( تاوانی شۆردنەوە یاخود سپیکردنەوەی دراو - غسيل الأموال أو تبييض الأموال ) کە مەبەستیش لێی بریتیە لە یەکێک لەو چالاکیە ئابورییانەی کە ئامانج لێی بریتیە لە بەخشینی جۆرێک لە ڕەوایەتی یاسایی بە سەرجەم ئەو پرۆسانەی کە لە ناوەڕۆکدا پەیوەستن بە ڕەفتار کردن یان بەڕێوە بردن یان هەڵگرتن یان بەگەر خستن یان هاوردە کردن یان گواستنەوەی ئەو ماڵ و سامان و داهات و پارانەی کە بە شێوازێکی نا یاسایی وەچنگ کەوتون یان یاريکردن پێی یان تا وەک چالاکیەکی یاسایی لێی بروانرێت لە کاتێکدا ( گومان ) لە سەرچاوەکانی وەدەستکەوتنی ئەو داهات و سامانە هەیە، ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت ڕەنگە سەرچاوەی داهاتەکە نادیار بێت یان لە باشترین حاڵەتدا نا یاسایی بێت، بەڵام هەوڵ ئەدرێت بە پاساوێک یان چەند پاساوێک ڕەوایەتی یاسایی پێ بدرێت..ئەم دەستەواژەیە لە بنەرەتدا یاساییە ، بەڵام بەهۆی بەربڵاو بونەوەیەوە ، ئێستا بۆتە زاراوە وەک (مجاز ) بەکاردێت لە زۆربەی بوارەکانی تریشدا بۆ باسکردنی هەر هەوڵێک لە پیناو بەخشینی ڕەوایەتی یاسایی بە جۆرە چالاکی ڕەفتارێک کە لە بنەرەتدا گومان هەیە لە یاسایی بونی، لە ناویشیاندا بەشێک لە رەفتارەکانی حکومەت لەم چەشنەن ، نەک لە هەرێمدا بە تةنها ، بەڵکو لە زۆرێک لە سیستەمەکاندا.
بە گەڕانەوە بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان ، بە تایبەتیش گەرانەوە بۆ ئەو ( کۆبونەوە یاخود ۆرکشۆپەی کە لە نێوان چەند سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و چەند لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە ستافی حکومەتی کاربەڕێکاری حکومەتی هەرێم ( سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکارو وەزیر و بەریوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و...هتد)....ئەوەی کە تێبینی کرا لە سەرجەم پەیامەکانی ستافی حکومەتی کار بەڕێکاردا ، ( هەروەک لە تەوەری سەرەکی بەشی یەکەمی دیبەیتەکەدا خرایە ڕوو ) بە شێوەیەک لە شێوەکان بریتی بوو لە هەوڵدانی فەرمی حکومەتی کاربەڕێکار بۆ ڕەوایەتی دان بەسەرجەم ئەو کارو چالاکی و پرۆسانەی کە پەیوەستن بە سیاسیەتی نەوتیی هەرێم لە ماوەکانی ڕابردوودا بەم ۆرکشۆپە لە ( دەرهێنان ، پاڵاوتن ، گرێبەستکردن ، شیرینی نەوت ، فرۆشتن ، هەناردە کردن...هتد) ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی چیتر بۆ هەتا هەتایە ئەم دۆسیەیە لە ناو پەرلەمانی کوردستان دابخرێت، واتە چی دی کەسی تر باس لە نا شەفافی پرسی نەوت نەکات لە ناو پەرلەماندا نەک هەر بۆ ئێستا ، بەڵکو بۆ سەرجەم پرۆسەکانی رابردوو، تەنانەت بۆ ئایندەش، هەر بۆیە ئامانجی حکومەت لەم ۆرک شۆپە ئاشکرا و دیار بوو ، بێدەنگ کردنی هەموو ئەو دەنگە نارازییانەی کە پەیوەستن بە یاسایی بونی پرسی نەوت ، نەک هەر بۆ حکومەتی کاربەڕێکاری ئێستا ، بەلکو بۆ حکومەتی ئایندەش کە سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکار خۆی سەرۆکی حکومەتی راسپێردراویەتی، بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجەش هاتون لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆ دەبنەوە، ئەمەش وەک سیمبۆلێک بۆ رەوایەتیدان بە یاسایی بوونی پرۆسەکانی حکومەت...بەڵام ئەوەی کە نەمانزانی هەڵوێستی سەرۆک فراکسیۆنەکان و بەشیک لە پەرلەمانتاران بوو ، نەمانزانی ئێوە مەبەستتان چی بوو لەم ۆرک شۆپە ، ، ئەی ئایا ئێوە چیتان ئەویست ؟ هەر حەزتان ئەکرد لەگەڵ ستافی جکومەت کۆ ببنەوە ، یان مەبەستتان بوو ڕەوایەتی بدەن بە سیاسیەتی نەوتیی حکومەتی کاربەڕێکار ، یان لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەن ، ئەوەی تێبینیمان کرد لە ئێوەی بەڕێز ، ئەوەبوو ئێوە هەندێکتان ڕاستە ئەزانن چیتان ناوێت ، بەڵام دڵنیا بن نازانن چیتان ئەوێت...بەڵگەش لەسەر ئەم قسەیەم ئەوەبوو ئێوە هیچتان نەوت تا سەرۆکی حکومەتی کار راسپێردراو نەخشە ڕێگای بۆ پەرلەمانتاران دیاری کرد ، کاتێک کە وتی : ئیشی ئێوە ئەوەیە بەدواداچون بۆ راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و بری 9 ملیار دۆلارەکە بکەن..ئیتر تەواو..ڕەنگە تەنها چاوسورکردنەوەکەی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکار بۆ ئەوەی ڕێگە بە موزایەدە کردن بە کەس نادات بەس بوو بۆ ئەوەی کە پەرلەمانتارانی ئامادە بوو لە چاودێریکارەوە ببن بە تەماشاکار و بینەر ، هەر بۆیە زۆربەی پرسیارەکان بونە هاوشێوەی پرسیاری رۆژنامەنوسیی.. بەڵام جیاوازیش لە رۆژنامەکان زۆربەتان سەرقاڵی بەخێر هێنان و دەستخۆشیکردنی ئەنجامدانی کۆبونەوەکە و ۆرکشۆپەکە بوون.
ئێ باشە ئەزیزان ئەگەر هەموتان پشتگیری لە سیاسیەتی نەونیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەکەن ، ئیتر بۆچی سەر لە ئێمە و خەڵکیش ئەشێوێنن ؟ خۆ ئێمە کەسمان گوێمان لێنەبوو کەسێک لە ئێوەی بەڕێزیش بە تیم و ستافی حکومەت بڵێن ئێمەش ڕێگە نادەین کەس موزایەدە بە پارە و داهات و قووت و نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بکات ؟ ئەی تۆ بڵێی سەرچاوەی ئەم هەموو کێشەو قەیران و گرفتە داراییانەی کە بەرۆکی هەرێمی گرتۆتەوە سەرچاوەکەی تەنها پەتایەکی درم بێت وەک پەتای ( کرۆنا ) بەهۆی گەشتی عومرەوە بۆ هەرێمی کوردستان گوازرابێتەوە.؟؟؟ ئەی قەیرانی ئابوری و درارایی خەتای حکومەت نەبێت ، خەتای کێیە ؟
ئەزیزان ئەی بۆچی ( بۆ نمونە ) نەتان پرسی بۆ کارتان نەکردوە لەسەر کاراکردنی ماددەی 106ی دەستوری 2005 کە تایبەتە بە پێکهێنانی دەستەی باڵای چاودێریکردنی تەرخانکردنی داهاتەکان ، ئەی بۆ نەتان پرسی ئایا ئیشی ئێوە چیبوە لە رابردودا کە نەتانتوانیوە گەرەتنی شەفافیەت و دادپەروەری بکەن لە تەرخانکردنی داهات بۆ حکومەتی هەرێم بە پێی ئیستیحقاقی خۆتان هەروەک لە برگەی 3 ی ماددەی 106دا هاتوە....ئەی تا ئێستا بۆ نەتان توانیوە لە ڕێگەی ئەو دەستەیەوە زامنی % 17ی داهات بۆ خەڵکی کوردستان بکەن.؟؟ !!!
ئەزیزانم دڵنیام ئێوە هەندێکتان بە هەڵەدا چوون لەوەی کە دوو چەمکتان تێکەڵ کردووە ...چونکە ڕاستە هەر تاکێک لە تاکەکانی کوردستان پشتگیری بونی سیاسەتێکی نەوتیی سەربەخۆی هەرێم ئەکات ، بەڵام ئەم پشتگیرییە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئێوە پشتگیری سیاسەتی نەوتیی ئەم حکومەتی کاربەڕێکارەی ئێستا بکەن، ئێوە ئەبوایە کاتێک پشتگیری سیاسەتی نەوتیی حکومەت بکەن ، ، کە ئێوە داڕێژەری بناغەی ئەو سیاسەتە بونایە ، ئەوە حکومەتیش بوو کە پێویست بوو پەیروەی ئەو سیاسەتە سەربەخۆیە بکردایە کە ئێوە داڕێژەری بوون، بەڵام ئەوە حکومەتە هەر بەردەوامە لەسەر سیاسیەتی نەوتیی خۆی، ئەوەش ئێوەن کە پشتگیری ئەکەن.
دواجار ئەوەی کە بینرا ، ئەوەبوو ئەمرۆ حکومەتی کاربەڕێکار لە حزوری هەندێکتاندا سیاسەتی نەوتیی خۆی لەو ۆرک شۆپەدا سپی کردوە ، سپیکردنەوە بۆ چالاکی و ڕەفتار و سیاسەتێک وا چەندین ساڵە بە شێکی زۆری خەڵکی بەخۆیەوە گیرۆدە و ئالودە و نیگەران کردووە ...
ئەمڕۆ حکومەتی کاربەڕێکار بەر لە وەی ببێتە حکومەتی کارا ، گرەوەکەی خۆی لە پەرلەمان بردەوە ، جا ئەگەر ئەوەی ئەمرۆ ( هەروەک سەرۆکی پەرلەمان وتی ) بریتی بوبێت لە ڕێکەوتنێکی سیاسی نێوان حکومەت و پەرلەمان لەسەر پرسی سیاسەتی نەوتیی هەرێم با ئەگەر گرفتی یاساییشمان هەبێت ، کەواتە وا دیارە بە ۆرک شۆپێک ناکۆکیەکانیان لەگەڵ یەکتر وەلا نراوە... ، هەموو ئەمەش پشت بەست بەو کتێب و موحازەرە و مەلزەمانەی کە لە لایەن ستافی حکومەتی کاربەڕێکارەوە خرانە ڕوو...
ئێستا ئەگەر بە حکومەت بڵێیت بەرمیلێک نەوتی خۆماڵی بە چەندە ، ئەوا یان تۆ موزایەدە چیت ، یان دۆستی حکومەتی ناوەندیت..چونکە حکومەت بەم ۆرک شۆپە ئەو دۆسیەیەی داخست.
هەر بەو بۆنەیەشەوە منیش پێشنیاز ئەکەم بۆ مانگەکانی داهاتوو ، نەک هەر موچەی فەرمانبەران دوا بخرێت ، بەڵکو هەر هیچ موچەیەک نەدرێت بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ، بەڵکو لە بری موچە ، هەر فەرمانبەرە و بە پێی پلەی وەزیفی و ساڵانی خزمەتی خۆی ، چەند نمونەیەک لەو گرێبەست و مەلزەمە و کتێبانەی پێ بدرێت کە لە لایەن ستاف و تیمی حکومەتەوە بڵاو کراونەتەوە ، پاشان پێویستە لەسەر فەرمانبەرەکان هەر یەکە و بە بڕێک پارە شارەزایەکی بیانی وەک ڕاوێژکار بۆ خۆی بە کرێ بکرێت تا ناوەرۆکەکەی بۆ روون بکاتەوە...چونکە ئێمە چیتر هیچ گرفتێکمان نیە لەگەڵ سیاسەتی نەوتیی هەرێم ، سوپاس بۆ خودا بەرکەوتی خۆمان بۆ خزمەتی خۆمانە...ئێستا هەر ماڵێکی هەرێمی کوردستان بگەڕێیت دەیان دەفتەر و مەلزەمە و موحازەرە و کتێبی جۆراوجۆری تێدایە....هەموشی بەپێی سیاسەتی حەکیمانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری نەوتدا.
ئیتر بۆ دواوە.