03/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تۆمه‌تباره به‌كوشتنی هاوڵاتییه‌ك
ماوه‌ی زیندانییه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردووه
به‌هۆی كوشتنی هاوڵاتییه‌ك له‌شاری دهۆك، جه‌عفه‌ر ئیمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تۆمه‌تباره به كوشتن‌و له‌لایه‌ن دادگای شاری دهۆكه‌وه بریاری 12 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، به‌ڵام ماوه‌ی زیندانییه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردووه، ئه‌ندامێكی داواكاری گشتی دهۆكیش رایده‌گه‌یه‌نێت كه ناتوانن هیچ له‌و باره‌وه بڵێن، سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش هیچ زانیارییه‌كی له‌وباره‌وه نییه.
جه‌عفه‌ر ئیمینكی كێییه؟
جه‌عفه‌ر ئیمینیكی له‌ساڵی 1953 له‌دایكبووه، ده‌رچووی به‌شی یاسایه‌و هه‌ڵگری بروانامه‌ی دكتۆرایه له‌زانستی سیاسی‌دا، له شۆڕشی گوڵانی پارتییه‌وه په‌یوه‌ندی به‌ریزه‌كانی ئه‌و حزبه‌وه كردووه، له‌ساڵی 1992 تا 1995 سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بووه، له‌و ساڵه به‌دواوه تا 2003 جێگری به‌رپرسی لقی دهۆكی پارتی بووه‌و دواتر بووه‌ته ئه‌ندامی سهركردایهتیو پاشترو له‌ساڵی 2005 كراوه‌ته ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌و ماوه‌یه‌كیش وته‌بێژی فه‌رمی بووه، كۆتا پۆستیش كه پێی دراوه جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.
تۆمه‌تباره به‌كوشتنی هاوڵاتیه‌ك
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئیمینكی كه ماوه‌یه‌ك جێگری به‌رپرسی لقی دهۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه، تۆمه‌تباره به‌كوشتنی هاوڵاتییه‌كی دانیشتوی شاری دهۆك، ئه‌گه‌رچی دادگا بریاری سزادانی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه، به‌لام سزاكه‌ی له‌سه‌ر جێبه‌جێنه‌كراوه‌و به‌پێی زانیارییه‌كانی گۆڤاری بزاڤیش بنه‌ماڵه‌ی كوژراوه‌كه له‌ژێر فشاری پارتیدا كۆتاییان به‌كێشه‌كه هێناوه.
رووداوی كوشتنه‌كه
له‌شه‌وی 19ی مانگی ئه‌یلولی ساڵی 2003 جه‌عفه‌ر ئیمینیكی كه ئه‌وكات جێگری به‌رپرسی لقی دهۆكی پارتی بووه، دوچاری پێكدادانی ئۆتۆمبێل دهبێتو له‌گه‌ڵ گه‌نجێكی شاری دهۆكدا به‌ناوی (هێرش مه‌رعی دۆسكی) ده‌بێته ده‌مه‌قاڵه‌یان، ئه‌م رووداوه‌ش گه‌وره دهبێتو جه‌عفه‌ر ئیمینكی بهدهمانجهكهی چه‌ند گوله‌یه‌ك به‌و هاوڵاتییه‌وه دهنێتو ده‌ستبه‌جێ گیان له‌ده‌ست ئه‌دات.
ئه‌گه‌رچی پێكدادانه‌كه به‌و جۆره نه‌بووه‌و رووداوه‌كه گه‌وره نه‌بووه، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵه‌شه‌یی به‌رپرسه‌كه‌ی پارتییه‌وه، رووداوه‌كه ته‌شه‌نه دهكاتو ئه‌و قوربانییه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه.
دوای رووداوه‌كه له‌پارتی دوورده‌خرێته‌وه
پاش رووداوی كوشتنه‌كه، جه‌عفه‌ر ئیمینكی پۆستی جێگری به‌رپرسی لقی دهۆكی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌و ماوه‌یه‌كیش له حزب دوورده‌خرێته‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ی كه ئه‌نجامیداوه لهلایهكو له‌لایه‌كی تریشه‌وه رازیكردنی دڵی كهسو كاری قوربانییه‌كه، به‌ڵام زۆری پێناچێت پارتی دهیگهڕێنێتهوهو هه‌ستیارترین پۆستی پێ ئه‌دات كه ئه‌ندامی سهركردایهتیو دواتر به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی حزب بووه.
پارتی ده‌كه‌وێته ژێر فشاری كهسو كاری قوربانییه‌كه
پاش كوشتنی ئه‌و گه‌نجه له‌لایه‌ن جه‌عفه‌ر ئیمینكییهوه، كهسو كاری قوربانییه‌كه گردبوونه‌وه‌یه‌ك ئهنجامدهدهنو داوای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ئه‌و به‌رپرسه له‌پارتی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێ سوود ده‌بێت، تا ئه‌وه‌ی بهربریاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی‌و له‌ژێر فه‌رمانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌و حزبه، جه‌عفه‌ر ئیمینكی ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت.
دادگای دهۆك سزای جه‌عفه‌ر ئیمینكی ئه‌دات
ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ره‌تای كێشه‌كه‌وه به‌رپرسه‌كه‌ی پارتی خۆی ته‌سلیم نه‌كردووه‌و ئاماده‌ی دانیشتنی دادگا نه‌بووه، به‌ڵام له‌ژێر فشاری كهسو كاری قوربانییه‌كه، پارتی دیموكراتی كوردستان ناوبراو ته‌سلیم دهكاتو پاش چه‌ند دانیشتنێكی دادگا، بریاری زیندانیكردن بۆ تۆمه‌تبار ده‌رده‌چێت كه زیندانیكردنه بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ.
ماوه‌ی زیندانییه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردووه
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دادگای پارێزگای دهۆك بریاری زیندانیكردن بۆ ئیمینكی ده‌رده‌كات، به‌ڵام ناوبراو ماوه‌ی زیندانییه‌كه‌ی ته‌واو ناكات.
له‌باره‌ی هۆكاری ته‌واونه‌كردنی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆی دیاریكراوه، گۆڤاری بزاڤ په‌یوه‌ندی به قاسم ئه‌بو له‌یلای سه‌رۆكی داواكاری گشتی دهۆكه‌وه كرد به‌ڵام ئاماده‌ی وه‌لامدانه‌وه نه‌بوو.
بۆ وه‌رگرتنی رای ئه‌ندامێكی داواكاری گشتی، په‌یوه‌ندی به حاكم هاشمه‌وه كرا، ناوبراو ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه به‌هیچ جۆرێك له‌وبارانه‌وه لێدوان نادات‌و ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا نییه قسه بكات.
قه‌ره‌بووی كهسو كاری قوربانییه‌كه كراوه‌ته‌وه
پاش ئه‌وه‌ی دادگا بریاره‌كه به‌سه‌ر جه‌عفه‌ر ئیمینكیدا ده‌سه‌پێنێت، ناوبراو ئاماده‌ی جێبه‌جێكردنی بریاره‌كه نابێت، بۆیه پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كێشه‌كه چاره‌سه‌ر دهكاتو له‌گه‌ڵ كهسو كاری قوربانییه‌كه كۆده‌بێته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی گۆڤاری بزاڤ، پارتی دیموكراتی كوردستان خوێنی ئه‌و گه‌نجه ئهداتو كێشه‌كه له‌گه‌ڵ كهسو كاری قوربانییه‌كه یه‌كلایی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام تۆمه‌تبار مل نادات بۆ یاسا‌و داواكاری گشتیش له‌ئاست ئه‌و كێشه‌یه بێ ده‌نگ ده‌بێت.
ئایا پێدانی پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌تۆمه‌تبار یاساییه؟
جه‌عفه‌ر ئیمینكی كه كراوه‌ته جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌رووی یاساییه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌دا نییه، چونكه به‌پێی ماده‌ی 19ی یاسای سزادانی عێراقی هه‌ركه‌سێك تاوانێكی ئه‌نجامبێت كه له‌كه نه‌بێت به‌سه‌رییه‌وه، بۆی هه‌یه پۆسته حكومییه‌كان وه‌ربگرێت، تاوانی له‌كه‌ش وه‌ك (شه‌ره‌ف، دزین، گه‌نده‌ڵی دارایی‌و.... هتد).