گۆڕان‌و یەكێتی، داكشان لەلوتكەو هەڵكشان لەشكستدا
02/06/2014 نوسەر: bzavpress

گۆڕان‌و یەكێتی، داكشان لەلوتكەو هەڵكشان لەشكستدا


گۆڕان لەبنیاتنانی گوتاری ناڕەزایەتی‌و بنەبڕكردنی گەندەڵیی‌و دەستەبەركردنی دادپەروەریی‌و چەمكی هاوڵاتیبووندا سەریهەڵداو گەشەی كردو بوو بەهێزێكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی بەرچاو، بەڵام كاتێك بەشێوەیەكی تاكتیكی لەگەڵ پرسی بەنیشتیمانیكردنی ئەو گوتارە مامەڵە دەكات‌و هەموو توانای خۆی لەناو زۆنێكی دیاریكراودا چڕدەكاتەوەو وەكو بزووتنەوەیەكی ئەنتی یەكێتی دەردەكەوێت، ئەوا لەلوتكەوەو لەگەرمەی سەركەوتنێكی چاوەڕوانكراودا سەربەرەوخوار دەبێتەوەو تووشی شكست دێت. 
 
گۆڕان لەبەرئەوەی هەر لەئەزەلەوە خەونی نەبوو ببێت بەهێزی سێهەم‌و هەموو توانای خۆی لەسەر بوون بەهێزی دووەمدا چڕكردەوە، بۆیە هەر لەسەرەتاوە هیوای بوون بەهێزی یەكەمی لەدەست چوو. چونكە گۆڕان بۆ ئەوەی ببوایە بەهێزی سێهەم، دەبوو هەر لەسەرەتاكانی سەرهەڵدانیەوە، كۆششی فەرهادی بكردایە بۆئەوەی ببوایە بەهێزی ئەلتەرناتیڤ‌و ببوایە بەهێزی جیاواز لەدوو هێزە سەرەكییەكەی كوردستان نەك خەونی بوایە ببێتە میراتگری هێزێك‌و خولیای بوایە ببێتە هاوپەیمانی هێزەكەی تر.
 
كاتێك گۆڕان ناتوانێت لەهەناوی خۆیدا ئەو باوەڕانە بچێنێت كەپەیوەندیان بەبنیاتنانی هێزی سێهەم‌و حیزبی ئەلتەرناتیڤەوە هەیە، ئەوا نەك ناتوانێت حەقیقەتی یەكەم بوونی هێزە نیلییەكەی لەناو كۆمەڵگادا سەوز بكات، بەڵكو هەر بەدەستی خۆی، خەونی بوون بەئەلتەرناتیڤێكی سەرتاسەری لەحەزی بوون بەئەڵتەرناتیڤێكی لۆكاڵیدا دەتوێنێتەوە. بەمەش ئەو هێزە بەبێئەوەی بەخۆی بزانێت سیناریۆی حەقیقەتی داكشانی خۆی لەلوتكەوە بەدەستی خۆی دەنوسێتەوە‌و بەبێئەوەی بەخۆی بزانێت لەناو چیرۆكی سەركەوتنی خۆیدا بۆخۆی دەبێتە ئەو سینارستەی كەڕۆڵی پاڵەوانی ناو فیلمی شكستهێنانی خۆی ‌دەدات بەخۆی.  
 
گۆڕان بۆئەوە رێ لەشكستی خۆی‌و ئەو دیسكۆڕسە گرنگە بگرێت كەخەونێكی كۆمەڵایەتی گەورەی لەسەر هەڵچنراوە، دەبێت بەئامادەبوونی كاك نەوشیروان سەردەمی ئەنتی بوونی یەكێتی تێپەڕ بكات‌و دیسكۆڕسەكەشی لەئاستی بەرەنگاربوونەوەی زۆنێكی دیاریكراوەوە بۆ ئاستێكی كوردستانی بگوازێتەوە. دەبێت بتوانێت زەمینە‌و ئەقڵیەت‌و بنەما گرنگەكانی هێزی سێهەم كەهێزێكی ئەلتەرناتیڤی جیاوازە دەستەبەر بكات‌و بەشێوەیەكی مۆڕاڵی‌و بەشێوەیەكی مەبدەئی دەبێت بتوانێت خۆی لەو ڕق‌و گوشارە سایكۆلۆجیە دەرباز بكات كەزادەی بیركردنەوەو زادەی سەردەمێكی ناتەندروست‌و زادەی پەرچەكردارێكی نێگەتیڤی ناو دنیای سیاسییە، كە ئینشیقاقە.
 
لێرەدا با كەس واتێنەگات من وەكو یەكێتییەك دەمەوێت لەڕێگەی ئەم نووسینەوە خاڵە سپییەكانی گۆڕان رەش بكەم‌و خاڵە رەشەكانی یەكێتیش سپی بكەمەوە. چونكە لەڕاستیدا ئەوەی لەم زۆن‌و زێدەی ئەم دوو هێزەدا روودەدات، ئەگەر لەسەرێكەوە پەیوەندی بەگۆڕانەوە هەبێت، ئەوا لەسەرەكەی دیكەوە، بەئەندازەی گۆڕان پەیوەندی بەیەكێتییەوە هەیە. بەڵام ئەوەی كە لەئێستادا باری گۆڕان قورس‌و هی یەكێتی سوك دەكات حزوری كاك نەوشیروان‌و غیابی مام جەلالە! حزور‌و غیابێك، كەوای كرد لەهەڵبژاردنی ٣٠ نیساندا هێزی ئەمیان لەلوتكەدا شكست بهێنێت‌و هێزی ئەویشیان لەناو بیری شكستێكی قووڵەوە، وەكو پەرجوو چیرۆكی سەركەوتنی یوسفێكی تر دووبارە بكاتەوە.