ئێران لەبارەی ئەنجامدانی تەزویر لە کوردستان و عێراق دێتە دەنگ
02/06/2014 نوسەر: bzavpress

ئێران لەبارەی ئەنجامدانی تەزویر لە کوردستان و عێراق دێتە دەنگ

  
کونسولی گشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر، نکوڵی لەوە کرد وڵاتەکەی دەست لە کاروباری عێراق وەربدات و ھەر سیستم و حکومەتێک عێراقییەکان پەسەندی بکەن، تاران رێز لە ئیرادەی گەلانی عێراق دەگرێ.

عەبدولعەزیم حوسێنی، کونسولی گشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ، سەبارەت بەو دەنگۆیەی هەیە سەبارەت بە تێوەگلانی ئێران لە ساختەکاریی لە ھەڵبژادنەکانی ٣٠ی نیسان بۆ بەرژەوەندیی ھەریەکە لە نوری مالیکی و ی.ن.ک، وتی ” ئەو قسانە نا راستن.”

لەبارەی ھەناردەکردنی یەکەمین باری نەوتی ئەمبارکراوی ھەرێمی کوردستان لە تورکیاوە کە ھەفتەی رابردوو بەرەو ئەوروپا نێردرا و نیگەرانیی حکومەتی عێراقیشی لێکەوتەوە و بە بەقاچاخ بردنی ناوبرد، عەبدولعەزیم حوسێنی وتی “ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی ھەرێم بە زەرەری ھەردوولا دەشکێتەوە و ھیچیان قازانج لەو کێشانە ناکەن، بەڵکو چەند وڵاتێکی تر سوود لەو کێشانە وەردەگرن و بوونی ناکۆکییەکان لەبەرژەوەندیی ئەواندایە”.

وتیشی حکومەتی وڵاتەکەی ئاواتە خوازە ئەو کێشانە لەرێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێ و گفتوگۆی جیددیشی بە ھۆکارێکی گرنگ بۆ نەھێشتنی ئەو ئاڵۆزییانەی نێوان ھەردوولا ناوبرد.

لەبارەی داواکردنی سەرکردەکانی حزبە کوردییەکانی بەرھەڵستکاری حکومەتی ئێران کە لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن، حوسێنی وتی “ھیچ شتێکی نوێ لەو بارەیەوە نییە”.