ئایا گۆڕان دۆڕا؟
28/05/2014 نوسەر: bzavpress

ئایا گۆڕان دۆڕا؟


ئەوەی مەعلومە گۆڕان، بە رێژەیەک کە لە سلێمانی زۆر کەم و لە هەولێر نەختێک زیاتر، دەنگەکانی دابەزیوە. دەکرێت لە بۆنەیەکی تردا بە وردی قسە لە هۆکارەکانی ئەو پاشەکشە نسبیە بکرێت. 
بەڵام ئایا ئەمە بە دۆڕاندن حساب دەکرێت ؟! من پێم وایە گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا نەک هەر توشی شکست و دۆڕان نەهاتوە بەڵکو سەرکەوتو بوە.
راستە پێوانەی سەرەکی لەو سیستەمانەی بڕوایان بە هەڵبژاردن هەیە رێژەی دەنگ و کورسیە، بەڵام لەم حاڵەتانەی وەک ئێرە، هەندێک پێوەری تر هەن کە جێگای لەسەر وەستانن چونکە دەبنە سەرەتایەکی باش بۆ جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی لە کوردستاندا.
خاڵێکی گرنگ کە من بە دەسکەوتی گۆڕانی ئەزانم لەم هەڵبژاردنەدا، مەسەلەی چەسپاویی دەنگە ئەسڵیەکانیەتی. دیارە هەمو حیزبێک دەنگی ئەسڵی و دەنگی گۆڕاوی خۆی هەیە. بەشێکی پەیوەستە بە ئەستوری بازنەی لایەنگر و ئەندام و هەوادارانیەوەو بەشێکی تریشی، کە دەنگە لەقەکانن، پەیوەستن بە سیاسەتی کاتی و هەندێک دروشمی نوێ و هەنگاوی لەناکاو کە دەبێتە هۆی زیاد بون یا کەم بونی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا.
راستە لەم پرۆسەیەدا، کەمپینی هەڵبژاردنی گۆڕان لاواز بو و نەیتوانی هێڵە سیاسیە چاکسازیەکانی دەربخات؛ کارنامەی رابردو وە پلانی داهاتوی تەنها لە دژایەتی کردن و هەوڵی بەلاداخستنی ململانێکانی لەگەڵ حیزبێکدا کورتکردەوە، دور لەو بنەمایانەی بزوتنەوەکەی لەسەر دروست بو وەک جوڵانەوەیەکی ئیسلاحی. دەبوایە لە راگەیاندنەکانیدا زۆرتر و زیاتر کاری لەسەر کارنامەی پر سەرکەوتوانەی چەند ساڵی رابردوی و پلانی بۆ داهاتو بکردایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕان لە تاقیکردنەوەی سەرجەم ئەو قسەو قسەڵۆکانەی، کە گوایە ئەم دەنگانەی گۆڕان تەنها کەف و کوڵی کاتیەو پەیوەستە بە سیاسەتی رەخنەگرتنیەوە دەرباز بو وە دەرکەوت کە ئەم دەنگانەی گۆڕان دەنگی ئەسڵی و لەقنەبوی خۆیەتی و پەیوەست نیە بە دروشمێکی کاتی و سیاسەتێکی لە ناکاو و ئانییەوە، بەڵکو دەنگی ئەو لایەنگرانەیە کە بڕیاریانداوە سەر بە بەرەی ئەو حیزبە بن و لە چوارچێوەی سیاسەتە گشتیەکانیدا کار بکەن.
مەبەستم لێرەدا ئەوەیە کە دەنگدەری سەرەکی گۆڕان لەم هەڵبژاردنانەدا پەیوەستن بە ستراتیجە گشتیەکانی گۆڕانەوە،و هەندێک لاوازی لە کارکردنی ئیعلامەکەی یا هەندێک سیاسەتی تەوفیقی لەگەل پارتی، نابێتە هۆکاری لاواز بونی متمانەو باوڕیان بە پێگەکەی حیزبەکەیان. ئەمەش نیشانەی بونی ئیستقامەیەکی سیاسی بزوتنەوەکەو پێداگری لایەنگرانیەتی لە پشتیوانیکردنیدا. من ئەمە بە سەرکەوتنێکی گۆڕان ئەزانم کە دەبێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیری سیاسی لە هەرێم و دابەشبونی نەخشەی سیاسی بە شێوەیەک بوارێکی کەم بۆ موفاجەئات دائەنێ و حیزبەکان ناچاری لادان لە پرەنسیپەکانی خۆی ناکات لە پێناو کەسبێکی خێرای هەندێک دەنگدا. بەمەش دەردەکەویت کرە گۆڕان پێی ناوەتە قۆناغێکی تازە لە ژیانیدا و ئێستا ئیتر هەمو لایەک ناچارن وەک هێزێکی ئەسڵی خاوەن جەماوەر و دیدگاو پرەنسیپ سەیری بکەن.
خاڵێکی تری هەرە گرنگ لەم پەیوەندەدا، پەیوەستە بە ئەستوری و پێداگیری حیزبێک( کە لێرەدا گۆڕانە) لەسەر بنەما سیاسیەکانی خۆی.
لە زۆر لاوە رەخنە لە گۆڕان دەگیرێت کە گوایە هەڵەیەکی کوشندەی کرد کە رازی بو رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پارتیدا بکات پێش هەلبژاردنەکان. زۆر کەس باس لەوە دەکەن کە دەبوایە گۆڕانیش وەک یەکێتی هەندێک مانۆڕ بکات و خۆی رابگرتایەو ئاوا بە خێرایی و لەو ساتەوەختانەدا نەچێتە نێو رێککەوتنێکی واوە لەگەڵ پارتیدا. هەرچەندە ئەم رەخنەیە جۆرێک لە رەوایەتی خۆی هەیە بە تایبەت لە ساتەوەختی هەڵبژاردندا کە مەعلومە هەر لایەنێک لە خەمی دەنگێکی زیادەدایە بۆ خۆی، وە بەو حوکمەش کە دەنگی سەرەکی گۆڕان گوایە بە هۆی رەخنە توندەکانی لە سیستەمی حوکمڕانی و بە تایبەت تریش لە پارتی بنیات نراوە. بەلام بەگشتی ئەوە رەخنەیەکی کورتبین و کەم مەودایە، چونکە لێرەدا واقعێک نابینێت کە بۆ حیزبی سیاسی زۆر پێویستە، ئەویش ئیستقامەی سیاسی و راستگۆیی و پێداگیری لایەنەکانە لەسەر هێڵە گشتیەکانی کارکردنیان و دورکەوتنەوە لە تاکتیکی عەوام فریوی. دواجار بە عەمەلیش دەرکەوت کە ئەو رەخنەیە زۆر ناواقعیش بو چونکە بینیمان بەشی سەرەکی دەنگدەری گۆڕان کە خۆی لە نزیک بە ٩٩% دەدات، گۆشکراوی سیاسەتە گشتیەکانی بزوتنەوەکەن و متمانەیان بە بەرنامەو ستراتیجیەت و کارنامەی حیزبەکەیان هەیەو دەنگی ئەوان بۆ مەسائیلگەلێکی لاوەکی گۆڕانی بەسەردا نایەت. ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ گۆڕان. 
گۆڕان لێرەدا هەم بو بە خاوەنی دەنگدەری راستەقینەی خۆی کە متمانەو بڕوای بە سیاسەتە گشتیەکانی حیزبەکەیان هەیە و هەم دەتوانێت لە ئایندەدا کار لەسەر دەنگە راراکان(لەقەکان) بکات و دەنگی خۆی پێزیاد بکات. ئەم جۆرە ئیستقامەتە لە هێڵە گشتیەکانی سیاسەتدا زۆر دەگمەنە لە دنیای سیاسی ئێمەدا، بۆیە ئەم حاڵەتەی گۆڕان دەبێتە جێگای ئومێد لە پەیدابونی نەسڵێک لە دەنگدەر و لایەنگیر کە زۆرتر قوڵدەبنەوە بۆ نێو کارنامەی ئەسڵی حیزبەکان و هەندێک رەخنەی لابەلا کار لەسەر وەلائیان ناکات، ئەمەش بە دیوێکی تردا ئەرکی گۆڕان قورستر دەکات بەوەی وردتر و چڕتر بڕوانێتە ستراتیجیەت و کارنامە ئیسڵاحیەکەی کە زەمانەتی ئەو ئیستیقامە سیاسیە دەبێت.