26/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
نەوتەكەمانو ئیسرائیل
لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆدا وای لێ هاتووە هەمومان دەزانین نەوتی ئەمباركراوی هەرێم لەبەندەری جەیهان فرۆشراوەو ئەم پڕۆسەی فرۆشتنە هەم لەناوچەكە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبووە هەم لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام لەبەرابەردا كەس نازانێ بەهای نەوتە فرۆشراوەكە چەندەو بەكێ فرۆشراوەو بەرمیلی بەچەند فرۆشراوە، جگە لەدوو پرسیارە بێ وەڵامەكە كە بەرژەوەندیی توركیا لەفرۆشتنی نەوتی هەرێمدا چیەو بۆچی خۆی نەوتە ئەمباركراوەكەمان لێ ناكڕێتەوە؟
مەسەلەی فرۆشتنی نەوت تاكە مەسەلە نییە كە كێشەی لێ دەكەوێتەوە، بەڵكو دەشێ مەسەلەی كڕیارەكانی نەوتەكەش كێشەی لێبكەوێتەوە، حكومەتی هەرێم نەوتەكەی بەئاشكرا فرۆشراوە، بەڵام هەرگیز ناوی كڕیارەكانی ئاشكرا نەكردووە. بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئیسرائیل یەكێ لەكڕیارەكانە. بێدەنگی حكومەتی هەرێم لەم رووەوە، دەشێ بەڵگەی راستیی هەواڵەكە بێ، هەرچەند راپۆرتەكەی رۆیتەرز وەك بەڵگەیەكی سەلمێنراوو دوور لەگومان پشتی پێ نابەسترێ.
مامەڵەكردن لەگەڵ ئیسرائیل، لەبواری نەوتدا، بەبێ كێشە تێناپەڕێ، بەڕەچاوكردنی ئەوەی كە مەرج نییە فرۆشتنی نەوت بەئیسرائیل كتومت یەكسان بێ بەدامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا، دەشێ فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەئیسرائیل هیچ دووراییەكی سیاسیی نەبێو مەسەلەكە لەچوارچێوەی پڕۆسەیەكی بازرگانی نەترازێ، بەڵام كێشەكە لەوە دایە كە هەموو جیهانی ئیسلام لەگەڵ ئیسرائیلدا ناكۆكە، تەنانەت میسرو ئوردونو فەلەستینیەكانیش كە دانیان بەئیسرائیلدا ناوە، هێشتا كێشەیەكی زۆریان لەگەڵیدا هەیەو هێشتا پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی نییە.
ئیسرائیل خۆی لەخۆیدا كێشەی وزەی هەیە، تا ساڵی1979 زۆربەی پێویستیی بەنەوت، لەڕێی ئێرانەوە دابیندەكرد. پاش هەرەسهێنانی رژێمی شا لەئێران، ئیسرائیل چیتر نەوتی ئێرانی پێنەگەیشتو وا بۆ35 ساڵ دەچێ یەك دڵۆپەی نەوتی ئێرانی نەچۆتە ئیسرائیل. لەساڵی1948وە وڵاتە نەوتییەكانی عەرەب نەوت بەئیسرائیل نافرۆشن. ئەمەش ئیسرائیلی ناچار كردووە نەوت لەڤەنزوێللا بكڕێ. بۆ ئیسرائیل، كڕینی نەوتی هەرێم بایەخێكی زۆری هەیە، چونكە نەوتی هەرێم هەرزانترین نەوتە لەهەموو جیهانداو لەبەر ئەوەی بەبێ رەزامەندیی ناوەند دەفرۆشرێ، هەر بەرمیلێكی بەنرخی ساڵی1970 دەفرۆشرێ. بەڕەچاوكردنی ئەوەش كە كورد گەلێكی موسلمانە، نەوتی هەرێم تاكە نەوتی گەلێكی موسڵمانە كە بەئیسرائیل دەفرۆشرێ. ئەمەش دەشێ وا لەجیهانی ئیسلام بەهەردوو باڵی سوننەو شیعەوە بكات، بەچاوی گومانەوە سەیری كورد بكاو مەسەلەكە بخاتە چوارچێوەی دەرچوون لەكۆدەنگیی موسڵمانانی جیهان. ئەمەش رەنگە دیوارێك لەنێوان هەرێمو جیهانی ئیسلام دروست بكات.
مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا هێشتا لەجیهانی ئیسلام بەدڕدۆنگییەوە تەماشا دەكرێ. لەساڵانی رابردوودا، پاش رووخانی رژێمی حوسنی موبارەك، میسرییەكان سەرباری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی گازی سروشتی بەئیسرائیل، ئەو كاربەدەستانەشیان دایە دادگا كە گازەكەیان بەهەرزان بەئیسرائیل فرۆشتووە.
لەسەر ئاستی ناوخۆ، عیراق هێشتا دانی بەئیسرائیلدا نەناوەو بۆریی نەوتی كەركوك-حەیفا لەساڵی1948وە لەكار كەوتووەو هەر لەو ساڵەشەوە عیراق بەشێوەیەكی فەرمی لەدۆخی جەنگدایە لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەگەر پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت، بەبێ هەماهەنگی ناوەند خۆی لەخۆیدا مایەی دروستكردنی گێچەڵ بێ، لەناو ئەم پڕۆسەیەدا فرۆشتنی نەوت بەئیسرائیل خۆی لەخۆیدا مایەی دروستكردنی گێچەڵێكی دوبەرابەرە. لەڕاستیشدا هێشتا زۆر زووە نەوت بەئیسرائیل بفرۆشرێ. ئەم كارە جگە لەوەی كە زۆر دۆستمان لێ دەتەكێنێ، پێگەی هەرێم لەهەر دانوستانێكی ئایندەدا لاواز دەكات.