24/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
یەكێتیی: لە رێگەی هەڵواسینی چەند فلێكسێكەوە لە شوێنە گشتییەكاندا سوپاسی هاووڵاتیانی شاری سلێمانی دەكات
مەڵبەندی 1 ی رێكخستنی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رێگەی هەڵواسینی چەند فلێكسێكەوە لە شوێنە گشتییەكاندا سوپاسی هاووڵاتیانی شاری سلێمانی دەكات. لەتیف شێخ عومەر، لێپرسراوی مەڵبەندی 1 ی رێكخستنی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەماڵپەری فەرمی حیزبەكەی گوتووە "
لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی هاووڵاتیانی شاری سلێمانی كە دەنگ و متمانەی خۆیان داوە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەوهۆیەوە ژمارەی دەنگەكان بە رێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە لەچاو هەڵبژاردنی 21-9 ی ساڵی رابردوو، ئێمە وەك سوپاسگوزارییەك ئەو پۆستەرانەمان هەڵواسیوە كە نیشانەی ئەوەیە ئێمە بە هەڵوێستەكەیان پێدەزانین". دەشڵێ "هاووڵاتیانی شاری سلێمانی دڵنیادەكەینەوە كە لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەیاندا، ئێمەش ئەو بەڵێن و پەیمانانەی لە بەرنامەكەماندا هاتووە قەرزاربارین بەوەی كە لەم چوار ساڵەی ئاییندەدا جێبەجێی بكەین، چ ئەوانەی پەیوەندی هەیە بە خزمەتگوزارییەوە لە ئاستی پارێزگارو چ ئەوانەی پەیوەندی بە سیاسەتی نوێنەرایەتیكردنی كوردەوەیە لە بەغداو بەرگری لە مافەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكەین".
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تەنیا یەكێتی بە ئەنجامەكە رازییەو هەریەك لە پارتی، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ لە رێگەی راگەیاندراوێكی هاوبەش تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دا. ئەوان پێیانوایە ئەنجامەكە لە ئاستی چاوەڕوانی ئەواندا نەبووە.