گریمان خۆى کاریزمایە،کوڕەکانى چین .؟.
23/05/2014 نوسەر: bzavpress

گریمان خۆى کاریزمایە،کوڕەکانى چین .؟.


گریمان کۆسرەت ڕەسوڵ کە (23) ساڵە ئەرکەکەى تەواو بووە،بەجەستەیەکى نەخۆشیشەوە،بۆخۆى کاریزماو باوکێکى رۆحى گەلى کوردە ،ئەى کوڕەکانى چین ؟.

ڕەمزێتى و کاریزمایی،کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ کۆمەڵى کوردیی لەوێوە هاتووە،کە وەک مەلابەختیار باسى مۆدێرنەو دیموکراسیی و سیکۆلاریزم ناکا..بەڵکو ئەگەر (2) خێڵ ببێت بەشەڕیان بە شەشە حەوت دەفتەر سوڵحەکەیان بۆ ئەکا،ئەگەر لەسوچێکا کۆنە جاشێ،سەرۆک خێلێک شک ببا،بانگى ئەکا،لەسێتە سەیارەکانى خۆى،سەیارەیەک و چەند دەمانچەیەکى پێ ئەدا،یان ئەگەر چەن کەسێک هێرش بکەنە سەربنکەى پۆلیس،ئەم لەبرى ئەوەى پشتگیریی دادگا بکات..لاى خۆیەوە بە عەشایەرى چارەسەرى  گرفتەکە ئەدات لەسەرحیسابى خەڵکى بەشمەینەت..ئاوها نفوسى پەیاکردووە..کۆمەڵى کوردیی کۆمەڵێکە هەمیشە لەهەناویدا ئەوە هەڵگرتووە،کەدواجار خۆى پێ ڕەنجەڕۆ ئەکا.کۆمەڵێکە بۆ سوکایەتى کردن بە بەها و ئەخلاق و ئەقڵ .بگرە لەهەزار کەس کەسێک نادۆزیتەوە،پێناسەى ئەخلاق وسەنتەربونى ئەقڵت بۆ بکا .
بەوحاڵەشی کەچەندین ساڵە،بۆ هەموو شوێنێک،بۆهەر هەڵبژاردنێک،ئەم بەڕێزە لیست و کوتلەو جەماعەتى خۆى هەیە.حزبێکە لەناو حزبێکى تردا،بەو حاڵەشی (8) ساڵە جێگرى سەرۆکى هەرێمە (8) ڕۆژ دەوامى نەکردووە،مووچەو میزانییەش  وەرئەگرێت..بەوەشى کەلەپاى پشتگیریی کردنى درێژکردنەوەى ماوەى سەرۆکایەتى هەرێم.لیوایەکى بۆخرایە سەر وەزارەتى ناوخۆ  (ئێستا لە شەرقیشدا شتى وانەماوە، بەرپرسێکى حزبى یەک دوو لیواى تایبەت بەخۆى هەبێت نەک غەرب ؟.) .
یەک لەکوڕەکانى،هێشتا مووى لێ نەهاتبوو،ئامر لیوا بوو،بەپلەى وەزیریش خانەنشینە،بێ ئەوەى پێنج خولەک هیچ کارێکى ئیدارى کردبێت !.ئەویتریان بەفەردە دۆلارى بۆ سەرفکرا،لەبرى بۆ حزبەکەیان بانگەشەبکەن،بنکەى تایبەتیان لەشارەکان بۆبانگەشەى خۆیان کردبۆ وە. تاکرایە پەرلەمانتار .ئێستا ئەیکەن بە وەزیر !!. ئەمە ئەگەر مەهزەلەکردنە بەو شەرعیەتە شۆڕشگێڕییەى کەمن باوەڕم پێی نییە.ئەگەر مەهزەلەیە بەیەکێتى و سەروەرییەکانى کە من پێموایە ئەبەد ئەم سەرانەى ئێستا هەن یەکێتى نین .هەموو خەڵک مافى بەسەر یەکێتییەوە هەیە ئەمانە نەبێت .ئەم شتانە بۆخۆتانە و ئاساییە ..
بەڵام،ئەگەر بۆ پتر لەکەدارکردنى  ئەخلاقى سیاسیی و گەمەى ناجۆرە لەگەڵ عەقڵیەتى خەڵک و کادرە بەستەزمانەکانى خۆشتان. ئەمەیان بۆ فرۆشتن نییە .ئێوە ئەتوانن بەسوود وەرگرتن لەخەفڵەتى خەڵک، سەرخانەکە لە بڕیارى سیاسیی و لەنەوت و پاڵاوگەکانى خۆتان بفرۆشن .توانیتان لەگەڵ وەبەرهێنى ئیسرائیلى  ئیشى ڕەش بکەن .شتى دیکەى زۆریش بکەن .هەروەها توانیتان ماوەیەکى زۆر دەمى میدیاى نائەهلى دابخەن.یان هەندێ گۆڤارو کاغەزى نەخوێنراوە،لەزەوییەکا ڕزاون.لەوبازاڕە،بەمناڵ و تیواڵى ناوکایەى ڕۆژنامەنوسی دەربکەن .توانیتان چایچییەکانیشتان بکەنە خاوەنى ڕەگەزنامەى ئەروپى و بیانکەن بە (ڕۆژنامەنووس)..بەڵام ناتوانن وابکەن،سوعبەت لەگەڵ هەست و نەستى هەرنەبێت چینێکى کۆمەڵ بکەن.چۆنتان ویست ئاوا بیدەن لەبەر .!..ئەگەر وایە،دەبێت ئێمە سبەینێ چاوەڕێی مناڵى دەرباز و قوباد و شاڵاو و ئەوانى پارتیش بکەین .!.هەروەکو باوانیان دەکەن ؟.هەندێک خەڵک لەم ژیانە فێرى موزایەدە بوون ،هەموو مواسەفاتەکەیان ئەوەیە کوڕى فڵانەکەسن،یان پیاوى فڵانە کەسن و ،ڕۆژێک دزى یان جاشایەتیان کردووە .
باوانەکان،مناڵەکان،بنەماڵە لەهەولێرو دهۆک یەک کەسە.لەهەموو شت بەرپرسیارە،کەچى لەناوچەى سولەیمانى پەنجا بنەماڵە حوکم ئەکاو،کەسیش ئەوى دى ناخوێنێتەوە،کەسیش خاوەنى دونیابینییەکى ئەقڵانى و کوردانەى هاوچەرخ نییە .ئەمە بێجگە لەحوکمى ئێران و ئیسلامى و مەلاو دەستى پارتى و هەزارو یەک بەزم و شوێنى تر ...