20/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پەرلەمان ڕیسەکەی کردەوە بە خوریی
دەربارەی هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان لە هەفتەی ڕابردوودا تایبەت بە هەموارکردنی سێیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ناونان و ڕاسپاردنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەک یەکێک لە هەنگاوەکانی کەمکردنەوە و کاڵکردنەوەی ئاسەواری دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەی ئەکرا ئەو دەرفەتە باشتر سوودی لێ وەربگیرایە بە مەبەستی هەموارکردنێکی گشتگیرتر و باشتری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ، لەوانەش هەموارکردنەوە و کەمکردنەوەی بەشێک لە دەسەڵات و سەڵاحیەتە زۆرەکانی سەرۆکی هەرێم ، دانانی ڕێکاری یاسایی بۆ لێپێچینەوەی سەرۆکی هەرێم ، ڕێکخستنێکی یاسایی وردتر بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم لە ( شێوازی دەسنیشانکردن هەڵبژاردن ، ڕێکخستنی کار و چالاکی و سەڵاحیەتەکانی ، و وادە و شێوازی کۆتایی هاتنی کار ) هەروەها دەستنیشانکردنی وادە بۆ ناونانی سەرۆکی حکومەتی رٍاسپێردراو، ناونان و ڕاسپاردنی لیستی براوەی یەکەم یاخود هاوپەیمانیی یەکەم.....هتد ، بەڵام بە پاساوی ئەوەی پەرلەمان لە ژێر هەرەشەی کاتدایە لە پێناو زوتر پێکهێنانی حکومەت و زووتر ڕاسپاردنی تەنها یەک کەس هەموارکردن بکرێت...پەرلەمان پرۆژەی هەموارکردنەوەکەی بچوک کردەوە تەنها لە ڕێگریکردن لە ناونان و ڕاسپاردنی جێگری سەرۆکی حکومەت. وە سەرەڕای تێکچونی تەبایی و سازان لە نێوان بەشێکی سەرەکی کوتلەکانی ناو پەرلەماندا بۆ ئەو پرسە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ زۆربەمان کارێکی باش بوو پەرلەمان هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت و هەموارکردنێکی لەو جۆرە ئەنجام بدات مادام ئەم پرۆسەیە لە پێناو زووتر پێکهێنانی حکومەت و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و کاڵکردنەوەیەکی باشتری ئاسەواری دوو ئیدارەییە لە هەرێمی کوردستاندا...بەڵام ئەوەی کە جێگەی تێرامان بوو ئەوەبوو ، پەرلەمان سەرەتا کارەکە لە دەستی خۆیدا بوو بۆ بەجێ گەیاندنی پەیامەکەی...کەچی بە دەستی خۆی سەڵاحیەتەکانی خۆی زەوت کرد و هەڵیدایە دەستی سەرۆکی هەرێمی وادە بۆ درێژکراو، هات لە بری ئەوەی خۆی یاساکە بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، سپاردی بە سەرۆکی هەرێمی وادە بۆ درێژکراو...لە کاتێکدا بە هەموو پێوەرێک پەرلەمان بۆی هەبوو لە کۆتایی هەموارکردنەوەکەدا بە بڕگەیەک بینوسیایە " ئەم یاسایە لە ڕۆژی دەرچونیەوە لە پەرلەمانی کوردستان کاری پێدەکرێت" نەوەک بهاتایە هەواڵەی سەرۆکی ماوە بۆ درێژ کراوەی بکات...چونکە لە ڕووی یاساییەوە ئەو یاسایانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە هاوڵاتی ئاساییەوە نیە ، پیویست بەوە ناکات خەڵک زانیاری (علم ) یان هەبێت بە وادەی کارپێکردن و دەچواندنیان..بەڵکو بەسە بۆ تێپەڕاندن و کار پێکردنی ئەم یاسایە کە تەنها لایەنی پەیوەندیدار ( سەرۆکی هەرێم + سەرۆکی حکومەت + جێگرەکەی ) زانیارییان دەربارەی ئەم هەموارکردنە هەبێت. واتە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پۆستەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتەوە هەیە....هەر بۆیە زۆر ئاسایی بوو لەم چەشنە هەموارکردنەوانەدا ئەرکی ڕاستاندنی پرۆژەکە بە سەرۆکی هەرێم نەسپێردرایە ، لەبەر ئەوە پێویستی نەدەکرد سەرۆکی هەرێم داخڵی مەسەلەکە بکرێت، وە ئەگەر بگەڕێنەوە سەر ئەزموون و کارەکانی پێشوتری پەرلەمان لە خولەکانی ڕابردوودا چەندین هەموارکردن ئەبینن کە هەواڵەی سەرۆکی هەرێم نەکراوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پاش تێپەڕاندنی لە پەرلەمانەوە ئەکەوتونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەمەش وەک ( إستپناء ) لەسەر بنەمای گشتی ڕاستاندن و بڵاوکردنەوەی یاساکان پاش هەواڵە کردنیان بۆ سەرۆک بە پاساوی ئەوەی ئەم چەشنە یاسایانە پێویستیان بە زانین (عیلم) ی خەڵک نیە، بەڵکو تەنها پێویستی بە عیلمی لایەنی پەیوەندیدار هەیە... باشترین بەڵگەش لەسەر ئەم قسەیە ئەوەیە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005 ەوە هاتۆتە ئاراوە ، ئەی ناپرسن پێش ئەم دروستبونی ئەم پۆستە یاساکان چۆن کەوتونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە ؟؟ بێگومان هەندێکیان ڕاستەوخۆ پەرەلەمان هێزی دەرچواندنی پێداون.
بە هەر حاڵ دواجار پەرلەمان هات بە دەستی خۆی سەڵاحیەتەکەی خۆی سپارد بە سەرۆکی وادە بەسەر چوو، لەوەش سەیر تر ئەوەبوو دواتر بەشێکی زۆری پەرەلەمانتاران لە ناو پەرلەماندا دەستیان دایە مانگرن تا داوا لە سەرۆکی هەرێم بکەن ئەو یاسایە زوو واژۆ بکات..ئێ باشە ئەزیزان ئێوە ئیشەکە لە دەستی خۆتاندایە نایکەن، کەچی ئەیسپێرن بە سەرۆکی هەرێم و مانی بۆ ئەگرن تا تکای لێ بکەن واژۆی بکات . کارەساتەکان لێرەدا کۆتاییان نایەت ، چونکە لەوەش کارەسات ترمان هەیە ، ئەویش ئەوەیە لە ڕۆژی سێ شەممە (20-5-2014 ) پرۆسەی ناونانی ( سەرۆک حکومەتی ڕاسپێردراو و جێگرەکەی ) لە ناو هۆڵی پەرلەماندا بە دەقی ئەسلێ هەموارکردنەوەی یەکەمی یاساکە بەڕێوە چوو ...ئەی باشە بەڕێزان پەرلەمانتارانی ( پارتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ) بۆ وا بە پەلە دەنگتان لەسەر پرۆژەکە دا ، ئەگەر بڕیارە بۆ ئەم کابینەی حکومەتەش هەر بە یاسا کۆنەکە کار بکرێت ؟ ئەی ئێوە پەلەی چیتان بوو ؟؟ پاشان ئەگەر ئەم بەڕێزانە پەلەیان بوو ، ئەی بۆ ناردیان بۆ سەرۆکی هەرێمی وادە بەسەر چوو ؟ ئەی ئەگەر بە دەست و وییستی خۆیان ناردویانە بۆ سەرۆک ؟ ئەی بۆچی مان ئەگرن لە پەرلەمان ؟؟ خۆ ئێمە ئەو پرۆژەیەمان نەناردووە بۆ سەرۆکی هەرێم ، ئەوەئێوەن ناردوتانە ..خۆ ئێوە گوایە ئەتوانن هەموو شتێک بکەن....پاشان ئەگەر هەر هەڵەکەتان کردوە و ناردوتانە بۆ سەرۆکی هەرێم ، ئەی بۆچی چاوەڕێی وەڵامەکەی ناکەن ؟ چارەسەرەکە ئەزیزان بەوە نابێت تۆ دەنگ ئەدەیت یان نا ، بەڵکو بە پرۆژەکەیە کە خۆتان پێشکەشتان کردوە، ئێوە خۆتان کار بە پرۆژەکەی خۆتان ناکەن، ئەی چۆن چاوەڕێ ئەکەن ئەوانی تر کاری پێ بکەن ؟ دواتر گلیەیی لە کێ ئەکەن ؟ لە خۆتان کە پرۆژەیەکتان پێشکەش کردوو کارتان پێ نەکرد ، یان بەوان کە هەر لە بنەڕەتەوە لەگەڵ پرۆژەکەتان نەبوون...ئێوە بە چ پاساوێک دێن هەر بە دەقی یاسا کۆنەکە سەرۆک و جێگرەکەی ناو ئەنێن..ئایا سەرۆکایەتی پەرلەمان کە ئەیزانی پرۆژەکەی بۆ ناچێتەر سەر ، بۆ خستیە کارنامەی پەرلەمان ، کە خستیە کارنامەوە بۆ هاوەڵەی سەرۆکایەتی هەرێمی کرد، ئەی ئەگەر ئەتانزانی بە پرۆژە کۆنەکە کار ئەکەن ، ئەی بۆ یەکریزی کوتلەکانتان تێکدا، ئەی بۆ ڕێگەتان دا سەرۆکایەتی هەرێم گۆڵتان لێ بکات ..ئەی کەواتە ئێوە لە ماوەکانی ڕابردودا چیتان کرد ؟ بەس پێمان بڵێن یانی چی زیاد لە 50 پەرلەمانتاری ( گۆڕان و پارتی و یەکگرتوو کۆمەڵ) ماندەگرن بۆ زەرورەتی ناونەنانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، و لێدوانی توند و ڕادیکاڵانە ئەدەن ، کەچی لە کاتی دەنگداندا (78) پەرلەمانتار دەنگ دەدەن بۆ ناونانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئێوە ئەزانن چی ئەکەن هاوڕێیان ؟ ئێوە بەم کارانەتان تەنها ڕیسەکان دەکەنەوە بە خوریی..ئێوە لەسەر چ بنەمایەک ئەو پرۆژەیەتان هێنایە ناو پەرلەمان و پاشان بڕیارتان دا مان بگرن لەناو پەرلەماندا تا سەرۆکی هەرێمی وادە بەسەر چوو یاساکە پەسەند بکات ؟ وە بۆچی ؟ ئەی ئەگەر ئەمڕۆ سەرۆک و جێگرەکەی پێکەوە ناونران بە هەمان نەریتی ساڵانی ڕابردوو ، ئەی بۆ هەر هەفتەی ڕابردوو ئەو کارەتان نەکرد ، خۆ ئێوە هەر بە یاسا کۆنەکە کار ئەکەن ، ئەم هەنگاوە هەڵەیە چی بوو ناتان ؟؟ ئەی ئێستا چی ئەڵێن ؟؟ دەنگ نەدانی هەندێکتان بە جێگری سەرۆکی حکومەت وەڵامی ئەم پرسیارە ناداتەوە ، بەقەد ئەوەی بێ پلانی ئێوە دەر ئەخات بۆ ئەم پرسە ، چونکە ئێوە پاشتر هەمووتان بەشدار ئەبن لە کابینەی هەشتەم ، پێتان خۆش بێت یان نا وەزیرەکان بە سەرۆک و جێگرەکەیەوە وەزیری کابینەی هەموتانە.....ئەوە ئێوەن بە دەستی خۆتان سەرۆکی هەرێمی وادە بەسەر چوو ئەکەنە مەرجەع بەسەر خۆتانەوە...خۆتان ناگەنە ڕێکەوتن و سازان و دواتریش ڕەخنە لەوانی دی ئەگرن. ..بۆیە تکاتان لێدەکەم بۆ جارێکی تر تکایە چاکی مەکەن با خراپتر نەبێت...ئێوە هەنگاوێک هاتنە پێشەوە بۆ ئەوەی دوو هەنگاوی گەورە بێنەوە دواوە....ئەوەی ئێستا لە ئێوە داواکراوە ئەوەیە ڕاستگۆ تر بن لە داننان بە هەڵە....چونکە ئەوەی ئەمڕۆ شکست بوو بەسەر هەندێکتاندا تێپەڕی ، چونکە ئێوە دەر ئەنجام یاساکەتان هەموار نەکردەوە و تەبایی نێوان فراکسیۆنەکانیشتان بە پرۆژەکە شێواند و حکومەتیش بە هەمان شێوەی ساڵانی ڕابردوو ناونرا