17/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
گه‌شتی زاهیدانه‌ی خه‌یاڵ
..(12)
نۆڤلێت
من شێت بووبووم وه‌ك ئه‌و بایانه‌ی كه له بیابان ناگه‌ڕێنه‌وه و له كوێ خه‌ره‌ندێ هه‌بێ له‌وێن، ئه‌م ویست پاكبم وه‌ك سیله‌ی ڕه‌حمی مانگ، وه‌ك ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی ڕووناكی خۆیان نه‌خۆشی خستبوون و ئه‌وه‌نده عاشق بوون به دیار نوری خۆیانه‌وه وه‌خته ده‌بنه كۆیه‌ك له زووخاڵ!، كوشتنی خاكم له هه‌موو شت پێناخۆشتربوو!، كه‌چی هه‌موو ڕۆژێك به به‌رچاومه‌وه خاكیان تیرۆر و تڕ‌ۆ ئه‌كرد و میزیان ئه‌كرد به ده‌موچاویدا، ته‌نیا من ئه‌مزانی خوێنی ئه‌م نیشتمانه به‌شی هه‌موو دنیا ئه‌كات و كه‌سیش به‌م خوێنه تێرناخوات، وه‌ك بڵێی شێتانه ئه‌م شتانه ئه‌ڵێم یان سروشتی به‌شێكن له ژیانی ئاسایی من و هه‌ندێ كه‌س، یان ته‌نیا ئه‌مانه تایبه‌تن به‌چاره‌نوسی منه‌وه و ته‌نیا من ده‌توانم بیاندۆزمه‌وه، ڕه‌نگه من ته‌رمێك بم و بمه‌وێ به دوای خه‌ره‌نده‌كانی خۆمدا بڕۆم و كۆتا دێڕی یاده‌وه‌رییه‌كانم بنوسمه‌وه، یان تێكه‌ڵه‌یه‌ك بم له خه‌یاڵ و حه‌قیقه‌تێكی ئه‌به‌دی بۆ هه‌موو!، خۆ هێنده‌ی یاده‌وه‌رییه‌كی بچوك، هێنده‌ی خه‌یاڵێكی چكۆلانه، هێنده‌ی حه‌قیقه‌تێكی كه‌میش بم به‌سمه كه ده‌وروبه‌ر فه‌رامۆشم نه‌كات!، یان هه‌ناسه‌ی دوو كۆتری ته‌ره‌ی باغی بێ ئاسودهگیی بم به‌سمه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆحتهزیوو و هه‌میشه‌ش موحتاجی هه‌ناسه‌یه‌كی شه‌تاو و تینوو نه‌بم!، ئه‌گه‌ر له پارچه ئاوێنه‌یه‌كی وردبووی ناو لهپێكیش بم به‌سمه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه تۆیه‌ك كه ناتناسم له مندا بیت!.
ڕه‌نگه ئێوه نه‌توانن لهگهڵایهكیشدا ساتێك بنوون، كه‌چی سه‌حراناس كه‌مێ خه‌وی نادا به حه‌رفێكی سواو وه‌ك من، خه‌می ئه‌ویش به‌بای خه‌یاڵ ناپێورێت، ئه‌و هه‌ر دهمنادهمێ لای كهپڵهكهیهتی، وه‌ڵڵا لایه‌ك له گه‌نجی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر موبایله‌وه ده‌مرن!، به‌ڵام خۆ ئه‌مڕۆ پێویسته لانی كه‌م هه‌ر مرۆڤێك كه‌سێكی هه‌بێ دڵی بۆی بسوتێت، ته‌نانه‌ت بۆ خۆشم سه‌رسام بووم به‌وه‌ی كه من بۆ ئه‌بێ له به‌ینی بوون و نه‌بووندا بم، وه‌ك هه‌تیو بم و ئه‌ویش نه‌بم، له به‌ینی موعجیزه و خورافه‌تدا هه‌میشه په‌پوله سیاسیه‌كان لای من بن!، بۆ له به‌ینی مردن و خۆشه‌ویستیدا من تیرۆر ئه‌كرێم، كه ڕووبار زمانی تواوه‌ی منداڵ بێ بۆ ئه‌م لافاوی موسیبه‌ته ده‌مانبات، كه ده‌ریا ده‌ستی بڕاوه‌ی گه‌نجه بێحاسڵهكان بێ بۆ ئه‌م بای فه‌ساده ئێمه‌شی برد!، كه زه‌ریا ئه‌و ڕۆمانه ته‌واونه‌كراوه بێ، ئێمه بۆ سه‌ره‌ڕۆی ئه‌م داستانه بین!، كه مرۆڤه‌كانی ئێره مۆسیقا له‌ناوه‌وه‌یاندا نه‌بێ، من بۆ چی ئیدراكم ببه‌سترێ و نه‌هێڵن حهرفێكیشم هه‌بێ بۆ وتن!.
من ته‌نیا له دنیادا دوو شتم پێكه‌وه به جوان ئه‌زانی ئه‌وانیش(پێكه‌نین و گریان)بوون، هه‌مووشتێكم به‌زیاده ئه‌زانی، جگه له‌و دووانه، هه‌ر بۆیه كاتێ تۆ پێده‌كه‌نی گرنگ ئه‌وه‌یه گریانت له بیر بێـت، به هه‌مان شێوه‌ش كاتێ ده‌گریت چاكتر وایه به كوڵ بگریت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركات پێكه‌نیت كه‌مێ گریانت له بیر بێت!، گرنگتر ئه‌وه‌یه كه تۆ هه‌میشه بگریت، چونكه ئه‌وه ته‌نیا گریانه واده‌كات ڕه‌هایت به‌شته‌كان پێ بدات، ئه‌وه ته‌نها گریانه جوانی به توڕهبوونهكانمان ده‌دات، ئه‌وه ته‌نیا گریانه واده‌كات عه‌تف وه‌ك خۆی بناسین و جوانی وه‌ك خۆی ببینین!، ئه‌و ئازاره جوانانه نیشانه بكه‌ین كه له زامی ڕۆحمانه‌وه دێنه‌ده‌ر و ئه‌و كه‌ماڵه بگه‌یه‌نیته حه‌قیقه‌ت كه ده‌مانگه‌یه‌نێته نه‌مری، هه‌ركه‌سێك پێنه‌زانێت كه بێ گریان ڕۆح تووشی زام و ده‌رد و سیل ده‌بێت ئه‌وا هه‌رگیز نابێته كه‌سێك كه خاوه‌نی ئه‌و ههستهبێت تا بتوانێت هه‌ركاتێ وه‌ختی پێكه‌نین بوو خه‌یاڵی لای گریانێكی حه‌قیقی بێت و هه‌ر كه‌سێكیش وه‌قتێ گریانێكی له‌قوڵپی خوێنه‌وه بۆهات پیویسته له هه‌مانكاتدا پێكه‌نینی به‌و كه‌سانه بێت كه ته‌نانه‌ت نازانن چۆن ده‌گرین و چۆن پێده‌كه‌نن و چۆنیش له‌و دوانه ده‌ڕوانن و چۆن چۆنیش لێكی ده‌ده‌نه‌وه!؟.