سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمان: خاکیبونێکی جیاواز
15/05/2014 نوسەر: bzavpress

سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمان: خاکیبونێکی جیاواز


سەرۆک لە شەقامێکدا لەگەل هاولاتیەکدا چا بخواتەوە ئاماژەیەکی جوانە بە تێکەڵ بون و دابەزینی بەرپرسە بالاکانمان بۆ نێو جەماوەر، بەلام هەرگیز بەقەد ئەوە گرنگتر نیە کە هاوڵاتیەک بتوانێت ئازادانە لەگەل سەرۆکدا لە نێو بالەخانەی پەرلەمان چایەک بخواتەوە.
گرنگی سەرۆکی پەرلەمان لەوەدا نیە بە تەکسی بڕوات بۆ پەرلەمان، بەڵکو لەوەدایە لە خەمی پیادەکانی میللەتەکەی بێت.. لەوەدا نیە چەند پاسەوانی هەیە، بەڵکو لەوەدایە چۆن پەرلەمان دەکاتە پاسەوانی بەرژەوەندیەکانی خەڵك...تەنها لەوەدا نیە سادەو خاکی بێت، بەڵکو لەوە پێویست تر ئەوەیە هەیبەت بۆ پەرلەمان و بەها بۆ کاری پەرلەمانی بگێڕێتەوە.
راستە ئێمەی کورد ساڵانێکە گیرۆدەی خۆ نواندنی کۆمەڵێک بەرپرسین، خۆ دورخستنەوەیان لە کۆمەڵگا، لە شەقام، لە ئازار و خەمی هاوڵاتیان، ئەزانم میللەت چەندە تینوی بینینی بەرپرسێکە بە ئاسایی و سادەیی وەک ئەو بژی، وە چەندە بێز لەو بەرپرسانە دەکاتەوە کە سەرمایەکەیان هۆش و بیر و زانست و خەبات نیە، بەڵکو هەیبەتێکی موزەیەفی خاڵی لەهەر بەهایەکی ئینسانیە. ئەوان کە خۆیان چواردەور ئەدەن بە کۆمەڵێک پاسەوان، کە رەتڵێک سیارەی رەش ئەخەنە پێش و پاشی خۆیان، ترس لە تیرۆریست و ناحەزانی گەلەکەمان نیە، بەڵکو خۆنمایشکردن و دەرخستنی جیاوازیە شکڵیەکانیانە، داپۆشینی داروخاوی ئەخلاقی و سیاسی کارنامەو رەفتاریانە.
سەرۆکی پەرلەمان دەبێت ئەوە بزانێت کە ئەو سەرۆکی باڵاترین دامەزراوەی کۆمەڵگایە، ئەو ناکرێ چیتر وەک کەسێکی حیزبی کار بکات، ئەو دەبێت چیتر سەرقاڵی سەردانی گردەکان و بەرپرسە حیزبیەکان نەبێت، سەری بارەگای هیچ حیزبێک و بەرپرسێک نەدات، نابێ لە مەراسیم و بۆنەو کۆنفرانسی هیچ حیزبێکدا بەشدار بێت. ئەو سەرۆکی هەمو لایەنەکانەو چیتر موڵکی هیچ لایەنێک نیە. ئەو دەبێت بەیەک چاو مامەلە لەگەڵ هەمو پێکهاتەکانی وڵاتەکەی بکات و خۆی دور بگرێت لە لایەنگیرێتی. خاکی بونی سەرۆک لەوەدا نیە سەرقاڵی سەردانی لایەنگیران و دەنگدەران و هاوڕێکان و شوێنە کۆنەکانی بێت، بەڵکو ئەو ئێستا تەنها یەک ماڵی هەیە کە پێویستە بیکاتە ماڵی هەمومان و شوێنی ئاواتی هەمومان. من نامەوێ سەرۆک لە سەرجادە ببینم بەڵکو دەمەوێت زۆرینەی کاتی لە نێو باڵەخانەکەی و بە بینینی پەرلەمانتاران و هاولاتیان بەسەر ببات. 
گەڕاندنەوەی روح بۆ پەرلەمان دەبێت هەمی سەرەکی جەنابی سەرۆک بێت.
لەبەر ئەوەی متمانەیەکی زۆرم بەم سەرۆکە هەیە و دڵنیام ئەو کەسە دەبێت کە جێێ ئومێدی زۆربەمانە، بۆیە وا لێرەدا سەرخەتی ئەو ئەرکانەی بە پێویستی ئەزانم سەرۆک کاری لەسەر بکات ئەخەمە روو، بەو هیوایەی سودێکی هەبێت.
یەکەم: سەرۆک دەبێت رۆژێک دانێت بۆ بینینی هاولاتیان، رۆژنامەنوسان، چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، سەندیکاکان. زۆر باشیش ئەکات گەر گروپێک پێک بێنێت بۆ وەرگرتنی سکالاکانی هاوڵاتیان و داواکاریەکانیان و بەدواداچون کردنیان و وەلامدانەوەیان.
دووەم: سەرۆک دەبیت کار بۆ ئەوە بکات سەرۆکایەتی پەرلەمان لە پۆستێکی سیاسیەوە بکاتە پۆستێکی زیاتر ئیداری. دەبیت دەستەی سەرۆکایەتی لە میحنەتی موحاسەسەی حەزبی رزگار بکرێت و چیتر بوار نەدات پەرلەمان، تەنها بۆ دیاریکردنی سەرۆکایەتیەکەی، ٧ مانگ بێئیش دابنیشێت. ئەمە زۆر نەشیاوە.
سێیەم: بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە گرنگترین کارێک کە دەبێت سەرۆک بیکات ئەوەیە سەرمەستی پلەو ئیمتیازاتی پۆستەکەی و دەسەلاتە زۆر و زەبەندەکانی نەبێت. ئەو دەبێت خێرا کار لەسەر دانانی پەیڕەوێکی نوێ بکات بۆ پەرلەمان کە تیایدا بەشێک لە ئەرکەکانی سەرۆک بدرێتە هەیئەتێکی نوێ کە لەسەرۆکی فراکسیۆن و دەستەی سەرۆکایەتی پێک دێت و، بەشێکیشی تەحویلی سەرۆکایەتی دیوان بکرێت. هەر لە ئێستاوە هەق وایە سەرۆک بێ پرس کردن بە فراکسیۆنەکان هیچ بڕیارێک لەسەر: بەرنامەی کار، دامەزراندن، گۆڕانکاریکردن لە پەیکەرەی پەرلەمان نەدات.
چوارەم: پێویستە بەشی زۆری راوێژکارەکان دابەشی سەر لیژنەکان بکرێت. سەرۆکایەتی پێویستی بە راوێژکار نیە یا لانی کەم بەم رێژە زۆرە. دەبێت ئەو راوێژکارانە بە گویرەی شارەزایی و ئەزمونیان بخرێنە سەر میلاکی لیژنەکان و هاوکاریان بن لە ئیش و کارەکانیاندا. هەق وایە دەستەیەکی راوێژکاری یاسایی لە پەرلەمان دروست بکرێت بۆ هاوکاری کردنی سەرۆکایەتی و لیژنەی یاسایی و لیژنەکانی تر بۆ هەر کاروبارێکی یاسایی.
پێنجەم: پەرلەمان فەرمانبەرێکی زۆری هەیە، دەکرێت بەشێک لەم فەرمانبەرانە بە گوێرەی شارەزاییان هاوکاری لیژنەو فراکسیۆن و پەرلەمانتاران بن. باشترین هەنگاو ئەوەیە لە بری دانانی کۆمەڵێکی زۆری پاسەوان، ئەوا بۆ هەر پەرلەمانتارێک، راوێژکارێکی یاسایی و راگەیاندن دابنرێت. بەمەش هەم کۆمەڵێک کوڕ و کچی دانەمەزراومان دەبنە خاوەنی ئیش و هەمیش شارەزاییەکی باش لە کاری پەرلەمانی وەردەگرن و پەرلەمانتاریش باشتر دەتوانێت بە دواداچون بۆ ئیشەکانی بکات.
شەشەم: دورخستنەوەی موحاسەسەی حیزبی لە دامەزراندنی کارمەند و خەبیر و راوێژکارەکان، پێدانی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمو هاوڵاتیان. بێلایەن کردنی هێزی پۆلیس و پاسەوانی پەرلەمان و گۆڕینی مەرجەعیەتیان بە گوێرەی خودی پەیڕەوی ناوخۆ کە دەبێت تەنها سەر بە پەرلەمان بن و هێزی تایبەتی ئەو بن.
حەفتەم: لە سەروی هەمویەوە، پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمان و بە تایبەت سەرۆکەکەی لە هەوڵی گەڕاندنەوەی هەیبەت و سەنگی پەرلەمان بن و بیگەڕێننەوە بۆ مەداری ئەسڵی خۆی لە سەروی دەزگاکانی ترەوە. روحی چاودێری و بە دواداچون و موحاسەبەو لێپێچینەوە بە هێز بکەن. پەرلەمان بە دور رابگرن لە دروشمبازی سیاسی و پەخشینەوەی بەیاننامەو نارەزایەتی نامە. بەشێکی گرنگی سەنگی پەرلەمان پەیوەستە بە ئاکار و کرداری سەرۆکایەتیەکەی.
دەستم لە هەویرە هەر ئەوەندەم لە بیرە