12/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
هیچ ڕێگایه‌ك ناگاته كۆتاییه‌كه‌ی تا به ده‌ستی خۆت كۆتایی پێنه‌هێنی!
گه‌شتی زاهیدانه‌ی خه‌یاڵ...(10)
نۆڤلێت
من ئه‌مزانی له‌سه‌ره‌تای ئه‌و خاڵه‌وه ده‌ستم پێكردووه كه ناوی لێنراوه بۆم (حه‌یاتێكی كلاسیك و ڕه‌كیك!، زینده‌گییه‌كی تا سه‌رئێسقان ناجێز و كه‌م ڕه‌نگ!، ژیان له ڕێگایه‌كدا كه تا ئێستا نازانرێ ئاینده و ده‌رچه و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی چۆنه!، چاره‌نوس و ئاینده‌یه‌كی نادیار و لێڵ!، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی درێژخایه‌نی تاقه‌تپڕوكێن!،پێكه‌نینێكی درۆینه و لاستیكی و ناچاریی!، گریانێكی به‌حه‌سره‌ته‌وه ڕاسته‌قینه و به‌رده‌وام!، ئه‌شمزانی كۆتایی ئه‌و شه‌قامه قوڕینه چۆنه!؟ كه ده‌یبنم و هه‌مووشتان ده‌بینن، به‌ڵام هه‌میشه بیرم له دۆڕانی ئیجباركراو، سه‌ركه‌وتنی درۆینه، شكستی ناچاریی، هه‌ستانه‌وه‌ی بێ ئومێد، ئومێدێكی غه‌مگین، حه‌سره‌تێكی قووڵ ده‌كرده‌وه!، هێنده‌ی گه‌وره‌یی قیامه‌ت ترسم له شاردنه‌وه‌ی ڕاستێتی ڕه‌وا هه‌بوو كه به ناڕه‌وا بشاردرێته‌وه، یان حاشاكردن له ڕاستییه‌ك كه به چاو و دڵی خۆت ناسیوته!، هه‌میشه‌ش له‌و شته ترساوم كه یه‌كێك بییه‌وێ داوه‌تی هه‌میشه‌یی هه‌ناسه‌كانی خۆیت بكات و تۆش هۆكارێكت هه‌بێت كه ئه‌و نه‌توانێ پێت بڵێت!، ئه‌وه‌شم ده‌زانی كه له نێو هه‌موو شتێك‌دا، یان له هه‌موو جێیه‌كدا شوێنێكی تایبه‌ت هه‌یه بۆ من، یه‌كێكی دیكه له ترسه‌كانم شكانی ئه‌و شه‌ره‌فه ئیمزاكراوه بوو كه له نێوانی هه‌ر كه‌سێكدا مۆركرابوو، یان له نێوانی هاوڕێكاندا هه‌تا به‌رژه‌وه‌ندی ماددی زاڵ بێت به‌رده‌وام بێت و كه ئه‌و لایه‌نی ماددییه‌ش نه‌ما ئه‌ویش نه‌مێنێت، ئه‌وه‌ش هه‌بوو كه مه‌علومه هه‌مووشت له ده‌سته‌كانی خۆتدایه بۆ هه‌ر شتێك كه بته‌وێ بیكه‌یت!، ده‌رئه‌نجامیش هه‌ر ده‌سته‌كانی خۆته بێ زیانت ده‌كات، یان پڕت ده‌كات چێشتنی ئازار و ناچاربوون به قه‌بووڵكردنی ئه‌نجامی خراپه یان چاكه‌كانت!، هه‌موو ئه‌مانه‌م بۆ ڕۆحی ته‌به‌ڕای خۆم دووباره و چه‌ندباره ده‌كرده‌وه و ئه‌وه‌شم ده‌وت كه هیچ ڕێگایه‌ك ناگاته كۆتاییه‌كه‌ی تا به ده‌ستی خۆت كۆتایی پێنه‌هێنی!، یان ئه‌و قسه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی دادی له‌سه‌ر ته‌نگ بێت بێگومان سته‌میشی له‌سه‌ر ته‌نگتره!، ئه‌و په‌نده چینییه‌ش كه ئێژێت ئێمه ناگرمێنین هه‌تا كاری خۆمان نه‌كه‌ین، لافاویش ناكه‌ین هه‌تا نه‌یبارێنین!، شتێكی تر كه كه‌م كه‌س هه‌ستی پێده‌كات كه گه‌شته‌نه به به‌خته‌وه‌ری، له كاتێكدا مه‌ترسی به‌خته‌وه‌ی له‌وه‌دایه مرۆڤ له‌و كاته‌دا هه‌موو چاره‌نوس و كه‌س و شتێك قه‌بووڵ ده‌كات، كه ڕه‌نگه دواجار هه‌مووشتێك پێچه‌وانه ببێته‌وه و هه‌موو شتێكت ببێته نابه‌خته‌وه‌ری!، هه‌ندێجار له دوای بێده‌نگییه‌كی قووڵ و كپ و خامۆشی هه‌موو سه‌رنشینانی نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا، له ڕێگه چۆڵ و هۆڵ و دورودرێژه‌كاندا زۆر خۆم به عه‌به‌سی ده‌بینی و به خۆمم ده‌وت ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بمرم، هه‌ر له دوای ئه‌سپه‌رده‌كردنم هێنده نابات له گۆڕه‌كه‌م دێمه ده‌ره‌وه و بیری هه‌موو شتێك ده‌كه‌م، له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی مرۆڤ كه هه‌رگیز ئازاره‌كانی له بیر ناچێت، من هێنده‌ی هه‌موو كه‌س هه‌رگیزا و هه‌رگیز ئازاره‌كان له بیرناچێت!، هه‌موو ئه‌مانه‌م له مه‌ستییه‌كی شێتانه‌وه بۆ ده‌هات و نه‌مده‌توانی هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌م هه‌بێت!، وه‌ك شتێكی شه‌ڕانگێز و نهێنیگر نه‌مده‌زانی بۆ بیركردنه‌وه‌م لای مه‌ستی، شیعر، شه‌راب، شۆخی، ده‌كرده‌وه، یان هه‌ندێجار ئه‌وه‌شم به خۆم ده‌وت نه هیچ شتێك چاوه‌ڕێمه و نه چاوه‌ڕێی هیچ شتێك ده‌كه‌م.
تۆ ببینه نێوانی ژین و مردن چه‌ند ته‌نگه!، كاتێ پاولۆ ئه‌ڵێ:(ژیان به وردی پنتی به‌رامبه‌ر به مردنه، مردن واته تائه‌به‌د له دۆخێك‌دا مانه‌وه)، تۆ ببینه نێوانی عه‌شق و خورافه‌ت چه‌ند نزیكه!، تۆ ببینه نێوانی پیاوه‌تیی و سپڵه‌یی چه‌ند بێوه‌فایی مه‌له‌ئه‌كه‌ن!، تۆ ببینه نێوانی وێرانه‌یی شه‌قام و بازاڕ و به‌ڵێن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حكومه‌ت چه‌نده ته‌بان!، هیچ كات ئه‌وه‌نده سه‌رسام نه‌بووم به حكومه‌تی نیشتیمانیی و نمونه‌ی ئاشتیی و برایه‌تیی درۆینه‌ی ئه‌مانه!.
ئه‌وه‌نده هه‌وای ئه‌و به‌یانییه تووند بوو به ئه‌سته‌م ده‌رگای ته‌كسییه‌كه‌مان بۆ ئه‌كرایه‌وه، بایه‌ك كه بۆنی چاره‌نووسێكی نادیار و موسیبه‌تێكی بێبه‌زه‌ییانه‌ی لێ ئه‌هات!، ده‌مهه‌ناسه‌یه‌ك وه‌ستاین بۆ پاس، به‌ڵام بێ فایده بوو، ڕه‌شه‌با ڕۆحی ئینسانی ئه‌ته‌زاند و نه‌یهێشت كه‌مێ بوه‌ستین، ناچار ته‌كسییه‌كمان گرت و گه‌شتینه گه‌راجی پایته‌ختیترین شاری خوێناوی سه‌رزه‌مین!، واته به‌غدادی خه‌لیفه‌كوژ!، یه‌كه‌مین شاری له‌عنه‌تلێكراوی دنیا!، ئه‌و شاره‌ی كه به‌سه‌دان خه‌لیفه‌ی به هه‌ڵه له ناو برد و نه‌یهێشت مرۆڤایه‌تی ئیسراحه‌ت بكات!، ئه‌وێ كه به‌س ته‌عداكردن و فیسق و فجور تێیدا حه‌ڵاڵ و ڕه‌وایه،به‌غا!!!.