07/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پەرلەمانی كوردستان ماوەی هەفتەیەك دەداتە یەكێتی نیشتیمانی بۆ دیاریكردنی كاندید بۆ جێگری سەرۆكی حكوومەت
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا ماوەی یەك هەفتە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درا، بۆ ئەوەی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیاری بكەن، بە پێچەوانەوە رێگەیەكی دیكە دەگرنە بەر.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان فەرحان جەوهەر، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆ بووە و تێیدا گفتوگۆ لەسەر چەند خاڵێك كرا، لەوانە پەسەندكردنی كاندیدی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی و هەڵبژاردنی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان و پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی ئەرسەلان باییز، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك كرا.
فەرحان جەوهەر گوتیشی: هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ماوەی یەك هەفتە درا بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەوەی كاندیدی خۆیان بۆ جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیاری بكەن.
جەوهەر زیاتر گوتی: ئەگەر تا ئەو كاتە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاندیدی خۆی دیاری نەكرد، ئەگەر كات هەبێت یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار دەكرێتەوە، ئەگەر كات نەما كەسێكی دیكە لە شوێنی ئەوان بە شێوەیەكی كاتی وەكو سكرتێری پەرلەمان رادەسپێردرێت.
ناوبراو رونیشی كردەوە، فراكسیۆنی یەكێتییش ئەم بڕیارەی پێ باش بوو و باسیان لەوە كرد كە تا ئەو كاتە دەتوانن خۆیان یەكلا بكەنەوە و بەشێكیشیان دەنگیان بەم بڕیارە دا.