06/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بوهتانکردن و درۆ هەڵبەستن زۆر ئاسانە
بەڵام لەشەرع و ئاینی خوادا زۆر تاوانە
هیچ سەیر نیە مرۆڤێك بوهتان بۆ مرۆڤێکی دیکە بکات ، یان درۆی بەزمانەوە بکات ،چونکە ئەوە کارێکی ئاسان و ئاساییــە هەرچەند تاوانێکی گەورە و گرانە ،وەئەویش هۆکارێك یان زیاتر لەپشتی هەر بوهتان کردن و تۆمەتبار کردن و درۆ بەدەمەوە کردنێکەوەیە .بێگومان ئەوەی لەخودا و ڕۆژی دوایی بترسێت ، جورئەت و زاتی ئەوە ناکات بوهاتن بۆ خەڵک بکات ،یان تۆمەتیان بۆ درووست بکات ، یان درۆ بەزمانیانەوە بکات. هەڵبەت ئەوانەی لەڕابردوودا درۆو بوهتانیان بۆ پێغەمبەران و ،زانایان و بانگخوازان و خەڵکانی بێ تاوان درووستدەکرد بەزۆری خەڵکانی بێباوەڕ و مونافیق و فاسق بوون . بۆیە شتێکی ئاسایی و سرووشتیە کەکەسێكی بێباوەڕ و مونافق ، یان موسوڵمانێکی فاسق و ئاشکرا لەفسقدا بوهتانت بۆ بکات، یان درۆ بەزمانتەوە بکات ،بەڵام ئەوەی جێگەی داخە کەبابایەکی ئیسلامی و بەحیساب پابەند بەئیسلام بوهتانت بۆ بکات، یان درۆ بەزمانتەوە بکات !وەئەوەش زیاتر جێگەی داخە کەلافی عیلم و زانستی شەرعی و بانگخوازیش لێبدات !. ساڵانێک بەر لەئێستا هەندێك بوهتانی ئەوەیان بۆ بەندە کرد کە بووە بەیەکێتی .!! وەبەوەشەوە نەوەستا بوون بەڵکو وتبوشیان خوێنەکەشی سەوزە ! بۆچی !؟ چونکە ماوەیەك لەمزگەوتی (پاشا) پێشنوێژ بووم ،وەهەرجارێك وتاربێژی مزگەوت سەفەری دەکرد بەلایەکدا من لەبری ئەو وتارم دەدا ،وەئەوەش لەدوای ئەوەی ناچاربووم لەگوندی عەنەبەوە بگەڕێمەوە بۆ هەڵەبجە لەبەر ئەوەی کاتێك لەوگوندە مەلا بووم لەناو یەکێتی هەندێك بەگومان و بەتۆمەتی ئەنصارولئیسلام لەساڵی ٢٠٠٣ دا تۆمەتباریان کردم ! پاشان و لەدوای چەند ڕۆژێك لەئاسایشی شارەزوور و زیندانیکردن و لێکۆڵینەوە بەبێ تاوان دەرچووم. وەجارێکی دیکەش بەکاری تەقینەوە و تیرۆریستی دیسان تۆمەتباریان کردم! بەڵام لەدوای لێکۆڵینەوە بێتاوانیم ساغ بوویەوە . هەڵبەت لەژیانمدا تەنها خولەکێك ئەنصار و جوندولئیسلام و قاعیدە و هیچ لایەنێکی دیکە غەیرەز بزووتنەوە نەبووم ، هەروەك ئەوەی تەنها خولەکێك تەنانەت چرکەیەکیش یەکێتی و هێچ حیزبێکی دیکە نەبووم ،بەڵکو بەفەزڵی خوا ئیحتیفازم بەبیر و باوەڕی ئیسلامی و ئاینی ئیسلامیەوە کردووە، وەبۆ لەمەو دوا و ئایندەش داوا لەخوا ئەکەم لەسەر بیر و باوەڕی ئیسلامی و ئاینەکەی خۆی دامەزراومان بکات و لەسەریشی کۆتایی بەتەمەنمان بهێنێت .هەڵبەت لەوکاتەشەوە لەعەنەب گەڕاومەتەوە تائێستا سێ جار لەئاسایش بانگیان کردووم ،وەدواجاریان لەم ڕۆژانەدا بوو کەدیسان بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەهەندێك تۆمەت بانگیان کردم ،ئەویش لەدوای ئەو هەواڵەی کە کەناڵێکی ئەهلی ناو بەناو هەواڵەکەی لەقەبارەی خۆی گەورەتر دەکرد و بڵاوی دەکردەوە کەگوایە زانیاریان لایە مامۆستایانی ئاینی لەهەڵەبجەی شەهید لەمزگەوتەکانەوە گەنجەکان هان دەدەن بۆ شەڕ و جیهاد لەسوریا لەدژی کوردەکانی ڕۆژئاوا !! هەڵبەت ئێمە لەلای خۆمانەوە ئەو هەواڵەمان لەوتاری هەینی و لەهۆڵی مزگەوتی ئەبو بەکریشدا بەدرۆ خستەوە .وەئەوەشمان بۆ خەڵک و نوێژخوێنان ڕوونکردەوە کەئەوە جگە لەهەواڵیکی درۆ نەبێ هیچ شتێکی دیکە نیە ،وەدیسان ئەوەشمان ڕوونکردەوە کەمامۆستایانی ئاینی بەڕێز لەهەڵەبجە هەمیشە ئامۆژگاری گەنجەکان و قوتابیەکانمان کردووە بخوێنن و طەلەبی عیلمی شەرعی بکەن چونکە طەلەبی عیلم جیهادە ،بەڵکو طەلەبی عیلم و بڵاو کردنەوەی عیلم گەورە ترین جیهادە، هەروەك ئەوەی ئامۆژگاریشمان کردوون بەچاك بوون لەگەڵ دایك و باوك و خزمەت کردنیان ، وەپێشمان وتوون دڵڕاگرتن و خزمەتکردنی دایك و باوك گەورەترە لەجیهادێك لەخزمەتی پێغەمبەری خوادا _صلی الله علیه وسلم _ کەواجبی کیفائی بێت . بەڵام هەندێك لەگەنجان کەگوێیان بۆ مامۆستایانی ئاینی نەگرتووە و قەناعەتیان بەقسەکانیان نەکردووە و بەبێ ئاگاداری مامۆستایانی ئاینی و دایك و باوك وکەسو کاریانەوە چوون بۆ سوریا بۆ جەنگ لەدژی ڕژێمی ئەسەد ، ئایا چ سوچ و تاوانێکی مامۆستایانی ئاینی و دایك و باوك و کەس و کاریانی تێدایە ؟؟!! دەبێ مامۆستایانی ئاینی بەچیدا بزانن ئەوان دەچن بۆ سوریا لەکاتێکدا کەباوك و دایك و کەس و کار و هاوڕێکانیشیان نەیانزانیوە و هەستیان بەوە نەکردووە ئیللا لەدوای چوونیان نەبێ پاش ماوەیەك . وەمن خۆم لەدوای ئەوەی کەبیستمەوە هەندێك لەگەنجان چوون بۆ سوریا ،ئامۆژگاری قوتابیەکانی خۆمم کردووە کەبخوێنن و طەلەبی عیلم بکەن، وەئەوەشم بۆڕوون کردونەتەوە کەطەلەبی عیلم جیهادە ،بەڵکو گەورەترین جیهادە لەمڕۆدا . وەزۆر جاریش باسی ئەوەم بۆ کردوون کەئێمە حەقمان بەسەر حیزبایەتی و سیاسەتەوە نیە ، وەهیچ کەسێکیش بەئەمیر و ئیمامی خۆمان نازانین جگە لەپێغەمبەری خوا نەبێ _صلی الله علیه وسلم_ . وەوتوشمە ئێمە تەنها دوعای خێر بۆگەلانی سوریا و میصر و موسوڵمانان دەکەین، وەهەر ئەوەشمان لەسەرە دوعای خێر بۆ موسوڵمانان بکەین .وەئامۆگاریشمان کردوون بەوەی بخوێنن و طەلەبی عیلمی شەرعی بکەن تاهەر یەکێکیان لەئایندەدا زانایەك ،یان شەرعزان و فەقیهێك ، یان بانگخوازێکی لێدەردەچێت . وەسوپاس بۆ خوا زۆرێکیان بەگوێــیان کردووین و ئێستا لەدیراسات و پەیمانگاو زانکۆکاندا ئەخوێنن ،بەڵام ئەوانەیان لەکوردستانەوە، یان لەخەلیج و وڵاتانێکی دیکەوە ڕۆشتوون بۆسوریا بەفەتوای دکتۆر ئەلقەڕزاوی ، یان شێخ عەدنان ئەلعەرعورو هاوشێوەیان بووە، کەچی گومان لەمامۆستایانی ئاینی دەکرێ کە هانیان دابن... !! وەلەئاسایشی هەڵەبجە هەموو ئەو تۆمەت و بوهتان و درۆیانەی کەخەڵکێکی نەناسراو بۆ بەندەیان درووست کردبوو ڕەدم کردنەوە و بەرائەتی خۆمم لێــیان ڕاگەیاند لەکاتی لێکۆڵینەوەدا. دیارە وەك وتم شتێکی ئاسایی و سرووشتیە خەڵک تۆمەت و بوهتانت بۆ بکات، لەبەر ئەوە کێ هەیە لە پێغەمبەران و زانایان و بانگخوازان تۆمەت و بوهتانیان بۆ نەکردبێت ؟ بۆیە ئەگەر تۆمەت و بوهتان بۆ ئێمەش درووست بکرێ، ئەوا بەدرێژایی مێژوو زۆرێك لەئێمە چاکتر و باشتر و زاناتریش تۆمەت و بوهتانیان بۆ درووست کردوون . لەبەر ئەوە ئێمە گوێ بەوە نادەین و هیچ شتێکیش ساردمان ناکاتەوە لەدەعوە و بانگەواز بۆ ئیسلام و خێر و چاکە و هەوڵدان بۆ سەقامگیر بوونی ڕەوشی ئارامی و ئاسایشی کوردستان بەگوێرەی توانست و دەسەڵاتی خۆمان . وەئێمە وەك مەلا و زانایانی شەرع خۆمان بەموڵکی گشتی و سەرکردەی ئاینی و کۆمەڵایەتی ئومەت دەزانین ،نەك بەموڵکی حیزب و لایەنێك ئەگەر لەفەرزێکدا حیزب و لایەنی ئیسلامیش بێت ،چونکە زانایانی ڕاستەقینە زۆر لەوەگەورەترن کەخەڵکانێک لەسەروی خۆیانەوە بزانن و ئەوان تەوجیهاتیان بۆ دابەزێنن ،بەڵکو زانایانی ڕاستە قینە تەوجیهیان لەخودا و پێغەمبەرەکەیانەوە _صلی الله علیه وسلم _ وەر دەگرن ، وەدەبێ خۆشیان لەو ئاستەدا ببینن ، چونکە بەڕاستی زانایان سەرکردەو پێشەوایانی ئوممەت و موسوڵمانانن، ودەرگاشیان لەسەر پشتە بۆهەموو چین و توێژ و کەسێك .بۆیە هەڵەیە ئەگەر تۆلەبازاڕ ،یان لەجێیەك مامۆستایەکی ئاینی ببینیت گەنجێك لەگەڵیدا وەستاوە ، وێنەی بگریت ، یان ڕاپۆرتی لەسەر بدەیت!! چونکە ڕۆژانە خەڵکی لەگەنج و پیر لەهەموو لایەن و حیزبێك بۆ پرسیاری شەرعی و چارەسەری کێشە و گرفتیان پەیوەندی بەمامۆستایانی ئاینیەوە دەکات و دەگەڕێتەوە بۆلای ئەوان ،وە ئەوان وەك ئەوەی سەرکردەی ئاینی و کۆمەڵایەتی موسوڵمانانن ، بەهەمان شێوە مەرجەعی ئەو خەڵکەشن. جاهەر کەسێك لەماڵ سەردانیان بکات، یان لەمزگەوت، یان لەبازاڕ بیانبینێت ، ئەوان ئامادەن گوێ لەقسە و کێشە و گرفتیان بگرن و بەپێــی زانست و توانستی خۆیان چارەسەری شەرعی و گونجاویان بۆدیاری بکەن و وەڵامی پرسیارەکانیشیان بدەنەوە و ئامۆژگاری و نەصیحەتیشیان پێشکەش بکەن .وەمامۆستایانی ئاینی و بانگخوازان حەز دەکەن کەڕەوشی کوردستان ئارام و ئاسایش بێت ، چونکە ئەوە لەبەرژەوەندی بانگەواز و بڵاو کردنەوەی زانستی شەرعیدا دەبینن ، هەروەك ئەوەی ئارامی و ئاسایشی کوردسان لەبەرژەوەندی حکومەت و هاوڵاتیانی کوردستانیشدا دەبینن ، بۆیە هەڵەیە گومانی تێکدانی ڕەوشی ئارامی و ئاسایشی کوردستان ، یان گومانی هاوشێوەی ئەوە لەمامۆستایانی ئاینی بکرێت . وەلەکۆتایشدا ئەمەوێ سوپاسی ئەفسەری لێکۆڵینەوە و سەرجەم کارمەندانی ئاسایشی هەڵەبجە بکەم کەمامەڵەیەکی سایشتەیان لەگەڵدا کردم لەکاتی چوونم بۆ ئاسایش و لێکۆڵینەوە و گەڕانەوەدا ،بۆیە سوپاسیان دەکەم . وەهیواخوازم هەموویەکێکمان هەمیشە ئەو ئایەتەمان لەپێش چاو بێت کەخودا لەقورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ :{ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَأٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ}