05/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
وەرگرتنەوەی دەستپێشخەری
هەرچەند هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رانەگەیەندراوە، بەڵام ئەنجامە بەراییەكان خەریكن وێنەیەكی نزیك لەڕاستی گەڵاڵە دەكەن كە تائەندازەیەكی گونجاو بەكەڵكی ئەوە دێن كە تا ئەوكاتەی ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەندرێت، پشتیان پێ ببەسترێ.
دیارە یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە كە ئەگەرەچی ناگاتە ئاستی خوازراو، بەڵام پیشكەوتنەكە بایەخێكی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی لەو روانگەیەوە كە پێشكەوتنە بەدەستهێنراوەكە زادەی ماوەیەكی دوورو درێژ نییە، بەڵكو زادەی تەنها حەوت مانگی كۆششو خۆماندوو كردنە. ئەم ماوە كەمە بۆ بەخۆداچوونەوەو هەڵسانەوە ماوەیەكی پێوانەییە. ئەمە بەم مانایە دێ كە یەكێتی لەلایەك هەوڵەكانی دەرپەڕاندنی لەگۆڕەپان پوچەڵكردۆتەوەو لەلایەكی ترەوە خەریكە دەستپێشخەرییەكە وەردەگرێتەوە.
شكستمان لەبەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی 2013و سەركەوتنمان لەبانگەشەی هەڵبژاردنی 2014 دوو راستیی گرنگی بۆ دەرخستووین.
یەكێكیان ئەوەیە كە ئیمە لەتواناماندایە هەڵەكانمان راستبكەینەوەو ئەوی تریان ئەوەیە كە كادرە گەنجەكانمان، وەك لەكاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردندا دركەوت، زۆر لەكادرە دێرینەكانمان بەتواناترنو لەئەنجومەنی سەركردایەتیشدا دەركەوت كە بەشێكی زۆری سەركردە پەراوێزخراوو بەبچووك تەماشاكراوەكان لەبەشێكی زۆری سەركردە دێرینو بەرچاوو دەستڕۆیشتووەكان بەئەزموونترو بەتواناترو گوێ لێگیراوترو كاریگەرترن.
دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەش بكرێ كە ئەو گوتارە سیاسییەی پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنو لەگەرمەی بەرێوەچوونی بانگەشەدا پەیڕەوكراوە، بەكردەوە دەركەوت كە گوتارێكی دروستو ویستراوو كاریگەرە. ئەم گوتارە كە لەناوەڕۆكدا دژی خۆبەدەستەوەدانو پاشكۆیەتییە، دەبێ رەنگدانەوەی لەسەر ستراتیژی پاش هەڵبژاردن هەبێ.
ئەوەی كە لێرەدا گرنگە ئەوەیە دەبێ یەكێتی پاش راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكانی هەڵبژاردن، ستراتیژێكی روونی بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو هەبێو لەو ماوەیەدا دەبێ هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ تۆكمەكردنی دیموكراسیو چاكسازیی سیاسیو ئابوورییو پێویستیی بوونی دەستوورێكی مەدەنیو كاراكردنی دامودەزگا حكومییەكان، هەروەك پێویستە لەسەر یەكێتی بەچاوێكی رەخنەگرانەوە بەهاوپەیمانییەكانی پێشوودا بچێتەوەو كار بۆ ئەوە بكات كە هاوپەیمانیی گونجاوتر بێنێتە ئاراوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، خودی یەكێتی پێویستیی بەچاكسازییە. ئەو چاكسازییەش دەبێ راستەقینەو روونو هەستپێكراوو ریشەیی بێو تەنها خۆپیشاندانێكی سیاسی نەبێو پێویستە بەجۆرێك ئەنجام بدرێ كە هەموو بوارو دامودەزگاو پۆستەكان بگرێتەوەو بەو سەرەنجامە بگات كە یەكێتییەكی دینامیكترو كراوەترو مۆدێرینترو مەدەنیتری لێ بكەوێتەوە.
ئەنجامی بەدەستهێنراوی دوو هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییە، دەرفەتێكە دەبێ بۆ تازەكردنەوەی یەكێتی بقۆزرێتەوە، یەكێتییەك كە بتوانێ لەماوەی چوارساڵی داهاتوودا كاریگەرتر لەمەیدانی سیاسیدا رۆڵ بگێڕێتو پێداویستییەكانی بەردەوامبوونی خۆی مسۆگەربكات.