ناونان و ڕاسپاردنی حکومەت
05/05/2014 نوسەر: bzavpress

ناونان و ڕاسپاردنی حکومەت



بە لەبەر چاو گرتنی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا هەرێمی کوردستان پیایدا تێدەپەڕێت، وە لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەزامەندی نواندنی سەرجەم لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی 21/ 9 / 2013 بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا، ئەگەر بمانەوێت پرۆسەی ناونان ( تسمیە ) و ڕاسپاردنی ( تکلیف ) ی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناونان و تەکلیف کردنێکی جیاواز تر بن لە دۆخەکانی تری ڕابردوو ( ئەمەش بە حوکمی ئەوەی هێزە سیاسیە سەرەکیەکان بڕیاریان داوە بەشدار ببن تیایدا)، کەواتە پێویستە ئەو ڕێکارانەشی کە دەگیرێنە بەر لەم پێناوەدا یاسایی و جیاواز بن لە ڕابردوو...ئەمەش بەوە دێتە دی کە ئەم چەند خاڵەی لای خوارەوە بە هەند وەربگرین بۆ ئەم پرۆسەیە :- 
- سەرەتا ئەبێت ئەوە بوترێت سیحری سەرەکی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە غەیری ڕەزامەندی نواندنی سێ هێزە سەرەکیەکەی ئۆپۆزسیۆن بۆ بەشداریکردن تیایدا ، هیچی تر نیە ، واتە تاکە دیاری ئەم کابینە نوێیە تەنها ئەوەیە کە پێنج هێزە سەرەکیەکە لەم حکومەتە نوێیەدا بەشدارن ، وە لە غەیری ئەم خەسڵەتە هیچ گومانم نیە لەوەی ئەم حکومەتە هیچی تری جیاواز تر نابێت لە کابینەکانی تری پێش خۆی، وە ناشتوانێت لە ئاستی پرسە نیشتیمانی و هەستیارەکاندا هیچی ئەوتۆ پێشکەش بکات ، ئەمەش سەرەرای کاریگەری نێگەنیڤی ئەم کابینە نوێیە لە کوشتنی ڕۆلی پەرلەمان و جارێکی تر دابەشکردنی هاوڵاتی لەسەر بنەمای حزبیبون و کوشتنی دەنگی جیاوازییەکان، ناتوانێت هیچی تر پێشکەش بکات بە ئەزمونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا.
- لە ئێستادا هەموو هێزە سیاسیەکان ( بە تایبەتیش هەردوو هێزە باڵادەستەکەی هەرێم ) بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی ڕێکەوتننامەی ستراتیجی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان یان هەر نەماوە ، وە یان ئەم ڕێکەوتنە ئەگەر مابێتیش، ئەوا زۆر کاڵ بۆتەوە بە جۆرێک ناوەڕۆکی ئەو ڕێکەوتنە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت یاخود نەماوە لەسەر گۆڕینی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و دابەشکردنی پۆستەکان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا...ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئەو هێزانەی تر کە لە ڕابردودا نەیاری سەرسەختی ئەو ڕێکەوتنە ستراتیجیە بوون تا بە تەواوەتی ئاسەواری ڕێکەوتنی ستراتیجی و دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی هەرێم بۆ زۆنی زەرد و سەوز کۆتایی پێ بهێنن ، بێگومان ئەمەش ئەوە ئەخوازێت سەرجەم ئەو ڕێکار و یاسا و ڕێسایانەشی کە وەک جێبەجێکردنێک بۆ ئەم ڕێکەوتنە دانراون ، یان هەڵبوەشێنرێنەوە، وە یان بە جۆرێک هەموار بکرێنەوە کە لەگەڵ بارودۆخی نوێی هەرێمدا کۆک بێت .لە نمونەی زەقی ئەو یاسایانەش کە بەرجەستەکاری ڕێکەوتنی ستراتیجی بوون یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە ژمارە 1 ی ساڵی 2005 و هەموارکردنەکانیەتی.
- بێگومان لە ڕووی تیۆرییەوە بۆ پرۆسەی ناونان و ڕاسپاردنی کابینەی نوێی حکومەت، ئەوەی کە پەیڕەو کراوە ئەوەیە کە تەنها بۆ یەک کەس ناوئەنرێت یان تەکلیف ئەکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەم نەریتە لە سەرجەم سیستەمە پەرلەمانیەکانی جیهاندا پەیڕەو کراوە، تەنانەت بەو سیستەمانەشەوە کە سیستەمی دیموکراسەتی تەوافوقی پەیڕەو ئەکەن، بەڵام وا دیارە هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای هەموار کردنی یەکەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم تاقە شوێنە لە جیهاندا کە تیایدا ناونان و ڕاسپاردن بۆ دوو کەس ئەبێت ( سەرۆکی ڕاسپێردراو و جێگرەکەی)، ئاشکراشە ئەمەش بەشێک بووە لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتتنامەی ستراتیجی. کە ئەمەش تا بڵێی دۆخێکی نا جۆر و نا دروستە. بێگومان بۆ دەرباز بونیش لەم دۆخە ئەم پێشنیازانە لەم دۆخەدا لەبەر دەستن. 
1. سەرەتا ئەبێت ئەوە بڵێین ئەگەر خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان بە ڕاستی سورە لەسەر زوو پێکهێنانی کابینەی حکومەت ( نەک هەر بۆ ئێستا ، بەڵکو بۆ ئایندەش ) و کۆتایی پێهێنانی ئاسەوارەکانی ڕێکەوتننامەی ستراتیجی و قۆناغی دوو ئیدارەیی، ئەوەی کە پێویستە لەسەری لەم قۆناغەدا کە ئەنجامی بدات بەر لە ناونانی سەرۆک و جێگری ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەوەیە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکاتەوە، چ بۆ دەستنیشانکردنی وادە یاساییەکان وە چ بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی هەرێم کە کەموکورتیەکی زۆری تێدا بەدی ئەکرێت لەم بوارەدا ، چونکە بۆ نمونە بە هەموو پێوەرێک نابێت وادە زەمەنیەکان بۆ ناونانی سەرۆکی حکومەت و تەکلیفکردنیان وا بە کراوەیی بە جێ بهێڵرێن کە تیادا پارتی سیاسی براوە بە کەیفی خۆی و کەی پێ باش بوو ئەو کات بڕیار بدات بۆ پێکهێنانی کابینە حکومیەکەی، واتە بۆ خۆی لە دەرەوەی زەمەنە یاساییەکاندا بسوڕێتەوە، وادە یاساییەکان نابێت بسپێردرێن بە ویستی تاکلایەنەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، دواتریش بێت ئەم دواخستنە بە دەستکەوت بە خەڵکی بفرۆشێتەوە ، بەڵکو پێویستە ئەم وادانە پێشوەخت بە یاسا دیاری بکرێن، بە جۆرێک لەو یاسایەدا (جا بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بێت یان بە یاسایەکی تری سەربەخۆ) سەقفی زەمەنی دیاری بکرێت لە نێوان وادەی کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان و یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان و ناونان و ڕاسپاردنی حکومەتدا..بۆ نمونە ئەکرێت بە پێی یاسا پەرلەمان پارتی براوە ناچار بکرێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا لە دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە پرۆسەی ناونانی سەرۆکی ڕاسپێردراو یەکلایی بکرێتەوە ، ئەگەر نا ناونان بۆ کەسێکی تر بکرێت لە ناو لیستی براوەدا، وە ئەگەر هەر نەبوو بۆ کەسێکی تر بکرێت لە لیستێکی تردا ، ئەگەر هەر نەتوانرا ، ئەوا سەرۆکی هەرێم ناچار بکرێت بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات ئەگەر چارەسەرەکان بە بنبەست گەیشتن تایبەت بە ناونانی کەسێک لە چوارچێوەی وادە یاساییەکاندا.. وە لە هەموو بارێکدا نابێت ئەو دۆخە بێ وادە بهێڵرێتەوە، چونکە تاکە وادە لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لەم بوارەدا تەنها بریتیە لە وادەی دوای تەکلیف کردنی سەرۆکی حکومەت لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە کە ئەویش بریتیە لە وادەی 30 ڕۆژ ، هەر بۆیە .پێویستە ئەم وادەی 30 ڕۆژە بۆ ناونانیش هەر فەراهەم بێت و دەرگاکە بە کراوەیی بە جێ نەهێڵرێت لەبەردەم پەرلەمان و پارتی براوەدا.
- بێگومان یاسای هەموار کردنی یەکەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 2 ی ساڵی 2006 و پێکهێنانی هەردوو پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت ئاشکرایە کە بەرهەمی ڕێکەوتنی ستراتیجین...خۆ ئەگەر بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاسەواری ئەو ڕێکەوتنە نەمێنێت لەسەر ئەرزی واقیع ، ئەوا ئەمە وا پێویست ئەکات کە هەردوو پۆستی جێگرەکەش ( جێگری سەرۆکی هەرێم ، جێگری سەرۆکی حکومەت) یان هەر نەمێنن وە یان ئەوانیش بە جۆرێک گۆڕانیان بەسەردا بێت کەلەگەڵ پێوەرە نوێیەکانی داەشکردنی پۆستەکاندا بگونجێن. کەواتە ئەمەش وا ئەخوازێت یان یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە 2 ی ساڵی 2006 هەڵبوەشێنرێتەوە ، یان هەوارکردنی سێیەم بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت..لە هەموو بارێکیشدا وە تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت، پێویستە ناونان و ڕاسپاردنی پێکهێنانی حکومەت تەنها بۆ یەک کەس بێت نەک بۆ دوو کەس( سەرۆک و جێگرەکەی).
- بەڵام ئەی ئەگەر ئەم دۆخە وەک خۆی مایەوە ئەبێت چی بگوزەرێت ؟ بێگومان لە ڕووی یاساییەوە بە حوکمی ئەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بە هەمان بەها و هێزی یاساییەوە لەلایەن پەرلەمانەوە وەک یەک ناو دەنرێن و پاشان وەک یەک تەکلیف ئەکرێن لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە ، ئەوا ئەمە وا ئەخوازێت ، کە ئەگەر جێگری سەرۆکی حکومەت لە ئایندەدا بە هەر هۆکارێک بێت ، دەستی لەکارکێشایەوە یان متمانەی لێوەرگیرایەوە ، ئەوا ئەمیش ئەبێت بە هەمان شێوەی سەرۆکی حکومەت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ، واتە پێویستە هەموو کابینەی حکومەتەکە بە دەستلەکارکێشاوە لە قەڵەم بدرێت. ئەگەر نا چۆن ئەبێت جێگری سەرۆکی حکومەت وەکو سەرۆکی حکومەت ناو بنرێت یان تەکلیف بکرێت بە پێکهێنانی حکومەت.کەچی لە حاڵەتی وازهێنانی یان دەستلەکارکێشانەوەیدا هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ دروست نەکات لەسەر کابینە حکومییەکە. هەر بۆیە یان ئەبێت جێگری سەرۆکی حکومەت ناو نەنرێت و تەکلیف نەکرێت بە پێکهێنانی حکومەت ، یان ئەگەر کرا ، ئەوا وەک سەرۆکی حکومەت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لە حاڵەتی وازهێنان و دەستلەکارکێشانەوەیدا.
- هەر بۆیە ئەگەر ئەم خولەی پەرلەمان وا بڕیارە جیاواز بێت لە خولەکانی پێش خۆی ، ئەوا ئێستا پەرلەمان دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ کۆتایی هێنان بە یەکێک لە ئاسەوارەکانی ڕێکەوتنی ستراتیجی وڕێگریکردن لە ناونان و ڕاسپاردنی جێگری سەرۆکی حکومەت.