03/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پۆستی سەرۆک کۆمار: داڵەکە لسەر شانی کام دکتۆر دەنیشێتەوە؟
یەکێک لەو پۆستانەی کە جێگەی مشتومڕ دەبێ لەنێوان هێزە سوننەکان و هێزە کوردییەکانی ئێمە، پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێ. لەناو کوردەکان و سوننەکانیش، کامیان ئەو پۆستە وەربگرن، دیسان جێگەی مشتومڕ دەبێ. لەناو ئەو هێزە کوردییەش کە پۆستەکە وەردەگرێ، دیسان پڕ مشتومڕ دەبێ.
هەرچەندە سوننەکان ویستی خۆیان نەشاردۆتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەگەر کوردەکان یەکگرتو بن، ئەوا جارێکی تر دەتوانن ئەو پۆستە ببەنەوە بەتایبەت بە رێککەوتنی پێشوەخت لەگەڵ شیعەکان دا. ئەمە جگە لەوەی ئێران دڵخۆش دەبێ بە وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن کوردێکەوە، بەتایبەت ئەگەر یەکێتیی بێ.
بەو پێیەی پارتی و یەکێتیی رێککەوتنی ٣٠ی حوزەیرانیان هەیە و یەکێتییش هێشتا بەشدارنەبوە لە کابینەی نوێی حکومەت دا، پێدەچێ بۆ بەشداربون لە حکومەت و قەرەبوکردنەوەی رێککەوتنی ٣٠ی حوزەیران و بەهۆی بەرزبونەوەی دەنگەکانی یەکێتیی، پارتی ئاسان رازیبێ بەوەی سەرۆکایەتیی کۆمار پشکی یەکێتیی بێ.
تا ئێرە تەواوی گەمە سیاسییەکە ئاسان دەبێ. ئەوەی قوڕسە، رێککەوتنی یەکێتییە لەسەر کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
رێککەوتنی یەکێتیی لەسەر کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەندە بە رازیبونی باڵی دەستڕۆییشتوی ئەو هێزە، کە باڵی هێرۆ تاڵەبانییە، رونتر رازیبونی بنەماڵەی تاڵەبانیی.
یەکێتی بۆ ئەو پۆستە دو کاندیدی بەهێزی هەن؛ د نەجمەدین کەریم و د بەرهەم ساڵح.
د نەجمەدین کەریم توانیویەتی لەناو عێڕاقییەکان وەک کەسێکی میانڕەوی خۆی بناسێنێ. ئەو دەنگە زۆرانەی لە کەرکوک هێناونی، ئاماژەی رونن کە ئەو لە تاقیکردنەوەیەکی گەورە دا بو بۆئەوەی بچێتە بەغدا بەهێزێکی گەورەتر چونکە پێدەچێ یەکێتیی کاری گەورەتری پێبسپێرێ. کەرکوکییەکانیش لەوانەیە بە مافی خۆیان دابنێن کەسێک لە شارەکەی خۆیان سەرۆکایەتیی کۆماری پێبسپێردرێ چونکە باڵانسی هێزیان بۆ یەکێتیی راستکردۆتەوە. نزیکایەتیی د نەجمەدین لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانییش وادەکا دواجار داڵەکە لەسەر شانی د نەجمەدین بنیشێتەوە.
د بەرهەم ساڵح کەسایەتییەکی دیارە بۆ ئەو پۆستە، لەوانەیە بتوانێ لە د نەجمەدینیش باشتر ئەدای ئەو ئەرکە بکا بەڵام بۆ د بەرهەم رێگای سەرۆکایەتیی کۆمار زۆر قوڕسە. ئەو رێگایە بە بنەماڵەی تاڵەبانیی، مەکتەبی سیاسیی و کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتدەبێ، کە هەرسێ تێرمیناڵەکە نیشانەی پرسیاریان بۆ د بەرهەم هەیە.
چانسی د بەرهەم تەنها لەوە دا بەهێزە کە باڵی بەهێزی مەکتەبی سیاسیی لەوانەیە بۆ بێبەشکردنی د بەرهەم لە پۆستی سکرتێری گشتیی یەکێتیی، بینێرنە بەغدا و ئەو پۆستەی بدەنێ.
د بەرهەم لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەرکەوتنێکی ئەوتۆی نەبو تا ئێستا بتوانێ شانازیی سەرکەوتنەکانی یەکێتیی بۆ خۆی بگێڕێتەوە. پێشخستنی قوبادیش تەنها بۆ تاقیکردنەوەی ئەو بو بۆ رێخۆشکردن بۆ جێگرتنەوەی باوکی لەناو یەکێتیی دا.
لە هەمو بارەکان دا، ئەوەی گرنگە ئەو پۆستە بۆ کورد بێ و هەمو لایەنە کوردییەکان رازیبن لەسەری. گرنگتریشە هەمو لایەنە کوردییەکان پشتیوانی بن بۆ سەرکەوتنی، بێگومان ئەمەش بە یەکگرتویی هێزە کوردییەکان دەکرێ. یەکگرتویی کورد، واتا سەرۆک کۆمار و سەرۆکێکی بەهێزیش.
له فهيسبوكى كمال چۆمانى