23/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پارتی "دەبێت یەکگرتوو فێری عورفی سیاسی بێت"
پارتی دیموكراتی كوردستان رەخنەی تووند لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەگرێ و دەڵێ "دەبێ فێری عورفی سیاسی بن و داوای گۆڕینی وەزارەتی كارەبا بەو شێوەیە نابێ". شاندی دانوستاندنكاری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ئامادەنەبوو 17ی ئەم مانگە لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببێتەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی بەشداریكردنی لەكابینەی هەشتەم، لەكاتێكدا ئەو رۆژە پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی واژۆكرد.
یەكگرتوو ئەوكات رایگەیاند كە داواكارییەكەیان پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانییەوە هەیەو بەوپێیەشی ئەوكات نێچیرڤان بارزانی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بوو، ئامادەنەبوون بچنە كۆبووەنەوەكە. مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و ئەندامی لیژنەی دانوستاندنكاری پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەربارەی وەڵامی پارتی بۆ داواكەی یەكگرتوو بۆ گۆڕینی وەزارەتی كارەبا دەڵێ "لە عورفی سیاسیدا ئەگەر مەوعیدت هەبێ دەبێ لەو كاتەدا ئامادەبیت، كە بۆت دیاریكراوە، هەر لایەن و كەسێكیش داواكارییان هەبێ دەبێ لە كۆبوونەوە باسی بكەن".
دوای ئەوەی لەلایەن شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وەزارەتی كارەبایان پێدرا، یەكگرتووی ئیسلامی پۆستەكەی رەتكردەوەو لە بەرامبەردا داوای پۆستی وەزارەتی شارەوانی یاخود پەروەردە دەكەن، ئەم پرسە تا ئێستاش لەنێوان هەردوولادا یەكلایی نەبووەتەوەو یەكگرتوو لە 17ی نیسانەوە چاوەڕوانی تەلەفۆنی پارتییە.