کاندیدێکی یه‌کگرتوو:
20/04/2014 نوسەر: bzavpress

کاندیدێکی یه‌کگرتوو: "زوڵم لە مامۆستا کرێکار ده‌کرێت"

یه‌حیا نه‌وره‌ز جاف کاندیدی یه‌کگرتوی ئیسلامی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ تێکستێکیدا له‌ لاپه‌ره‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌نوسێت "زوڵم لە مامۆستا کرێکار ده‌کرێت"، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات "مامۆستا کرێکار پێشمەرگەیەکی ئازا بوە و ساڵانێکی زۆر دژی رژێمی بەعس جەنگاوە، لە دوای راپەرینیش سەرکردەیەکی ناسراوی بزوتنەوەی ئیسلامی بوە، بۆ ماوەیەکی کورتیش ئەمیری کۆمەڵەی انصار الاسلام بوە بەڵام لە هەمو ئەو ماوەیەدا هیچ تاوانێکی بەسەردا ساغ نەبۆتەوە".

ئه‌مه‌ش ده‌قه‌که‌یه‌تی:



ئیسلامی بون وەک تۆمەت
زوڵم لە مامۆستا کرێکار وەک نمونە 

ئەگەرچی من و مامۆستا کرێکار جیاوازیمان هەیە لە تێگەیشتن و مومارەسەی ئیسلامدا، بەڵام مەرج نیە بەرگری ئێمە تەنها لەوانە بێ کە وەک ئێمە بیر ئەکەنەوە 

مامۆستا کرێکار گەنجێکی رۆشنبیری شاری سلێمانیە ، وە وەک ئەوەی هاوڵاتی ئەم شارەیە و منیش لەم شار و پارێزگایەدا خۆم هەڵىژاردوە، بە مافی خۆمی ئەزانم قسەی لەبارەوە بکەم

مامۆستا کرێکار پێشمەرگەیەکی ئازا بوە و ساڵانێکی زۆر دژی رژێمی بەعس جەنگاوە، لە دوای راپەرینیش سەرکردەیەکی ناسراوی بزوتنەوەی ئیسلامی بوە، بۆ ماوەیەکی کورتیش ئەمیری کۆمەڵەی انصار الاسلام بوە بەڵام لە هەمو ئەو ماوەیەدا هیچ تاوانێکی بەسەردا ساغ نەبۆتەوە 

بەبێ بونی هیچ بەڵگەیەک، هیچ بریارێکی دادگا و تەنها بە ویست و حەزی چەند لایەنێک ئەیانەوێ ئەم پیاوە وەک تیرۆریست بناسێنن، بەڵام ئەوەی سەیرە کە هیچ کەس و لایەنێک لە کوردستان بەرگری لێ ناکا،بە ئیسلامیەکانیشەوە 

عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرکردەیەکی کوردی باکوری کوردستانە، تورکیا و ئەمریکا و ئەوروپا ئەڵێن تیرۆریستە، ئایا ئێمە بەگوێیان بکەین ؟ ئایا ئەبێ ئێمەیش بڵێین تیرۆریستە؟ بێگومان نەخێر، بەڵام قسەکە لەوێدایە بۆچێ هەمو لایەنەکان بەرگری لە عەبدوڵا ئۆجەلان ئەکەن، بەڵام بە یەک وشەیش لە مامۆستا کرێکار ناپرسن ؟

هۆکارەکەی ئەوەیە لەم وڵاتەدا ئیسلامی بون تۆمەتە. هەر ئەوەندەی ئیسلامی بویت وەک تۆمەتبار تەماشا دەکرێیت، وە ریشەکەت و حیجابەکەت بەسن بۆ ئەوەی کێشەت بۆ دروست کەن ئەبێت لەمەولا کەیسی زیندانیکردنی مامۆستا کرێکار وەک کەیسی زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان تەماشا بکرێت 

ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە ئیسلامیەکان بە دەنگێکی بەهێزتر و بەگورتر بەرگری لە خۆیان و مافەکانیان بکەن، وە رازی نەبن بەبێ بەڵگە و تەنها بە گومان ، روبەروی پێشێلکردنی مافەکانیان ببنەوە 

یەحیا نەوزەر جاف