18/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ڕێکەوتنی پارتی وگۆڕان لەسەر حکومەت وهیستریای یەکێتی،کام حەقیقەت؟!
یەکێتی دەمێکە لەناو خەوی خەفڵەتدا دەژی،تووشی واهیمەیەک بووە،کە ئاخری بەسەر ئەوانەدا دەڕوخێت کە دەیانەوێت بەزەبری چەک وئاژاوە نانەوە ڕایبگرن وباوەڕیان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات نییەو دوورن لە بنەماکانی دیموکراسیەت و هەڵبژارن ،دەیانەوێت چۆن بیست وسێ ساڵە کەڵەگای ئەو ناوچەیەن هەروا بمێننەوە،ئەمەش ئیتر
قۆناغەکەی بەسەرچوەو ئەگەر ئەقڵی هەبوایە دەبوو باش بیریلێبکردایەتەوە، گومانم نییە کاتێک دەڕوخێت بەسەریاندا فریای خۆ دەربازکردن ناکەون و لەژێر ئەو داتەپینەدا بۆ ئەبەد هەڵناسنەوە.
ئەوەی یەکێتی ئیدعای دەکات گوایە ڕێکەوتن هەیە بۆ لاوازکردنی خەیاڵێکی پوچی مندالانەیەو درۆکردن و پاشاگەردانیەکی ناوخۆیانەو پاساوێکە بۆ شاردنەوەی ئەو شەبەقە گەورانەی تێیان کەوتوە،ئەوەی کە ڕاستییە هیچ هێزولایەنێک نایەوێت یەکێتی لە ناوبەرێت یان لاوازی بکات،ئەوە خۆیەتی سەرقاڵی کوشتنی خۆیەتی و کەس بەکەسەو بێخاوەنە وخاوەنی یەک گوتاری یەکگرتو نییەو خاوەنی یەک سیاسەتی دیاریکراو نییە کە بتوانێت ئەم گروپە بەرێتە پێشەوە،لە بەرامبەر ،ئێران،ئێراق،تورکیا ،پارتی،یەکگرتو کۆمەڵ،هەتا بەرامبەر کۆمەڵگا،بەرامبەر خودی ڕێکخستنەکانی خۆی خاوەنی یەک گوتار نییە کە تەعبیر لە ڕای کولی سیاسەتی یەکێتی بکات.
باڵی هێرۆو بە شتێک ڕازییە کۆسرەت و بەرهەم ڕازینین و ئەوان ڕازین هێرۆ رازی نییە،ئەو جوتەیش بەیەکەوە نایان کرێت،ئەوەی یەکێتی دەرگیریەتی ئەم بەرەڵاییە سیاسییە ئەخلاقیەیە نەک تاوانی هیچ دەستەو تاقمێکی تێدا بێت،ئێستا شتێک نییە چوارچێوەیەکی حیزبی و بەرنامەی و سیاسی و فکری یەکگرتوی هەبێت بە ناوی یەکێتی،ئەگەر هێزێک بیەوێت قسە لەگەڵ یەکێتی بکات، قسە ڕۆیشتویەکیان نییە کە قسەی بخوات تا لەگەڵی دابنیشێت و ڕێکەوتنێک بکات،ئەگەر نوێنەری دەوڵەتێک بێت دەبێت سێ جارو لە سێ کاتی دیاریکرادوداو لەگەڵ سێ بەناو سەرکردەی یەکێتی دابنیشێت،لە کۆتاییدا ناتوانێت لەگەڵ کەسیان ڕێک بکەوێت،چونکە ئەم سێ گروپە کەسیان حساب بۆ کەسیان ناکات،لەسەر ئەمەش هەزاران بەڵگە هەیە،کەواتە یەکێتی درۆ دەکات دەیەوێت پارچە پارچە بوونی خۆی بە پاساوی گەلەکۆمەکێ بکات،،ئاخر ئینسانی ئاقڵ دەکرێت بپرسێت تۆ چیت وکامەیە جێگاو ڕێگات تا خەڵکی بیەوێت لاوازت کات،ئەوە تەنها خۆتی سەرقاڵی خۆ کوشتنی و توشی هیستریا بوویت ونادەوێت واقعیەتی خۆت ببینیت.
سەیرەکە لەوەدایە سالانێکەیەکێتی ڕێکەوتنی ستراتیژی تائەم ساتەوەختەش لەگەڵ پارتی هەیە،بەیەکەوە کۆمەڵگایان دادۆشیوە،ئەوەی هەیەو نییە بردیان بۆ خۆیان و لوتیان بە جۆرێک چووبوە کەشکەلانی فەلەک وەڵامی سلاوی ژنەکانی خۆیشیان نەدەدایەوە، ئێستا کە دوای هەڵبژاردنەو گۆران وپارتی ڕێکەوتوون بۆ پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوان، هاواری لێهەڵساوەو ناتوانێت قبوڵی بکات،ئەو دەیەوێت لە جیاتی گۆڕان بڕیار بدات و گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بێت و خۆیشی لەگەڵ پارتی پەنجا بە پەنجا بەقەولە کۆنەکە هەروا درێژە بە حوکمڕانی خۆی بدات،دەنا سەیرە ئەوەی بۆ خۆت بەڕەوای دەبینێ ڕوبعێکی ئەوە بۆ بەرامبەرەکەت ڕەوانەبینی،کە تەنها هێزێکەی ئۆپۆزسیۆنەو لە هەڵبژاردنەکاندا بردویەتییەوەو دەیەوێت بەپێی کورسیەکانی خۆی بەشداری بکات لە حوکمرانیداو ئاوا دنیا دەبینێت.
وەختێکیش گۆران ئۆپۆزسیۆن دەبێت ڕێپیوانێک بکات چەکدارەکانی دەیدەنە بەر ڕێژنەی گولەو نانی لایەنگرەکانی دەبڕێت و تەنانەت ئیجازەیەک نادات بە خەڵک بۆ ڕێپێوان و داواکاریەکی بچکۆلەیش،خۆ حەڤدەی شوباتمان بیرنەچۆتەوە،دە شەهیدمان دا یەکێتی حەوتیانی شەهیدکرد،هەزارانی لە فەلاقەخانەکانیدا فەلاقەکرد،ڕێبین وئاسۆس هەردیان خەڵتانی خوێن کرد،کێ ماوە بێتە سەرشەقام وشەق و تێلای چەتەکانی یەکێتی نەخوات،ئاخر چالاکی یەکێتی شەهیدکردنی کاوە گەرمیانی بوو،ئەمانە ڕاستینەن کەچی یەکێتی نایەوێت هیچیان قبوڵ بکات،بەم مانایە گۆران ئۆپۆزسیۆن بێت یەکێتی دژیەتی،بەشداری بکات لە حکومەتدا هەردژیەتی،دژایەتی پارتی وبنەمالەی بارزانی بکات هەردژیەتی،بە هەم ئاهەنگی هێز دێننە سەر مەکۆی سەرەکی گۆڕان،لەگەڵیان حکومەتی بکات هەردژیەتی،لە پەڕلەمان گۆرانەکانیان دایە بەر بتڵە ئاو جوێنی ناشیرین تا دوو ساڵ مەسعودیان کردەوە بە سەرۆک،ئێستا بە گۆڕان دەڵین ئێوە مەسعود بە سەرۆکی هەرێم ناودەبەن،لە کاتێکدا هەم خۆیان کردویانە بەسەرۆکی هەرێم هەم خۆیشیان بە سەرۆکی دەزانن،ئاخر لەکوێی دنیادا حیزبێکی ئاوا بێسەرو بەرو گێڕو گەوێڕ هەیە،کە خۆیشی خەتێکی سیاسی نەبێت و نەزانێت چیدەوێت ودەبێت چیبکات،لە کوێی دنیا حیزبێکی ئاوا هەیە هیچیان نامەی هیچیان نەخوێننەوەو حساب بۆ یەکتر نەکەن و لە کۆبونوەی خۆیاندا تاکە پێڵاو بگرنە یەکتر کەچی جاوەڕوانی ئەوە بکات نەیارەکانیان نامەی پارچە پارچە بوویان و ڕەنگاو ڕەنگیان بخوێنێتەوەو سەری لێدەربکات.
ئەم هەڕەشانەی ئێستای مەلا بەختیارو موراهیقێکی وەک لاهور،تەنها لەبەرئەوەیە چوار دەزگاو دوکانی چەکداریان هەیە نازانن دەستبردن وبیرکردنەوە لەوەها کارێک سەری خۆیان وماڵ ومنداڵیان دەبات بە قوڕێکی ئەوەندە خەستا یەکەم کەس خۆیانی تێدا دەخنکێن و وێران دەبن و ئەوەیشی هەیانە لەدەستی دەدەن.
لەوەگەڕێین من بەشداری بزوتنەوەی گۆران چۆن دەبینم لەم دەعبایەی کە ناوی حکومەتە،ئەمە لە وتارێکی تردا دەخەمە ڕوو،بەلام لە هەموو کۆمەڵگایەکی بەشەریدا کۆمەڵێ خەڵکی ناڕازی لە سیستەمێکی دیاریکراو یاخی دەبن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن، کارە نەشیاوەکانی دەسەڵات لە قاو دەدەن سەرنجی کۆمەڵگا رادەکێشن و هێز پەیدا دەکەن،بۆ ئەوەیە دەسەڵات بگرنە دەست،ئۆپۆزسیۆنێک نییە لە دنیادا پەیدا بێت وبۆ دەسەلات تێنەکۆشێت،ئەوانەی کە ئەمەی ئێستای گۆران قبوڵ ناکەن،بەشێکیان دوای ئەقڵی یەکێتی کەوتوون،ئەوانی تریشیان خوێندنەوەیەکی زانستیان بۆیی نییە، مایکیافیلی دەڵێت"سیاسەت هونەری گەیشتنە بەدەسەڵات"،ماکس فێبەر دەڵیت"دەسەڵات پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی نییەو دەسەڵاتیش بریتییە لە جێگیرکردنی دەسەڵات لە ناوەندی سیاسیدا"هەزاران نموونەی مێژووی ئەحزابی ئۆپۆزسیۆنمان لەبەردەستایە،هیچ ئۆپۆزسیۆنێک نییە تێکۆشان نەکات بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات،خۆ لەوێوە نەبێت ناتوانێت یەک قەولی خۆی جێبەجێبکات کەبە دەنگدەرەکانی ولایەنگرەکانی داوە، جا کە گۆڕان نەیتوانیوە زۆربەی کورسیەکان بەدەست بێنێت بۆ ئەوەی خۆی حکومەت بکات،ئەوەش بڕیاری خەڵک وتەزویرات و کۆمەڵی شتی ترە،خۆ گومانیشم نییە ئەگەر زۆرینەی دەنگی بهێنایە نەک هەر یەکێتی پارتیش ڕازی نەدەبوو،چونکە ئەم دوو هێزە هەرگیز نازانن دیموکراسی چییەو نازانن ئازادی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات چییە،تەنها بەم ڕێگایەو بە ڕای زۆرینە دەتوانیت ئەمانە لە کورسی حوکمڕانی بهێنیتە خوارەوە،وەک چۆن یەکێتی تەواو بوەو ئاواش پارتی دەبێت لەهەلومەرجێکی تردا خەڵکی کوردستان دایبگرنە خوارەوە.
بۆیە هەڕەشەکانی یەکێتی هیچ نرخێکی نییەو تەنها دەرکردنی تەنگەنەفەسییەو دەبێت مل بەو واقعە بدات وتەسلیم بێت بەو ئیرادەیەی کە هەیەو بەو واقعە نالەبارەی کە خۆی تێکەوتوەو،تاوانباری سەرەکیش یەکەم تالەبانییەو دوایش سەرانی پارچە پارچەبووی خودی یەکێتی خۆیەتی،کەساڵانێکە وەک بازرگان دەرکەوتوون نەک وەک کۆمەڵێ خەڵکی سیاسی.
سەیرە یەکێتی ڕێکەوتنی ئاشکراوبینراو بیسراوی گۆران وپارتی بە دژی خۆی دەزانێت،بەڵام خۆی سالانێکە ڕێکەوتننامەی ستراتیژی ژێربەژێری هەیە لەگەڵی تا بە ئێستاو ماوەیەکە هەندێ سەرخەتی دەرکەوتوە دەنا سالانێک خودی تالەبانی ومەسعود نەبێت تەنانەت هێرۆو جێگرەکانیشی نەیان دەزانی،گۆران لەگەڵ پارتی ڕێکەوتنێکی ئیمزا کردوە بەرنامەیەکە بۆ حوکمرانی نەک ڕێکەوتننامەی ستراتیژی وەک یەکێتی،ئاخر ئەمە دوو دنیای جیاوازە،یەکێتی بە خۆی ڕەوا دەبینێت "ستراتیژییەن" ڕیکەوتن نامە لەگەڵ پارتی بکات وبۆی بچەمێتەوە، بەلام پێی قبوڵناکرێت گۆڕان لەگەڵ پارتی کە براوەی یەکەمە جا بە هەر جۆرێک بێت ڕیکەوتنێک بۆ حوکمڕانی ئیمزا بکات،کە ناوەرۆکی خالەکانی ئەگەر لەسەر زەمینی واقع جێبەجێبکرێت زۆر باشەو ئەگەریش نەکرێت ئەوا باجەکەی دەبێت بدەن.
ئەوا چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان،کە گۆڕان ناوچەی سلێمانی دەباتەوە،ئایە یەکێتی بۆ ئەمەیان کە هەڵتەکاندنی هەموو دەسەلاتەکانیەتی چی دەڵێت؟بەڕای من یەکێتی هیچ ڕێگایەکی لەبەردەستا نییە تەسلیمبوون بە ئیرادەی دەنگدەر نەبێت و هەرڕێگایەکی تر بگرێتە بەر پەت دەکرێت و هەوسار دەکریتە سەری سەرانی یەکێتی ودەزگاکانی، ئەمەش لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە دەکرێت نەک هیچ لایەنێکی تر.
ئێستا یەکێتی ناتوانێت ونازانێت کام هەڵوێستی هەبێت؟چۆن وەلامی دروستکردن وپێکهێنانی حکومەت بداتەوە؟چونکە خاوەنی یەک گوتار نییەو ئەگەر تالەبانی بمابایە ئێستا بە تەنها دە دەقیقە هەموو شتەکانی حەسم دەکردو کەسیش نەیدەوێرا ببزوێت،بەڵام ئێستا کەس بەکەسەو بەرەڵا خانەیە،بۆیە ناتوانن بە یەک گوتار وەلام بدەنەوەو کێشەکانیان چارە بکەن.
ئەم نەتوانینە دەکاتە ئاژاوەیەک و فڕێی دەداتە نا وکۆمەڵگا کە تەنها قسەیەو ناتوانێت ببێتە کردار،ئاخر یەکێتی کەڵکی هیچی پێوە نەماوە،ئێستا ئیر وەک ئەو گوێدرێژەی لێهاتوە ئەگەر بارێک کڵاشینکۆفی لێبنێی گورگ دەیخوات.