17/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
دەقی راگەیەندراوەکەی نێوان پارتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکومەت
لە کۆنگرەیەی رۆژنامەوانی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، کۆتایی ھات و گۆڕان رایگەیاند کە دەچنە نێو حکومەتەوە.
لەپێناو ھێنانەدی بەرژوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و لە ڕوانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و ھێنانەکایەی قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی کە ئامانجی یەکەم و سەرەکی؛ خزمەتی ھاووڵاتیان بێت بەبێ جیاوازی، لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێککەوتین:
یەکەم: پێکھێنانی حکوومەتی بنکەفراوان و یەکگرتوو کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی دەنگدەران و تەواوی خەڵکی کوردستان و ڕێزگرتن لە دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردن بێت.
دووەم: پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی ھاوبەشی حکوومەت لەسەر بنەمای چاکسازی و چەسپاندنی دامەزراوەیی لە ھەرێمی کوردستان.
سێیەم: کاراکردنی ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان بە جۆرێک کە بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەرکەکانی لە یاسادانان و چاودێریکردن و بەدواداچوونی کارەکانی حکوومەتدا ئەنجام بدات.
چوارەم: چەسپاندنی پرەنسیپی (شەراکەت) لە دەسەڵاتی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا کە سەرجەم ھێزە بەشداربووەکانی حکوومەت، ھاوبەشی ڕاستەقینە بن لە دەسەڵات و دروستکردن و جێبەجێکردنی بڕیاردا. لەم ڕوانگەیەوە بزووتنەوەی گۆڕان ھاوبەش دەبێت لە:
ا- پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ھاوبەشی لە دەسەڵاتە سیادییەکاندا.
ب- ھاوبەش دەبێت لە کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کورددستاندا بە وەرگرتنی پۆستەکانی:
١- وەزیری پێشمەرگە.
٢- وەزیری دارایی و ئابووری.
٣- وەزیری پیشەسازی و بازرگانی.
٤- وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی.
٥- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان.
٦- ھاوبەشی لە دامودەزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستاندا کە دواتر دیاری دەکرێن.
پێنجەم: ھەردوولا پشتگیریی تەواوی سەرخستنی بەرنامەی ھاوبەشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن بە شێوەیەک کە زامنی پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین و ئینتیمای سیاسی و چوون بەرەو ھەڵبژاردنێکی شەفاف و دوور لە ھەر فشار و سزایەکی سیاسی بێت. لەم ڕوانگەیەوە ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.