12/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
گه‌شتی زاهیدانه‌ی خه‌یاڵ
(6)
هه‌ركه‌س له‌گه‌ڵم دێت وه‌ك كه‌سێكی دیكه دێته‌وه؛ به‌ڵام؛ له خۆی باشتر!
نۆڤلێت
تۆ سه‌یر له‌م خه‌یاڵاتانه، تۆ ته‌ماشا له‌م وه‌حشه‌ته، تازه‌به‌تازه خۆر ده‌شته‌كانی شاری دهمسهحهری ڕووناك كردوه‌ته‌وه، شارێك كه وه‌ك تا ئێستا نهم دیبێ وایه، ئه‌و شاره‌ی كه سه‌ره‌تای له چاخانهیهكهوه ده‌ستی پێده‌كرد و له ڕێگای به‌رده‌م دهوارهكانی قه‌ره‌جه بێسه‌ر و شوێنه‌كاندا كۆتایی ده‌هات.
بازگه‌ی ئه‌و شارهشمان بڕی، ئه‌و كات دنیا له‌وێنده‌رێ ته‌واو له قسمه‌تی ژیاندا بوو، كابرای شۆفێر ئه‌وجا مه‌عزه‌ره‌تی هێنایه‌وه و وتی به‌خودا داوای لێبوردن ده‌كه‌م، ئێستا دهتانناسم، دیاربوو له پێشمه‌رگه كۆنه‌كانی سه‌رده‌می شاخ بوو، له‌و پێشمه‌رگانه بوو كه زۆر ڕقی له عه‌ره‌ب بوو، ئه‌مه‌شی هه‌ر له‌خۆڕا بۆ درووست نه‌بووبوو، ئه‌و یه‌كێك بوو له‌و مرۆڤانه‌ی كه به‌ر زۆرینه‌ی ئه‌و شاڵاوانه كه‌وتبوو كه عه‌ره‌ب بۆ قڕكردنی كورد هێنابوونی، یان له‌و كه‌سانه بوو كه زه‌مه‌نێكی زۆر پێشمه‌رگه بووه و سه‌رما و گه‌رمای زۆری بینیوه، بۆیه وا به‌وجۆره ڕقی پیرۆزی له عه‌ره‌به و له ماوه‌ی نێوان هه‌ڵه‌بجه تا سلێمانیدا، كۆڵی زووخاوی هه‌ڵڕشت و هه‌ر به ده‌م ئه‌و زووخاو هه‌ڵڕشتنه‌وه ئێمه‌ی به سهورێك و دووفو گه‌یانده سلێمانی، من ئه‌وم نه ده‌ناسی، بزه‌یه‌كی هاتێ و ڕوویكرده پیاوه پیره‌كه‌ی ته‌نیشتم و كابرای پیریش زۆر به ئیحتیرامه‌وه سڵاوی لێكرده‌وه و سوپاسی كرد.
ئه‌و شۆفێره وتی من چیرۆكی هیچ میلله‌ت و نه‌ته‌وه و هیچ جۆره به‌سه‌ر هات و ئه‌و شته‌ی كه پێی ده‌ڵێن ڕۆمان و شتی له‌و جۆرانه نه‌خوێندوه‌ته‌وه، به‌ڵام گه‌وره‌ترین و چیرۆك و ڕۆمان و به‌سه‌رهات لای منه و من یه‌كه‌مین كه‌سێكم له‌م جیهانه‌دا كه تا قیامه‌ت ده‌توانم ئه‌و شتانه بگێڕمه‌وه و كۆتاییان نه‌یه‌ت!، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه كه من یه‌كه‌مین كه‌سم و ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنم كه هیچ كه‌سێك وه‌ك من ناتوانێ شته‌كان وه‌ك خۆی بگێڕێته‌وه، ئه‌وه‌ی لای من هه‌یه لای كه‌سی دیكه نییه، ئه‌وه‌شی كه ده‌ڵێت به‌ڕێزم ئه‌وه‌ی لای تۆیه لای ئێمه هه‌یه ئه‌وه عه‌رز و ئه‌وه گه‌ز، بزانم هه‌ر به یه‌كه‌م شه‌وی بوون به پێشمه‌رگایه‌تیم و یه‌كه‌مین ده‌رچوونم بۆ پێشه‌وه‌ی جه‌نگ و ناردنیانم بۆ كاری نهێنی و گرتنه ئه‌ستۆی به‌رپرسیارێتم له ته‌مه‌نی لاوێتیمدا چیت نیشان ده‌ده‌م له جه‌ربه‌زه‌یی و نه‌به‌ردیی و چاونهترسیم له‌گه‌ڵ برا پێشمهرگهكانمدا، به‌ڕێزینه ئێوه لاون و تازه فێری ئه‌لفوبێی كوردبوون و فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بوون، ئه‌وه‌ی لای من ده‌ریایه‌كی بێ بنه له به‌سه‌رهاتی جۆراوجۆر و پڕ داستان و جه‌ربه‌زه‌یی ئه‌وكاتی سه‌رده‌می شاخ و ڕۆژگاره تاڵه‌كان، به‌ده‌م ئه‌م قسانه‌ی كابرای شۆفێره‌وه له ناكاو گه‌شتینه‌وه بازگه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌رێمێكی بچووك!، ئه‌رێ كام سه‌یته‌ره‌یه!؟، دیاربوو بازگه‌ی سه‌رای سوبحانی سه‌رده‌می ئاغاواتی بوو كه هه‌رماوه و ڕه‌نگه هه‌تاهه‌تایه هه‌ر بمێنێ!، ئه‌وێشمان بڕی، بێ پێچوو په‌نا!، وڵات وڵاتی پۆلیسان و نیشتیمان نیشتیمانی بازگه‌كان بوو!، خاك خاكی جاسووسان و شه‌قام شه‌قامی فایلستان بوو!، هه‌رێم هه‌رێمی سیاسه‌ت و حكومه‌ت حكومه‌تی فه‌ساد و گه‌نده‌ڵی بوو!، ئای خۆزێ له‌شوێنێ ده‌بووم به‌س مرۆڤبوون كافی ده‌بوو، ده‌وه‌ره له‌خه‌یاڵه‌وه بخزێره سه‌ر سیاسه‌ت، بۆگه‌نترین شتێك له‌م وڵاته‌دا سیاسه‌ته، قێزه‌ونترین ئیشێك كه ئه‌مڕۆ بووه‌ته كاسپی و مامه‌ڵه‌تی وردودرشتی خه‌ڵك سیاسه‌ته، ده‌بوو ئه‌م سه‌فه‌ره ناوهختهم خاڵی نه‌بێ له مه‌عده‌نه‌كانی وتن و لێكدانه‌وه و شرۆڤه‌كانی خه‌یاڵ و تێكه‌ڵییه فیكیریی و سیاسییه‌كان، ئه‌وه‌تا به‌م سوبحه له خۆڕا پڕبوومهوه لهسوعبهتی نا به‌خته‌وه‌ریی، یه‌عنی سیاسه‌ت، ئا..ئا نابه‌خته‌وه‌ریی، چونكوم له‌وڵاتێكدا ئه‌ژیم جگه له به‌خته‌وه‌ری هه‌موو شتێكی هه‌رزان و به‌لاشه، هه‌موو شتێ بایی تهقریرێكه و به‌س!، تاڵانی سیاسه‌ته، تاڵانی ئه‌خلاقه، تاڵانی عه‌قڵ و مه‌عریفه‌یه!، ڕهواجدارترین و بێ ڕه‌واجترین شتێ لێكجیاناكرێتهوه، هه‌مووشت تۆوی نابه‌خته‌وه‌ری ده‌گرێ، ئه‌وشته‌ی كه ڕه‌واجی نییه ته‌نیا ژیانه!، ته‌نانه‌ت ژیانیش بۆ خۆی قێز له‌خۆی ئه‌كاته‌وه، ئه‌وه‌نده سووكایه‌تی به‌ژیان كراوه حه‌قیقه‌ت له ڕووی نایه‌ت ده‌ربكه‌وێت!، تف هه‌ڵده به‌ئاسماندا سیاسه‌ت مانشێتی له‌سه‌ر دائه‌نێت!، به تهقریرێك ئه‌و تفه له‌كونجی زینداندا وه‌ك كهشكی سه‌ر بانێژه وشك ده‌كرێته‌وه!، ئه‌و ڕۆژه یه‌كێك له ڕۆژه‌كانی ئه‌و پرسیارانه بوو كه وه‌ڵامیان وه‌ڕس ده‌كرد، ئه‌وه‌نده‌م گومان و فاریزه دانابوو، سه‌رم بووبوو به‌و شته‌ی چ ناوێكی لێده‌نێیت بیخه سه‌ر ئار، هاوڕێیان به‌بیرتان بهێنمه‌وه ئه‌مڕۆ كه ناوهختسهفهری دهمسوبحی سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی شهمموی دهمبههاری دوو هه‌زار و پێنجه، هه‌ر له‌و سه‌ر وه‌ختانه‌دا بوو نعۆم چۆمسكی سیاسه‌تمه‌دار و پیاوی به‌ئه‌زموونی دژ به هه‌یمه‌نه و هه‌ژمونه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له دیاربه‌كری سه‌ر به كوردستانی باكور و ژێرچه‌نه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی توركیا، باسی له وه‌زعی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوریی كوردی ده‌كرد و ئه‌فسوسی بۆ داهاتووی ده‌خوارد!، ئه‌مه به هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت و به هه‌ر چه‌شنه تێگه‌یشتنێك بێت ئاسۆكان جارێ تاریكن و هیچ ڕوونبوونهوهیهكی ئه‌وتۆ دیار نییه به‌ڕووی كورددا، جگه له‌وه‌ی ئێمه به‌خته‌وه‌رین به‌وه‌ی كه هێدی هێدی وا خه‌ریكه شتێك دێت ده‌توانین گه‌شبین بین پێی و پێی بڵێین ئایندهی كورد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دنیای ناوچه‌كه زیاتر ڕووی به‌ره‌و كرانهوهتره، ده‌كرێ گه‌ڕیده‌ش ئه‌زموون فراوانتربێ و ڕۆحی كوردی په‌نجه‌ره‌كانی ئاسوده‌یی وا به‌ره‌و كوخه‌كانی سهرفرازیشه، هه‌رچه‌نده شه‌ڕی ناوخۆی كوردان تائاستێك كۆتایی هاتووه، به‌ڵامێكی تر خۆهێشتا ڕۆحه سیاسییه‌كانی نیشتیمان له جه‌نگی تیرۆر ده‌ستیان هه‌ڵنه‌گرتووه، ته‌نانه‌ت ئه‌م شه‌ڕه مه‌زنه وای كردووه فریشته بووه‌ته كۆیله و جه‌للاد بۆ خۆی ته‌راتێنی دارستان ده‌كات و ڕاسته‌وخۆ ڕه‌عیه‌ت پاسه‌وانی سته‌مكاره!.