کۆنفیدرالیەت: راکردن لە واقع
11/04/2014 نوسەر: bzavpress

کۆنفیدرالیەت: راکردن لە واقع


لەم رۆژانەدا دروشمی کاندیدێکم بینی نوسرابو: یا جێبەجێ کردنی دەستور یا کۆنفیدرالی. بیستم گوایە ئێستا ئەم دروشمە واتە کۆنفیدرالیەت بوە بە دروشمی هەندێک لایەنیش، بەڵام نەمتوانی لەوە دڵنیا بم یا بەڵگەیەکم لەبەردەستدا بێت.

بەهەر حاڵ دوێنێ لە  میدیای کوردیدا ئاماژە بە چاوپێکەوتنێکی بەڕێز کاک مەسعود درابو کە وتویەتی “هەرێم بەرەو سیستەمی کۆنفیدرالی ئەڕوات لەگەڵ عێراقدا”. لە راستیدا ئەمەم پێ سەیر بو.

تۆ بڵێی کاک مەسعود و ئەو حیزبانە نە خۆیان نە راوێژکارەکانیان ئاگایان لەوە نەبێت کە شتێک نیە ناوی سیستەمی کۆنفیدرالی بێت؟  ئەمە بێئاگایی سیاسیە یا دیسانەوە جۆرێکە لە “کوردە ناموسە” و راکردن لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی راستەقینە بۆ کێشەی نەتەوایەتی میللەتێک؟

ئەو کاندیدە بەڕێزەی داوای پابەند بون بە دەستور دەکات بێئاگایە لەوەی جێ بەجێ کردنی ئەو دەستورە دەبیتە کێشەیەکی گەورە بۆ هەرێم و، هەرێمی ئێستامان دەسەلاتەکانی تا ئاستی دەسەڵاتی پارێزگایەک بچوک دەبێتەوە؟ لەم دەستوردا سەرجەم پرۆسەی دارایی و ئابوری و نەخشەکێشان و پەیوەندیەکان و سەربازی و دەیان مەسەلەی تری گرنگ رادەستی حکومەتی بە ناو فیدرالی کراوە کە جگە لە حکومەتی ناوەند هیچی تر نیە. 

ئەو کاندیدە لە حاڵەتی جێبەجێ نەکردنی دەستور هەڕەشەی کۆنفیدرالی دەکات. دیارە ئەو و هاوچەشنەکانی پێیان وایە کە کۆنفیدرالی، هەر لەبەر ئەوەی کۆنێک ئیزافە بوە بۆ سەر وشەی فیدرالی، ئیتر ئەوە قۆناغێکی باڵا ترە لە فیدرالیەت، واتە سەرو فیدرالیەتە. دیارە ئەوان وەک پۆست فیدرالیەت سەیری کۆنفیدرالیەت دەکەن.  ئەمەش جگە لە نەزانی و دروشم بازی و گێلاندنی هاوڵاتیان و راکردن لە چارەسەری فیعلی هیچی تر نیە.

پێ دەچێت هەندێک بەرپرسی کورد پێان وابێت تەسەلسولی مەنتقی چونە سەری داخوازیەکانی کورد لە لامەرکەزیەتەوە بۆ ئۆتۆنۆمی تا فیدرالی ئەبێت بە کۆنفیدرالی کۆتایی بێت و تا ئەم پەیژەیەش نەبڕین ئەوا ناتوانین دوا هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێین!. ئەم جۆرە تێگەیشتنە ساڵانێکە باڵی بەسەر داخوازیەکانی کورددا راکێشاوە. سەدام حوسێن لە تۆمارێکی دەنگیدا باس لەوە دەکات کە لە هەفتاکاندا کورد بە شەرمەوە باسیان لە ئۆتۆنۆمی دەکرد و پێیان وابو داخوازیەکی زۆر گەورەیە. ئەو دەڵێت هەر بە زۆر لە دەمی دارام دەرهێنا چونکە راستەوخۆ نەیئەتوانی بیڵێت.

هەموشمان لە بیرمانە لەسەرەتای راپەڕیندا و دوای کشانەوەی ئیداراتی عێراق لە بەشێک لە کوردستان، هێشتا لایەنەکان لەسەر شێوازێک لە ئیدارەدانی ناوچەکە یەکلا نەبوبونەوەو، لە کاتێکدا تا ئاستێکی زۆر جۆرێک لەسەربەخۆییمان هەبو، کەچی جاڕدانی فیدرالیەت لە لایەن پەرلەمانەوە لە ساڵی ١٩٩٢ دا وەک دەستکەوتێکی گەورەو داخوازیەکی زۆر قەبەو وەرچەرخانێکی مەزن  سەیر دەکرا.

جوڵانەوەی کورد هەر لەسەرەتاوە جوڵانەوەیەکی نەتەوەیی بوە، واتە کێشەی نەتەوەیەک کە بە دوای قەوارەیەکی یاساییدا دەگەڕێت. لەم حاڵەتەدا تەنها چارەسەرێک پێکهێنانی  دەوڵەتە. هەر چارەسەرێکی تر تەنها کاتی و خۆ دزینەوە ئەبێت لە مەسەلە سەرەکیەکە.

 بەلام لە هەمو حاڵەتێکدا کۆنفیدرالیەت نە چارەسەرە بۆ کێشەی کورد و نە شێوازە و نە بەشێکە لە هەڵکشانی داخوازیەکانی کورد. کۆنفیدرالیەک جۆرێکە لە رێککەوتن لە نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆ یا زیاتر لە چوارچێوەی پەیماننامەیەکی هاوبەش و بۆ مەبەستی هاوبەش. بەڵام دەبێت ئەو وڵاتانە سەربەخۆی تەواو بن و خاوەنی دام و دەزگای دەولەتی سەربەخۆی خۆیان بن.

ئەمەش زۆر بە دەگمەن و کاتی روی داوە. بۆیە لە ئێستادا کۆنفیدرالیەت یا زیاتر بۆ رێکخراوە جیهانیەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەکار دێت وەیا بۆ چوارچێوەیەکی ناوچەیی بەرفراوان وەک یەکێتی ئەورپا. دەشێ لە ئایندەدا قسەیەک لەسەر کۆنفیدرالیەتی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بکرێت بەلام تەنها لە کاتێکدا کە سەرجەم نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بن.

کورتەی قسە ئەوەیە کە گەر رازی بین بە کۆنفیدرالیەت، وەک چوارچێوەیەک بۆ پێکەوە ژیان لە نێوان هەرێم و عێراقدا، ئەوا ئەم قۆناغە دوای سەربەخۆیی دێت، واتە سەربەخۆ بونی کوردستان و پێک هێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی پێشمەرجی کۆنفیدرالیەتە، نەوەک گوایە لە ئێستادا هەنگاوێک ئەرۆینە پێشەوەو کۆنفیدرالیەت دائەمەزرێنین و دواتر بەرەو سەربەخۆیی ئەرۆین. ئەم تێگەشتنە سەرەولنگە بۆ سەربەخۆیی، جۆرێکی ترە لە راکردنی کورد لە دیاری کردنی چارەنوسی خۆی ئازادانەو ئازایانە.

سەیر لەوەدایە ئەو فاکتەرانەی کە هۆکاری ناکۆکین لە نێوانی هەرێم و بەغدادا خۆیان بنەمای بنیات نانی رێککەوتنی کۆنفیدرالین. من تێناگەم گەر ئێمە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدرالیدا نەتوانین پێکەوە بژین ئیتر چ پێویست بە کۆنفیدرالی ئەکات؟ گرنگی ئەم هەنگاوە چیە؟ چی ئێمە بە عێراقەوە ئەبەستێت لە حاڵەتی سەربەخۆبونماندا؟ کۆنفیدرالیەتی هەرێم و عێراق چ خزمەتێک بە هاوڵاتیان دەکات؟ دیارە دەکرێت هاوکاری و کارئاسانیەکی زیاتر لە نێوان هەردولادا هەبێت و دەیەها رێککەوتنی هاوبەش بکرێت بەلام نەک لە چوارچێوەی کۆنفیدرالیەتدا.

بە کورتی، لە دنیای سیاسەتی ئەمڕۆدا نە کەس باس لە کۆنفیدرالیەت ئەکات و نە لە مێژوشدا سیستەمێکی جێگیری موتەکامل بوە. لێرەو لەوێ هەندێک تاقیکردنەوەی شکستخواردوی کاتی هەبوە بەلام قەت نەیتوانیوە وەک نمونەیەک خۆی بسەپێنێت.

دەست بردنی کورد بۆ ئەم چەمکە مردوە هەم تێنەگەیشتنە لە ناوەرۆکەکەی و هەمیش جۆرێکی ترە لە دەرنەبڕینی راستەقینەو بە دەنگی بەرزی خواستی سەربەخۆ بون و جیابونەوە لە عێراق، واتە پێک هێنانی دەوڵەتی کوردیی لەسەر ئەم بەشەی کوردستان بە هەرێم و ناوچە کوردستانیەکانی تری ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە.

 کە سەربەخۆییمان بەدەست هێنا ئەو کات بوار ئەبێت بیر لە هەنگاوی کاری هاوبەش بکرێتەوە.

په‌رله‌مانتاری‌ خولی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان