10/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
سونیەکانی ئێران داوای مافەکانیان دەکەن
لە ئێران ناڕەزایەتی سونیەکان بەردەوامە و ئەوان جەختدەكەنەوە، كە بەپێی یاسا نووسراو و نە نووسراوەکانی ئەو وڵاتە مافیان پێشێل دەکرێت و بە هۆی سونى بوونیانەوە پۆستەکانی جێبەجێکار، سەرۆکایەتی، دەسەڵاتی دادوەری و بەڕێوەبەرایەتییان پێ نادری.
هەروەها دەشڵێن تا ئێستا هیچ سونی مەزهەبێک نەبووەتە سەرۆکی مهجلیس، ٣٥ ساڵە وەکو وەزیریش لە بەڕێوەبەری ئێراندا نەبوونە، زۆر دەگەمەنیش پۆستی پارێزگاریان پێدراوە.
لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران، مافی پێکهاتە جیاوازە ئایینی و نەتەوەییەکان پرسێکی سەرەکی بوو و حسن رۆحانیش لەهەموان زیاتر خۆی بە پاڵەوانی وەدیهێنانی مافەکانیان ناساند. بەڵام دواتر شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕدرا. نە وەزیر و نە پارێزگارەکان لەنێو سونیەکان دەستنیشان نەکران. تەنانەت رۆحانی یاریدەدەرێکی بۆ بەدواداچوونی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان دەستنیشانکرد، کە نە کێشەی نەتەوەیی هەیە و نە ئایینی.
كێشهى سونیەکان لە رۆژانی رابردوودا دوای ئازادکرانی چوار سەربازە بەدیل گیراوەکەی کۆماری ئيسلامى ئێران لە لایەن زانایانی ئایینی و ریش سپیانی سونی سیستان و بەلوچستان، بووەتە باسێکی گرینگ. ژمارەیەک لە چالاکوانانی سوننی دەڵێن ئەوە هاندەرێکى باشە بۆ ئەوەی رۆڵی زیاتر بە سونیەکان بدرێت.