05/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ئه‌نفالی قورئان و ئه‌نفالی سه‌دام
پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیش یاسای ئیسلامی به‌سه‌ر زیناکهریشدا نه‌ده‌چه‌سپاند ئه‌گه‌ر بێت و که‌سه‌که له زگیدا منداڵێك هه‌بوایه
ماڵمان له گوندێك بوو خاوه‌نی مه‌ڕوماڵاتێکی زۆر بووین، زۆرجار ئێواران که مه‌ڕوماڵاته‌که‌مان ده‌هاته‌وه‌و چاومان به‌ناویاندا ده‌گێڕا ده‌مان بینی مه‌ڕێك یان چه‌ند مه‌ڕو بزن نههاتوونهتهوهو ده‌بوایه ئێمه‌ش به‌و شه‌وه به‌و ده‌شت و شاخه‌دا بگهڕایهین به‌دوایاندا له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك شه‌و گورگ بیان خوات، چونکه گورگ زۆرجار شه‌رم له مرۆڤه‌کانیش ناکات و له ڕۆژیشدا هێرشیان بۆ ده‌هێنێت چ جای ئه‌وه‌ی شه‌و بێت و خۆی حاکم بێت، جا هه‌ر جارێك ئه‌گه‌ر مه‌ڕو بزنه‌کانمان نهدۆزایهتهوه باوکم چه‌قۆیه‌کی پێم ده‌داو ده‌یناردم بۆ لای مه‌لای گونده‌که‌مان به ئومێدی ئه‌وه‌ی ده‌می گورگ له مه‌ڕو ماڵاته‌کانمان ببه‌ستێت، دراوسێیه‌کمان هه‌بوو سه‌گێکی زۆر هاریان هه‌بوو منیش منداڵ بووم و لێی ده‌ترسام شه‌رمیشم ده‌کرد بڵێم ده‌ترسم چونکه باوکم ده‌یگووت کوڕه‌که‌ی من زۆر چاو نه‌ترسه، که‌م شه‌و هه‌بوو به‌لای ئه‌و سه‌گه‌دا تێنه‌په‌ڕم بۆ لای مامۆستا به مه‌به‌ستی ده‌می گورگ به‌ستن، له هه‌مانکاتدا ڕۆژانه ده‌ڕۆشتم بۆ لای هه‌مان مه‌لای گونده‌که‌مان بۆ قورئان خوێندن، منیش ڕۆژ ئه‌گه‌ر به پاره بکڕایه ده‌مکڕی بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی که بگه‌ین به‌و سوره‌ته‌ی که تایبه‌ته بوو ده‌می گورگ به‌ستنه‌وه، تا ڕۆژێك هات و مامۆستا پێی ووتین سبه‌ینی ئه‌و سوره‌ته ده‌خوێنین که تایبه‌ته به ده‌می گورگه‌وه، منیش زۆر ده‌مێك بوو ئه‌و ڕۆژه‌م ئاوات بوو بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت له دڵه ته‌په‌ی سه‌گی دراوسێکه‌مان و قوڕاو ڕێگه‌و بانه‌که ڕزگارم بێت، هه‌ر که ڕۆشتمه‌وه بۆ ماڵ ده‌ستم کرد به خوێندنی ئه‌و سوره‌ته‌ی که تایبه‌ت بوو به ده‌می گورگ به‌ستن، ته‌فسیرێکی چکۆلانه‌م به ئه‌مانه‌ت لای هاوڕێیه‌کم هێناو زۆر عه‌وداڵی ئه‌وه بووم که ئه‌و سوره‌ته له هه‌موو سوره‌ته‌کانی تر باشتر بزانم چونکه وه‌ك چۆن ئێمه‌ی مسوڵمانی نوێژ خوێن ڕۆژانه پێویستمان به خوێندنی سوره‌تی فاتیحه ده‌بێت و له‌سه‌رمانه باش بیزانین به‌هه‌مان شێوه ئه‌و سوره‌ته‌ی که تایبه‌ت بوو به ده‌می گورگ به‌ستنه‌وه به نسبه‌ت منه‌وه زۆر گرنگ بوو، نه جارێك و نه دووجارو نه ده‌جار ده‌توانم بڵێم زیاتر له سه‌د جار خوێندمه‌وه‌و تهفسیرهکهشم له‌گه‌ڵیدا ده‌خوێنده‌وه به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موویم وه‌ك ناوی خۆم له‌به‌رکرد به عه‌ره‌بی و به کوردی، له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌نده‌م ئه‌و ڕۆژه به‌لاوه گرنگ بوو بیرم لای خۆم نه‌مابوو که بیر له ماناکه‌ی بکه‌مه‌وه گه‌رچی هه‌موویشم له‌به‌ر کردبوو، تا کاتی نزیك بوونه‌وه‌ی قورئان خوێندنه‌که‌مان هات ئه‌وسا ووتم باشه خۆ ئه‌وه من ئێستا هه‌موو سورهتهکهم به چاکی له‌به‌ره به عه‌ره‌بی و به ته‌فسیری کوردیشه‌وه خۆ هیچ باسی گورگی تێدا نه‌بوو، له‌سه‌ره‌تاوه وام بیر ده‌کرده‌وه که سوره‌ته‌که هه‌ر باس و خواستی مه‌ڕوماڵات و گورگ بێت که‌چی هیچی له‌وانه تێدا نه‌بوو، هه‌رچه‌ند منداڵیش بووم به ئه‌قڵی ئه‌و کاتهشم ووتم ئه‌مه ڕاست نی یه‌و شتی وا نی یه، چۆن ده‌کرێت سوره‌تێك تایبه‌ت بێت به ده‌می گورگ به‌ستنه‌وه که‌چی نه ڕاسته‌وخۆ نه ناڕاسته‌وخۆ سوره‌ته‌که باسی تێدا نه‌بێت، کاتێك له‌لای مامۆستا دانیشتین ووتی ئاده‌ی قورئانهکانتان بکه‌نه‌وه ئه‌مڕۆ ئه‌و سوره‌ته ده‌خوێنین که تایبه‌ته به ده‌می گورگ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که منداڵ بووم و زۆر ئه‌ده‌بی گه‌وره‌و بچوکیشم نه‌ده‌زانی ڕاسته‌وخۆ به مامۆستا‌م ووت مامۆستا والله ئه‌م سوره‌ته هیچ په‌یوه‌ندی به ده‌می گورگه‌وه نی یه‌و ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نی یه شتی وا، مامۆستاش هیچی نه‌ووت ووتی بیخوێنن، دوای ئه‌وه‌ی که سورهتهکهمان خوێند ئه‌و ووتانه‌ی من بووه سهرباست و خواستی هاوڕێکانی ترم و پشتگیریان کردم و هه‌ندێك جاریش ده‌یانووت چۆن وێرات ئه‌وه له‌و کاته‌دا بڵێی، منیش ووتم کوره وام دانابوو ئه‌وه ڕاست بێت و ئێسته‌ودوا ده‌می سه‌گیش له خۆم ببه‌ستم که‌چی هه‌مووی نا ڕاست ده‌رچوو، ئیتر دوای بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌و مه‌سه‌له کۆن که دروست کراوه هه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مادی و ده‌عوه‌ت و ده‌عوه‌تکاری بووه‌و دواتر له‌ناو خه‌ڵکیدا باوه‌ڕێکی به‌هێزی به‌رانبه‌ری بۆ دروست کراوه، کاتێکیش باسی ئه‌نفال و ئه‌نفال کردنی کورد ده‌کرا، سوره‌تی ئه‌نفال له قورئاندا زۆر پێی ئاشنا بووم و ئه‌گه‌ر به تایبه‌تیش نهمخوێندایه له خهتمهکانمدا به‌رده‌وام ده‌مخوێند، له‌به‌ر باس کردنی جینۆساید کردنی کوردوو ناساندنی به ئه‌نفال ووشه‌ی ئه‌نفال پێچه‌وانه‌ی ڕاستیه‌که‌ی خۆی لام وه‌رگرتبوو، دواتر که دیراسه‌تی سوره‌تی ئه‌نفالم کردوو هێنام و بردم وه‌ك مه‌سه‌له‌ی ده‌م به‌ستنی گورگه‌که‌ی لێهات، وه بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌م سوره‌تی ئه‌نفاله وه‌ك ئه‌و سوره‌ته‌ی که تایبه‌ت کرابوو به ده‌می گورگه‌وه‌و مه‌لاکان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان تایبه‌تیان کردبوو پێوه‌ی سه‌دامیش به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و سوره‌ته‌دا کردبوو، به‌ڵام هه‌رکه‌س ناهه‌قی به‌رانبه‌ر قورئان بکات و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی به‌کاری بهێنیت و له ئامانجی ڕاستی خۆی بیشێوێنێت خوای گه‌وره ژیانی له دونیاندا ده‌شێوێنێت و له‌و ده‌رده‌ی که سه‌دامی پێ له‌ناو برد باشتری به قسمه‌ت نابێت، له ئاینی ڕاستی ئیسلامدا کوشتنی تاکه که‌سێك وه‌ك کوشتنی هه‌موو دونیا وا بێت چ چای کۆمه‌ڵ کوژی، ئاشکرای لای هه‌موو شاره‌زایانی ئه‌م په‌یامه پاکه‌یه که ئاینی ڕاستی ئیسلام له پێناو پێنج ئامانجی سه‌ره‌کیدا هاتووه یه‌کێك له‌وانه بۆ پاراستنی مرۆڤه‌کانه، هه‌ربۆیه زۆر ده‌قی ڕاسته‌وخۆو نا ڕاسته‌وخۆ ده‌بینین له‌و مهدارهدا ده‌سوڕێته‌وه، پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیش یاسای ئیسلامی به‌سه‌ر زیناکهریشدا نه‌ده‌چه‌سپاند ئه‌گه‌ر بێت و که‌سه‌که له زگیدا منداڵێك هه‌بوایه له‌به‌ر خاتری ئه‌و منداڵه، چونکه یه‌کێکی تر له ئامانجی ئیسلام بۆ پاراستنی وهچهکانه، چ جای میلله‌تێك له‌ژێر ناوی سوره‌تێکی ئه‌و په‌یامه‌دا بکوژرێت و ڕاستی لای خه‌ڵکی لنگاو قوچ بکرێت.