05/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
گه‌شتی زاهیدانه‌ی خه‌یاڵ
(3)
پێناسه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه بۆ سه‌رله‌به‌ری كایه‌كانی ژیان.
نۆڤلێت
پێش ئه‌وه‌ی بگه‌مه لای زانای سه‌حراناس له ڕێگادا نانهوایهكم هاته پێش، ئه‌و كات دنیا تاریك و لێڵ بوو، تازه كرابوویه‌وه، منیش هه‌روا به ساده‌ییه‌وه سه‌یرێكم كرد و زووگوزه‌ر به‌لایدا تێپه‌ڕیم و چه‌ند مه‌ترێك دوور كه‌وتمه‌وه و له ناكاو كه‌سێ بانگی كردم و وتی هاها كوڕی قۆز بۆ ئه‌وه‌نده به په‌له‌ی، به‌م به‌یانییه زووه بۆ كوێ ده‌ڕۆی!؟، دهسهرێك به‌رز بكه‌ره‌وه مامه!، ئاوا.. سهلامێكمان لێ بكه كوڕی شاهانه‌ی سه‌فه‌ر، باشه ئێستاش هه‌ر گهڕیدهیت و مه‌یلت به‌لای سه‌فه‌ر و ئه‌و شتانه‌وه‌یه كه ده‌تبات بۆ ناشوێن و هه‌ر خه‌ریكی جه‌نگه‌كه‌ی جارانی له‌گه‌ڵ خۆت و سه‌رئێشه بۆ ئێمه درووستدهكهیت.
من كه نه‌مده‌ویست سه‌رم به‌رز بكه‌مه‌وه، ئیدی نازانم چ بوو وای لێكردم، ئایا بۆ ئه‌وه بوو كه نه ڕه‌نگ و نه شێوه‌ی دیوار و دوكان و دره‌خت و ته‌نانه‌ت ئاسمانیش نه‌بینم!؟، یان چی بوو، هۆیهكهیشیم نه‌ده‌زانی، ئه‌مه‌م له ناخه‌وه بۆ درووست بووبوو، هه‌ر له‌یه‌كه‌م ههنگاومهوه كه له ماڵ ده‌رچووم، ئه‌م سهراسیمهیهم به‌سه‌ردا هات، به‌ناچاری سه‌رم به‌رزكرده‌وه و دیتم خه‌په‌گیان (كوڕی خرتهڵهی شاره‌كه‌ی مه‌چكۆ)یه، واو خه‌په‌گیان، چاوی من! به‌خودا زۆرم په‌له‌یه و سه‌فه‌رم له پێشه، نانی خۆت بكڕه و كۆچهڵه ماسهكه بگره به‌ده‌سته‌وه و خێراكه بیبه بۆ شاژنی ماڵه‌وه، بابه با لێت توڕه نه‌بن له ماڵه‌وه(به‌پێكه‌نینه‌وه)، خودا حافیزیم لێ‌كرد و هه‌مدیس كه‌وتمه‌وه ناو سه‌راسیمه كوشندهكهمهوه، نه‌مده‌زانی بۆ!؟، خه‌یاڵات خه‌یلێ سه‌راسیمه‌ی كردبووم، به‌سه‌یركردنی خاكی به‌ر پێمه‌وه بگره تا هه‌موو ئه‌و خه‌یاڵات و ئه‌فسونه‌ی كه له دڵمدا هه‌بوون.
هه‌ر چۆنێك بوو گه‌شتمه(فولكه‌ی پیاوێ له‌قوربانیی و سمبوولی نه‌ته‌وه‌یه‌ك)، ئه‌و فولكهیهی كه له ده‌روازه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا درووستكراوه، تابلۆیه‌كه له حه‌قیقه‌ت و جوانی بۆ نیشانه‌ی مه‌زڵومییه‌ت و قوربانی شارێك له وێنه‌ی هه‌موو دنیادا!؟، ئه‌مه بۆ ناساندنی مهزوڵوومییهتی شاره‌كه‌یه‌تی و هه‌م بووه‌ته سمبوول بۆ هه‌موو نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی، حه‌زم نه‌ده‌كرد زۆر له‌وه‌ها شتێك بیر بكه‌مه‌وه، زیاتر ده‌مویست خه‌یاڵاتم په‌رت بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی چیدی نه‌كه‌ومه‌وه ناو مه‌عمه‌عه‌ی سیاسه‌ت و تابلۆ و شتێ كه ئازارم بدات، ته‌نات به‌وه‌ش خه‌فه‌تم ده‌خوارد كه گه‌جه‌روگوجه‌ری شاری شه‌هوه‌ت و ڕه‌شه‌با ناویاننابوو گۆڵچییه‌كه‌ی ده‌روازه‌ی شاری كۆنه‌په‌رستان!، ئه‌وه گه‌وره‌ترین ئازاری ئه‌م شاره بوو كه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه پێیگه‌یشتبوو، شار لای وابوو هیچ ئازارێكی ڕابردووی به قه‌د ئه‌م ئازاردانه‌ی ئێستای به ئێش و سۆ نه‌بووه و ئه‌و نادیهگرتنهی له لایه‌ن ئه‌و شاره‌وه زیاتر پڕ كارهساتتری ده‌كرد، لای شار هه‌موو شتێك بووبوو به خه‌یاڵاتی خۆ ده‌ربازكردن له چنگی دووژمنه دۆستڕهنگهكانی!، چونكه ئه‌وه‌نده درۆی به ده‌مه‌وه كرابوو، هیچ شتێك هێنده‌ی درۆ زاكیره‌ی پڕ نه‌كردبوو له شتی پڕوپووچ، ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ك شار به خۆی و پێنج هه‌زار شه‌هیده‌وه ئێوارانی زستانێكی تاریك و سارد ده‌ڕۆشته ده‌ره‌وه‌ی خۆی و بێده‌نگ له باری چیایه‌ك له چیاكانی پشته‌وه‌ی خۆی شه‌وی به‌سه‌ر ده‌برد و بۆ به‌یانی مه‌لابانگدان خۆی ده‌كرد به مزگه‌وتێكدا و كاتژمێر حه‌وتی گزنگ ده‌ڕۆشته چاخانه‌یه‌ك له چاخانه‌كانی بازاڕ و دواتر وه‌ك جاران دووباره گوێی ده‌گرته‌وه له قسه و نوكته و گاڵته‌جاڕییه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌یانوت شاری پێش شازده‌ی سێ شارێكی پێشهكهوتووتر بووه له هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه به‌و حوكمه‌ی كه ئێستا نادی و تیاترۆخانه و بواری بره‌ودانی فكره‌ی چه‌پگه‌را و دژایه‌تیكردنی دینی تێدا نه‌ماوه، شار ده‌مێك بوو له‌م جۆره هه‌واڵانه وه‌ڕس بوو، ئه‌وه‌ی زیاتر ئێش و برینه‌كانی دهكولاندهوه هه‌ر ئه‌و جۆره هه‌واڵانه و بێ‌موبالاتی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بوو، كه هێزی سه‌وز زیاتر حوكم و ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو تا هێزی زه‌رد، به‌و حوكمه‌ی كه هێزی زه‌رد له شاری شه‌هیدانه‌وه وه‌ك هێزی سه‌ركردایه‌تی كه‌م بوو، هه‌ر له ماوه‌ی یه‌كه‌مین خولی په‌رله‌مانی كوردییه‌وه هێزی سه‌وز ئه‌وه به به‌رنامه گرتبوو كه ده‌بێت ئه‌م شاره له ژێر ده‌سه‌ڵات و په‌یڕه‌و و قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌ودابێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێزی سپی ئیسلامیش له‌م شاره باڵاده‌ست بوون و ده‌یانویست ئه‌م شاره و ناوچه‌یه‌كی فراوانی ده‌ڤه‌ره‌كه له ژێر هه‌یمه‌نه‌ی خۆیاندا بێت وه‌ك چۆن شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان هه‌ریه‌كه‌یان له ژێر هه‌یمه‌نه‌ی دوو هێزه سه‌وز و زهردهكهدایه، به‌و جۆره نزیكه‌ی پازده بیست ساڵی خایاند، ئه‌م شاره هێشتا برینی قوڵی زۆر ماوه و به‌ڵام ئه‌وه هه‌ست پێده‌كرێ هه‌ندێ له سه‌ركرده‌كان حه‌زیان به‌و جۆره ململانێیه‌ی ڕابردوو نه‌كردووه به‌ڵكو به‌زۆر و دووره ده‌ستی ئه‌وه‌یان قه‌بووڵ كردووه، قسه‌ی شار زۆره بۆتان بگێڕمه‌وه، ڕه‌نگه له به‌شی ئه‌م گه‌شته‌دا شتێك به‌رگوێتان بكه‌وێت كه هه‌رگیز ته‌وه‌قوعی نه‌كه‌ن و نه‌تان بیستبێت.