04/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بنەماڵەی کاوە گەرمیانی " توشی شۆک بوین کاتێک مەحمود سەنگاویمان لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە بینیوە
دوای ئەوەی لە لایەن دادگای کەلارەوە بۆ جاری دوەم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرایەوە وەک کەسوکاری کاوە گەرمیانی دەڵێن: " مەحمود سەنگاوی دەستگیرنەکراوە و بانگەشە بۆ لیستی یەکێتی دەکات".
مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوای ئەوەی لە لایەن دادگای کەلارەوە دوبارە فەرمانی دەستگیرکردنەوەی بۆ دەرکرا، تا ئێستا دەستگیرنەکراوە و کەسوکاری کاوە گەرمیانیش رایدەگەیەنن "لە بری دەستگیرکردن، ناوبراو ئامادەی فێستیڤاڵی (13بەدەری خانەقین)ە و بانگەشە ی هەڵبژاردن بۆ حیزبەکەی دەکات.
کاروان ئەحمەد، برای رۆژنامەنوسی تیرۆرکراو کاوە گەرمیانی بە (سبەی) راگەیاند: وەک بنەماڵەی کاوە توشی شۆک بوین کاتێک مەحمود سەنگاویمان لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە بینیوە کە بەشداری فیستیڤاڵ و بانگەشەیە بۆ یەکێتی لەکاتێکدا ناوبراو تۆمەتبارە و فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە.
وتیشی: "لە تەنیشت مەحمود سەنگاوەیەوە د. خەسرەو گوڵ کە بەرپرسی دەزگای ئاسایشە بینراوە کە بەداخەوە لە بری دەستگیرکردنی ناوبراو بەڵام لە تەنیشتیەوە دانیشتوە".
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەر ئاسایشی گشتی بەرپرسە لە پاراستنی سەر و ماڵی خەڵکی ئەوا با ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و "ئاسایشی گەرمیان مەحمود سەنگاوی دەستگیر بکات".
وەک کەس و کاری کاوەش باسیدەکەن، یەکشەممەی داهاتو لە بەردەم دادگای کەلار خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و ئەگەر بکوژانی کاوە ئاشکرا نەکرێت"هەڵوێستی توندتر نیشاندەدەن".