گۆڕان پێشمەرگە وەردەگرێت و پارتی ناوخۆ و یەكێتیش ئاسایشی پێدەدرێت
02/04/2014 نوسەر: bzavpress

گۆڕان پێشمەرگە وەردەگرێت و پارتی ناوخۆ و یەكێتیش ئاسایشی پێدەدرێت


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست  رووداو كەوتوون، وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێتە گۆڕان، پارتی وەزارەتی ناوخۆ و یەكێتیش دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانی لەلا دەمێنێتەوەو، 
یاریدەدری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری پێشمەرگەش دەدرێتە یەكێتی . سێ لە پۆستە ئەمنی و سەربازییە گرنگەكان لەنێوان هەرسێ لایەنی براوەی هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013 دا دابەشكراون، كە تێیدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە 38 كورسی یەكەم بوو، بزووتنەوەی گۆڕان بە 24 كورسی دووەم بوو و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە 18 كورسی سێیەم بوو. 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە لەو سێ پۆستە ئەمنی و سەربازییە، بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەوەی گفتوگۆكان لەسەر وەزارەتی ناوخۆ گرفتیان تێكەوت، داوای وەزارەتی پێشمەرگەی كرد بۆ جوڵاندنەوەی گفتوگۆكان و دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەت. 
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە لە رۆژی 1/4/2014 بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە، رازیبوو لەسەر ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەها پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بمێنێتەوە و هەروەها یاریدەدری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری پێشمەرگەش دەدرێتە یەكێتی، پۆستی وەزارەتی ناوخۆش لەلای پارتی دیموكراتی كوردستان بمێنێتەوە.