چەند سەرنج و تێبینیەك بۆ كاندیدانی هەڵبژاردن
28/03/2014 نوسەر: bzavpress

چەند سەرنج و تێبینیەك بۆ كاندیدانی هەڵبژاردن


 تايبه‌ت به‌ " بزاڤ پرێس "

بەناوی خواى گەورە


سەرەڕای پێكنەهێنانی حكومەت و ئەو دۆخە چاوەڕوانیەی ئێستا دەیبینین و تێیدا دەژین، من هێشتا لەگەڵ ئەوەم بەشدارییەكی كارا لە هەڵبژاردنەكاندا بكرێ، چونكە لە ئێستا لەم رێگەیە باشترمان نییە بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكان، هەر ئەو هێزی جەماوەری بونەی ئۆپۆزسیۆنی پێشوە كوردستانی گەیاندوەتە ئەو قۆناغەی هەندێ وەزارەتی بڤەی پێشوو ئێستە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی پێشوەوە داوا بكرێ و ئەوانی تریش رازی نەبن بە بەشداری شەكلی...
ئەم چەند پەیڤ و رستەیەی دەیخەمە بەردەست و پێش چاوی ئێوەی بەڕێز بەرەنجامی خوێندنەوەی كتێب و سودبیین نییە لەسەرچاوە، بەڵكو ئەزمونی بەشداری كردنمە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی  21-9-2013پەڕلەمانی هەرێمی كوردستان وەك كاندیدی ژمارە 14لە لیستی 105 یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان و سەرنج دانی ئەو دەرەنجامانەی بەدی هاتن و خوێندنەوەی ئەو كەسایەتیانەی بەشدارییان كرد چ سەركەوتنیان بەدی هێنابێ یان دەرنەچوبێتن، ئەم چەند دێڕەش چەند سەرنجێكی سەرپێیە لە كورتترین دەربڕیندا، خستنەرووی بۆچون و ئینتیباعی منە بۆ دەرچون و دەرنەچونی كاندید نەك زۆر و كەمی دەنگی لیست:
تەوەری یەكەم: چ كاندیدێ دەرفەت و هەلی سەركەوتن و بردنەوەی زیاترە
1- دەركەوتنی ئیجابیانەی پێش وەخت  لەناو خەڵك و لە راگەیاندندا.
2- ناوبانگێكی باشی جەماوەریی
3- خۆبینینەوە لە لیستێكی گەورەی جەماوەرییدا.
4- كارایی و خاكی بون لە نێو حیزبی خاوەن لیستدا.
5- ئەنجام دانی كاری خێرخوازی و بانگخوازی و هەر كارێكی تر كە بەسود بۆ خەڵكی گەڕابێتەوە و كەسەكەیان كردبێ بە ئەستێرەیەكی جەماوەریی.
6- پشتیوانی كردنی لەلایەن حیزب یا ناوچەیەكی دیاریكراوەوە.
7- زۆری كەس و كاری  و كۆمەڵایەتی بون .
8- لیژنە و گروپی  بەهێزی پشتیوانی و ریكلام كردن و توانای دارایی و بەكارهێنان و سودبینین لەراگەیاندن.


تەوەری دوەم: ئەو هۆكارانەی ئاماژەی باشن و سودی هەیە بەڵام رۆڵی گەورە و یەكلاكەرەوەیان نییە:
1- فەیسبوك بە لایك و دەستخۆشیەكانیەوە.
2- پۆستەرات و وێنەی زۆر و دیار.
3- ئەكادیمی بون یان زۆری بەرهەم و نوسین.
4- رۆشنبیری نوخبە.
تەوەرەی سێیەم: ئەو خاڵانەی هۆكاری دەرنەچونی كاندیدن.
1- نەناسراوی و نەبونەی پێشینەی جەماوەریی.
2- داخراوی و كۆمەڵایەتی نەبون و گۆشەگیری.
3- زۆری كاندید لە دەڤەرێكی بەرتەسك و سنورداردا.
4- مونافەسەی نادروست لەیەك زەمینەی جەماوەریدا و ئیلحاحی نەگونجاو لە دەنگ دەران.
5- كارنەكردن و نەجوڵان.
تەوەری چوارەم:كاندید دەبێ لەم خاڵانە بە ئاگابێت.
1- پێویستە دەسپێشخەربی بۆ ئاگاداركردنەوە و داواكردن لەوانەی دەكرێ دەنگت پێ بدەن.
2- زۆر كەس تەنها دڵت رادەگرێ و بەڵێ كردنی مەرجی دەنگ پێ دانت نییە و زۆرجاریش دەتوانی هەستی پێ بكەی.
3- هەڵبژاردن و زۆری داواكاریی كاندیدان بۆ دەنگ پێدان، خەڵكێكی زۆری توشی دوفاقەیی و درۆكردن كردوە.
4- دەبێ ئامادەكردنی پێشوەختت هەبێ و پشت بەخۆت ببەستی نەك حیزب و بەو رۆحییەتەوە كار بكەی.
5- ئامادەسازی بكەی بۆ پلان و كاری هونەری و ریكلام ...هتد. 
6- دەبێ كاری زۆر بكرێ لەسەر ئەو دەنگانەی یەكلا نین بۆ هیچ كەسێك.
7- كاتی خۆت بە فیرۆ مەدە بەو كەسانەی سەدا سەد ئینتیمایان رونە جگە لە كەمینەیەك نەبێ كە بەهۆی خزمایەتی یا هاوڕیەتی  و ... هتد، ئەگەری هەیە دەنگت پێ بدەن...
دیارە خاڵ و سەرنجی تر زۆرن بەڵام لێرەدا بەوەندە واز دەهێنین ... بەهیوای كێبڕكێیەكی شەریفانە، كە دواجار بە خزمەتی خەڵكی كوردستان تەواو ببێت...