بسم الله الرحمن الرحیم
[ألم تر إلی الذین خرجوا من دیارهم وهم ألوف حذر الموت، فقال لهم الله موتوا ثم أحیاهم، إن الله لذو فضل علی الناس ولكن أكثر الناس لا یشكرون] 243 البقرە.
بەڵێ گێڕانەوەی داستان و چیرۆكی پێشینان – سەركەوتن و ژێركەوتنیان - بۆ گەلانی دوای خۆیان گەلێك سوود بەخشە، چونكە تاقیكردنەوەی هێزو پێزی پێشینان باس دەكات كە چۆن سەركەوتن و چۆن ژێركەوتن.؟ بۆیە قورئانی پیرۆز بەیناو بەین و جۆراوجۆرو بە چەندەها شێواز داستان باس دەكات، بەتایبەت بەسەرهاتی بەنی ئیسرائیل زۆر زۆر هاتووە، چونكە خوای گەورە دەزانێ ئەم گەلی ئیسلامە هەندێكیان تووشی ئەو بارودۆخە دەبن كە ئەوانی پیا ڕۆیشتوون، وە لە بیرو ئاییندا تووشی هەندێ هەڵوێست دەبن وەك هەڵوێستی ئەوان وایە، بۆیە لە هەر شوێنێك تووشی هەڵە بووبن و هەڵخلیسكابن، بۆ ئەم میللەتی ئیسلامەی باس دەكا، تا پەندو ئامۆژگاری لێ وەربگیرێت.
بەڵێ ئەم قورئانە جێگای شانازی ئێمەیە، چونكە تەنها پەڕاوێك نییە بخوێندرێت لە مزگەوتەكاندا، لە ماتەمینییەكاندا، بەڵكو دەستوورو یاسایەكی گشتییە، یاسایەكی پەروەردەییە، هەر وەك یاسای ژیانیشە، بۆیە هەروەك وتمان تەجاروب و تاقیكردنەوەی گەل و قەومی ڕابوردوو دەخاتە ڕوو، تا ئەو هەڵەی تووشی ئەوان بووە تووشی ئەمانیش نەبێت و لە چ خاڵێك بەهرەمەند بوون، ئەوانیش لەو خاڵە كەڵك وەربگرن.! كەوا بوو دەبێ پەڕاوێك بێت كە قورئانە، هەر لە ئادەم پێغەمبەرەوە تا كۆتا پێغەمبەر (علیهم السلام) جۆری ژیان و هۆی پێشكەوتن و هۆی دوا كەوتنیان باس بكات.
ئەم قورئانە پێویستە زۆر بە ووردی و ئاگادارییەوە لەلایەن ڕۆڵەكانی ئیسلامەوە بخوێندرێتەوەو، دەبێ بە چاوی تەوجیهات و ئامۆژگارییەوە تەماشا بكرێت، وە گوێی بۆ بكرێتەوە تا بتوانن چارەسەری گیروگرفتی ئەمڕۆی پێ بكەن و، بۆ ئەوەی بە ڕۆشنی هەنگاو هەڵگرن بەرەو داهاتوویان، بەڵێ پێویستە قورئان ئا بەو شێوەیە دەور بكرێتەوەو بخوێندرێتەوە، نەك تەنها بۆ تەبەڕوك و شیفای نەخۆش و چاوەزاری دێـبەرو دوورخستنەوەی دێو و درنج و شتی وا، وە بە تاقیكردنەوەی چەندین ساڵەی ئەم نزیكانەمان ڕوون بووەتەوە كە ئێمە هیچ كەڵك لەم قورئانە وەرناگرین تا لە ڕۆژانی ژیانماندا جێبەجێی بكەین، بۆیە جیهانی ئیسلامەتی ئا بەم شێوەیە كە دەیبینیت دوا كەوتووە، وەك دكتۆر محمود شەلەبی دەڵێت: ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات گەیشتنە پشكنینی ئاسمانەكان، تازە ئێمە دەڵێین: (ئاخۆ بەسەری ڕووتەوە نوێژ درووستە یان نە.؟
بەڵێ جیهانی ئیسلامەتیمان زۆر دواكەوتووە، چونكە قورئانەكەمان بۆ غەیری مەبەست بەكارهێنراوە، ئەوەتا یا بۆ تەبەڕوك یا بۆ پارێز لە دەستی جنۆكەو پەری، یا بۆ گوللە بەندو چاوەزار بەكارهێنراوە، سەرەنجام ڕێگامان هەڵەكرد، ئەوەتا ئێستا نەموسڵمانی تەواوین نە كافری تەواویش، نە دۆستی قورئان و نە دوژمنی تەواوی قورئانین..! هەرچەندە قورئان ڕێنمایی دەركرد: ئەوە بكە ئەوە مەكە، ئەوە دۆستە ئەوە دوژمنە، بەو شێوەیە ڕێگای ئازادی بگرە بەر، ئاوا هۆ جەنگییەكان ئامادە بكە.. هتد.!
[یا أیها الذین آمنوا إستجیبوا لله وللرسول اذا دعاكم لما یحییكم.. ] جا با بگەڕێینەوە بۆ سەر ئایەتەكە، ڕاڤەكارانی قورئان گەلێكیان هەندێ ڕیوایەت دێنن سەبارەت بەم ئایەتە پیرۆزە، دەڵێن كاتی خۆی گوندێك هەبووە لەبەر نەخۆشی چاوەقوڵە (تاعون) هەڵهاتن و ڕایان كرد، بەڵام كەمێكیان مانەوە لە ناو گوندەكەدا، سەرەنجام زۆربەیان مردن، كەچی ئەوانەی هەڵهاتن و ڕایان كردبوو بە بێوەی گەڕانەوە، ئەمانیش واتە نەخۆشەكان وتیان ئەگەر جارێكی تر شتی وا ڕوویدا ئێمەش ڕا دەكەین، بەڵێ تاعون هاتەوەو ئەوانیش نزیكەی (33 - 39) هەزار كەس بوون و هەڵهاتن، ئەم ڕیوایەتەو گەلێ ڕیوایەتی تر هەیە سەبارەت بە هاتنە خوارەوەی ئەم ئایەتە.، بەڵام وەك بەڕێز (محمد عبدە)(1) دەفەرموێت: هەموویان هەڵبەستراوی دەستی جولەكە (ئیسرائیلیات)ن، چونكە ئەوەی لە داڕشتنی ئایەتەكانەوە وەربگیرێ ئەمەیە: ئەو كەسانە ئایەتەكە باسیان دەكات كەسانێكن كاتێ بیستیان كە دوژمن شاڵاویان بۆ دێنێ لە ترسان هەڵاتن و ڕایان كردو وڵاتەكەیان بۆ بەجێ هێشتن..؟ بۆیە قورئان زۆر بە توندو تیژییەوە دادەبەزێتە سەریان و سەرزەنشتیان دەكات و بۆ موسڵمانانیشی دەگێڕێتەوە، تا ئەمانیش وەك ئەو جولەكانە ڕا نەكەن لە دەست دوژمن و وڵاتیان بۆ چۆڵ نەكەن، ئەگینا وەك ئەوانیان بەسەر دێت و، زەلیل و سەرشۆڕ دەبن، چونكە هەر كەسێك لە دەست مردن ڕابكات سەرەنجامی سەرشۆڕیی و ئاوارەییە، هەزار ڕەحمەت لەو شاعیرەی كە دەڵێت:
یری الجبناو أن الجبن حزم و تلك خدیعە الطبع اللئیم
بۆیە ئایەتەكەیش دەفەرمووێت: (ألم تری إلی الذین خرجوا من دیارهم و هم ألوف حذر الموت..) واتە: ئایا زانست و زانیاریت نییە بە كەسانێك كە لە وڵات و ناوچەی خۆیان دەرچوون لە كاتێكدا هەزارەها كەس بوون لە ترسی مردن و لەبەر خۆشەویستی گێتی.. بەڵام لە تۆڵەی ئەوەدا خوا فەرمووی (موتوا..) ئادەی بمرن.! واتە ڕاكردن لە دەست دوژمن و هەڵهاتن و بەجێ هێشتنی وڵات و نیشتمان مردنە.! هیچ كات مرۆڤ لە مردن ڕزگاری نابێ، چونكە مردن بە دەست خوایە.(2)
(ثم أحیاهم ..) ئینجا زیندووی كردنەوە، چۆن.؟! ئایا دوای مردن زیندووی كردنەوە.؟ ئایا دوای ئەوان تاقمێكی تر هاتنە جێگایان و ئەوان وەك ئەمان ترسنۆك نەبوون و لە دەست دوژمن ڕایان نەكرد خوایش ژیانی پێ بەخشین.؟ ئەمانە هیچیان ڕۆشن نەكراونەتەوە، كەوابوو بۆ ئێمەش پێویست نییە بڕۆین بە دوای بۆچوون و چەندین جۆرە وتەیەكی تردا.. (إن الله لذو فضل علی الناس) بێگومان خوای گەورە بەخشندەیە بەرامبەر بە مەردووم، بەڵام (ولكن أكثر الناس لایشكرون..) زۆربەیان سپڵەن و سوپاسگوزاری ناكەن.!
لەم چەند وتووێژەی سەرەوە بەشێك لەو ڕوداوەمان بۆ ڕۆشن دەبێتەوە، بۆمان دەردەكەوێ كە بۆچی خوای گەورە دەیگێڕێتەوە بۆ چینی یەكەمی موسڵمانان، بۆمان ڕوون بووەوە كە پێویستە خۆشەویستی گێتیی و ترس لە مردن كارمان تێ نەكات و لە جیهاد دوامان نەخات و وەك ئەو گەلە ترسنۆكە نەبین، چونكە مردن و ژیان بە دەست خوایە، بۆیە دەفەرمووێت: [وقاتلوا فی سبیل الله واعلموا ان الله سمیع علیم..] بجەنگێن لە ڕێی خوادا نە لە بەر خاتری شتی تر، لە ژێر ئاڵای خوادا نە لە ژێر ئاڵایەكی تر، بجەنگێن چونكە ژیانی مەردانەو سەربەرزیتان بە جیهادەوەیە، بجەنگێن تا زەویی و زارتان و باغ و بێستانتان و خۆتان و خاو خێزانتان لە ژێر چەپۆكی ستەمكاران وە دوور بگرن، بجەنگێن و هۆ جەنگییەكان ئامادە بكەن، بجەنگێن عیززەت و سەرفرازیتان بە جیهادەوەیە(3). بجەنگێن هەر گەلێك لە جیهاد ڕابكات وەك كۆمەڵی بەنی ئیسرائیلییەكانی لێ دەقەومێ: [ألم تر إلی الذین خرجوا من دیارهم..] بێگومان خوای گەورە ژنەواو زانایە، دەزانێ چەندە هێزو پێزتان هەیە، دەزانێ چەندە ئامادەییتان هەیە، چەندە دەسەڵاتتان هەیە، بە وتەی ترسنۆكەكان هەڵنەخڵەتێی، نەڵێیت ئێمە چی بكەین، ئێمە چیمان لە دەست دێ.؟ مەگەر خوا خۆی چاری ئەو دوژمنە بكات، ئەگەر شتێكمان پێ بكرابایە دا نەدەنیشتین.! * [ألم تر إلی الملأ من بنی اسرائل من بعد موسی اذ قالوا لنبی لهم ابعث لنا ملكا نقاتل فی سبیل الله].!
خوێنەری ئازیز... ئەوە بوو لە داستانی پێشوودا تاقی كردنەوەیەكمان كەوتە بەر دەست، ئەویش ئەوەبوو كە هەر كەسێك لە مردن ڕابكات و لە جیهاد دەست هەڵبگرێ، ئەوە لە مردن ڕزگاری نابێت، بێجگە لەوەیش خوای گەورە یەخسیرو سەر شۆڕی دەستی دوژمنانی دەكات.، لەم داستانەشدا وانەیەكی چاكمان دەست دەكەوێ، ئەوە بوو كاتێك بەنی ئیسرائیلیەكان موڵك و سامان و وڵاتیان لە دەستدا بە هۆی ترسی زاڵمیی و ڕاكردن لە دوژمن، شوێنە پیرۆزەكانیان لێ زەوت كراو دیلی دەستی دوژمن بوون، دوای ئەو كەوتنەیان بیریان كردەوەو دڵیان بە خەبەر هاتەوەو سۆزی جیهادیان كەوتەوە مێشك، بۆیە داوا دەكەن و دەڵێن: (إبعپ لنا ملكا..)، بەڵام هەرچەندە ڕاپەڕینی عەقیدەیی و باوەڕە، كەچی هێشتا پێویستیان بە تاقیكردنەوەیەك هەیە، چونكە (كۆمەڵ و دەستە) هەیە چەند زوو دڵیان گەرم دەبێت زووش سارد دەبێتەوە، بۆیە كاتی تاقیكردنەوە زۆربەیان دەرنەچوون و بەپێی بەرنامەی فەرماندەكەیان نەجووڵانەوە، سەرەنجام خۆیان كێشایە كەنارەوە، كەمێكیان نەبێت، بەڵام چونكە ڕاپەڕینی ناخ و باوەڕ بوو، لەگەڵ ئەو ناتەواویی و لاوازییەش كە هاتە بەردەمیان، لەگەڵ ئەو خۆ كێشانەوەیەی كە پۆل پۆل لە ڕێگەدا تووشیان هات، سەرەنجام دەستەیەكی كەمی خاوەن بڕوایان سەركەوتن بە هۆی ئارامیی و خۆڕاگرتنیان لە مەیدانی جیهاددا.
شتێكی تری بە كەڵمان دەست دەكەوێ ئەویش ئەوەیە كە دڵگەرمی كۆمەڵ – زۆرجاران –فەرماندەو سەركردەكان فریو دەدات، (ئەگەر بە خێرایی بە گوێیان بكرێ و تاقی نەكرێنەوە)، كەوا بوو پێویستە زۆر بە ووردی هەڵسەنگێرێن و تاقی بكرێنەوە پێش ئەوەی بانگی جیهاد بدرێ و مەردووم ببرێتە گۆڕەپانی جەنگەوە.. هەر وەك ئەم پێغەمبەرە خۆشەویستە دڵگەرمی میللەت تینی تێ نەكردو فەرماندەیەكی بۆ دانان و تاقیشی كردنەوە.، بەڵێ پیاو ماقوڵەكانیان چوونە لای پێغەمبەرەكەیان داوایان كرد: فەرماندەیەكیان بۆ دیاری بكات و بڕۆنە جەنگەوە.. ئەمیش فەرمووی [هل عسیتم إن كتب علیكم القتال ألا تقاتلوا..] واتە: ئایا نزیك نین بەوەوە، كە ئەگەر جەنگتان فەرزكرایە سەر، جەنگ نەكەن.؟! ئەوانیش قسەكەیان پێ ناخۆش بوو، بە تەواوی گەرم بوون و وتیان: [وما لنا ألا نقاتل فی سبیل الله وقد أخرجنا من دیارنا وأبناونا...] ئێمە چۆن جەنگ ناكەین لە ڕێگەی خوادا، لە كاتێكدا لە وڵات و ماڵ و منداڵ دەركرابین .؟! بەڵێ، ئەو قسە پڕ لە سۆزو بەتینەیان كرد، بەڵام ئەوان ئەوەندەی پێ نەچوو ئەو هەموو دڵ گەرمییەیان كوژایەوەو زۆربەیان تووشی شلكە بوون و پاشەكشێیان كرد.؟! وەك ئایەتەكە دەفەرمووێت: [فلما كتب علیهم القتال تولوا إلا قلیلا منهم..] كاتێ جیهادو جەنگ درا بە سەریاندا – تەماشات كرد – هەڵهاتن و ڕایان كرد كەمێكیان نەبێت.
ئەمە هەرچەندە باوو نەریتی جولەكەكان بووە، بێ پەیمانیی و، بێ وەفایی پیشەیان بووە، دەبێ فەرماندەو سەركردەكان بزانن كە ئەمە شتێكی سرووشتییەو لە هەموو دەمێكدا دووبارە دەبێتەوە، بە تایبەت لە كۆمەڵگەیەكدا كە تاكەكانی پەروەردەیان تەواو نەبووبێت.
كەوا بوو پێویستە فەرماندەكان وریاو زیرەك بن و لەم داستانە كەڵگ وەربگرن، شوێنی دڵگەرمی مەردم نەكەون، تا چاك تاقی نەكرێنەوەو نەبرێنە گۆڕەپانی جیهادەوە، هەروەها پێویستە بە یەك تاقیكردنەوە قەناعەت نەكرێ، چونكە زۆربەی (بەنی ئیسرائیل)ییەكان – دوای ئەوەی وتیان ئێمە چۆن ئامادەی جەنگ نابین – هەڵهاتن و درۆیان كرد، تەنها كەمێكیان نەبێت ئەمانیش ئەوانەبوون لە گەڵ (تالوت) ڕۆیشتن، بەڵام دوای هێنانەوەی بەڵگەیەكی زۆر بۆ شیاوی تالوت بۆ پێشەوایی.، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە یەكەم جارەوە بەزین و پسان، تا تاقیكردنەوە بۆ جاری دووەم، بۆیە دەفەرمووێت: [فلما فصل طالوت بالجنود قال: إن الله مبتلیكم بنهر فمن شرب منه فلیس منی ومن لم یطعمه فانه منی الا من اغترف غرفە بیده، فشربوا منه الا قلیلا منهم] واتە: كاتێ (تالوت) خۆیی و سوپاكەی جیابوونەوەو ئامادەی ڕۆیشتن بوون، فەرمووی: بێگومان خوا تاقیمان دەكاتەوە بە (ڕووبارێك) (1) جا هەر كەسێك لێی بخواتەوە ئەوە سەرپێچی كردووەو ئیتر لە من نییە، چونكە فەرمانەكەی شكاندووەو بە كەڵكی سەربازی نایەت، ئەو كەسەیش لێی نەخواتەوە – مەگەر لویچێك نەبێ – ئەوە لە منەو سەربازێكی گوێڕایەڵە، بەڵێ هەر هەموویان لە ڕووبارەكەیان خواردەوە تەنها كەمێكیان نەبێت.(2)
كەوابوو تاقیكردنەوەی سەربازو سوپا چەند جارێك پێویستە: ئەوەتا نموونەی زیندوومان لە ئایەتەكەوە لەبەر دەستە، لە پێشەوە ئامادەیی خۆیانیان دەربڕیی و داوای جیهادیان كرد، كاتێ فەرماندەیان بۆ دیاری كرا بە چەند بیانوو و مینگە مینگ كردن جا قبوڵیان كرد.. بەڵام ئەم فەرماندەیە زۆر ووردە، دەیەوێ – بە فەرمانی خوا – درۆو ڕاستیی و ڕادەی دڵسۆزیان دەربخا، بۆیە فەرمووی: [إن الله مبتلیكم بنهر..] ئەوانیش لە تاقیكردنەوەكەدا سەرنەكەوتن و لە بەردەم هێزی دوژمندا تێكشكان: [فلما جاوزه هو والذین آمنوا معه قالوا لا طاقە لنا الیوم بجالوت و جنوده]، كەمێكیان نەبێت پەنایان برد بەخوای خۆیان و وتیان: [كم من فئە قلیلە غلبت فئە كثیرە بإذن الله والله مع الصابرین]، زۆر دەستەی كەم هەیە سەركەوتوو و زاڵ بووە بە سەر دوژمندا بە یارمەتی خوای گەورە، وە خوای گەورە – جل جلالە – لە گەڵ ئارامگراندایە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەم خاڵانەشیان دەست دەكەوێ:
1. ناسینی هەموو كەسێك لە جێگەی خۆیدا.
2. فریو نەخواردنی فەرماندە بە دڵگەرمی ڕواڵەتییانەی گەل و جەماوەر.
3. قەناعەت نەكات بە یەكجار تاقیكردنەوە.
4. پێش ئەوەی سەربازەكان بڕۆنە گۆڕەپانەوە، تاقییان بكاتەوە.
5. گێڕانەوەی ئەوانەی دەروون بەزیوون لەناو سوپاكەدا.
6. ئەو دڵەی بەسراوە بەخواوە، بە ئارامە، هەموو شتێك بە لاواز دێتە پێش چاوی، بۆیە دەڵێن: [كم من فئە قلیلە غلبت فئە كثیرە بإذن الله والله مع الصابرین].
(ربنا أفرغ علینا صبرا وثبت أقدامنا وانصرنا علی القوم الكافرین.. وماالنصر الا من عند الله العزیز الحكیم.