26/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
کێ بەرپرسیارە لە پێکنەهاتنى حکومەت؟
پرسی پێکهێنانى کابینەى هە شتەم سەرنجى هەمومانى بە خۆیەوە مەشغوڵ کردوە. ئەمەش شتێکى ئاساییە چونکە پێکهاتن و پێکنەهاتنى حکومەت پەیوەندی باری سیاسى، ئابوری، کۆمەڵایەتىو بگرە ژیانی رۆژانەى یەکە بە یەکەمانەوە هەیە. بەڵام ئەوەى لام سەیرە دەبینین لێرەو لەوێ هەندێک کەس بە لێدوانێک و، هەندێکیش بە ووتارێک راستیەکان وەک خۆى بە هاوڵاتیان ناڵێن. هەر بۆیەش بە پێویستى دەزانم روونکردنەوەیەکى کورتلەسەر ئەو جۆرە لێدوان و ووتارانە بدەم.
لە 8/3/2014 فراکسیۆنى سەوز لە رێگەى بەیاننامەیەکەوە ماوەى 10 رۆژ مۆڵەتى لە لیژنەکانى دانوسان بۆ پێکهێنانى کابینەى هەشتەم دا تا خۆیان یەکلا بکەنەوە. هەر وەک هەموان لە رێگەى راگەیاندنەکانەوە دەزانن بۆچوونى ئێمە لە فراکسیۆنى زەرد چونیەک نەبوو. هەندێکمان لە لێدوانەکانماندا پێمان وابوو کە ئەمە "موزایەدەى سیاسی"یە. هەندێکیشمان پێمان وابوو کە ئەمە "خەمخۆریە بەڵام دوورە لە واقیعبینى سیاسى". من خۆم ئەو یادداشتە یان ئەو بەیاننامەیەم ئیمزا نەکرد، چونکە پێم وایە کلیلى دەرگاى پێکهاتنى کابینەى هەشتەم لای سەرکردایەتى حیزبەکانمانە، نەک ئێمەى ئەندام پارلەمان. ئەندام پارلەمان چەندە خاوەن رەئی خۆشی بێت، دواجار ئیلتیزام بە سەرکردایەتى خۆیەوە دەکات (ئەمە لە هەموو وڵاتانى دیموکرات وایە).
ئێستا دەبیستین هەندێک کەس دەڵێن هەر سێ فراکسیۆنى یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزوتنەوە پشتیوانیان لەو یادداشتەى برادەرانى یەکێتى کردوە، کە ئەمە بە هیچ جۆرێک راست نیە. لە فراکسیۆنى یەکگرتوو تەنها براى بەڕێز کاک د.شیرکۆ جەودەت و، لە فراکسیۆنى کۆمەڵ تەنها برایانى بەڕێز مامۆستا هەورامان و کاک سۆران عومەر و لە بزوتنەوەى ئیسلامیش براى بەڕێز کاک شوان قەڵادزێى واژویان لەسەر یادداشتەکە کرد. ئیتر فراکسیۆنى چى؟ ئەگەر وایە بۆ سەرۆکى فراکسیۆنەکانى یەکگرتوو و کۆمەڵ راگەیەندراوێک بڵاو ناکەنەوە و هەڵوێستى خۆیان جێگیر بکەن؟
برادەران لە فراکسیۆنى سەوز دەڵێن "ئێمە ئەم دەسپێشخەریەمان کردوە بۆ ئەوەى کەس وانەزانێت یەکێتى رێگرە لە پێکهێنانى کابینەى نوێ". جا پێویستە ئەوە بڵێین کە کەس لە ئێمەى فراکسیۆنى زەرد بە پەروشتر نیە بۆ خواستى پەلە کردن لە پێکهێنانى کابینەى هەشتەم، هەر وەک چۆن باش دەزانین کە نە فراکسیۆنى سەوزو نە هیچکام لە فراکسیۆنەکانى دیکە هۆکاری ئەم قەیرانەى پێکنەهێنانى حکومەت نین. فراکسیۆنى سەوزیش خاوەن بڕیار نیە لە مەسەلەى پێکهێنانى حکومەت، بەڵکو مەکتەبی سیاسیەکەیەتى کە بڕیار بەدەستە، هەر وەک چۆن بۆ ئێمەى پارتیش وایە. جارێکی تر دەیڵینەوە، بە دلنیاییەوە ئەم پڕۆسەیە لە سەرکردایەتى حیزبەکاندا پەنگى خواردۆتەوە کە سەرکردایەتى یەکێتى بەشێکە لێى. ئینجا بۆیە با هیچمان راستیەکان لە هاوڵاتیانى کوردستان نەشارینەوەو، مەسەلەکان چۆنن وەک خۆى بە خەڵکى بڵێین، هەرچیەکی غەیرى ئەمەش بە خەڵک بگوترێت، ئەوا هیچ نیە جگە لە چەواشەکارى.