تائێستا تۆماری ناوی دەنگدەران لەعێراق نیە
22/03/2014 نوسەر: bzavpress

تائێستا تۆماری ناوی دەنگدەران لەعێراق نیە


كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق رایدەگەیەنێت، تاوەكو ئێستا تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق تەواو نەبوەو لەو وڵاتەیە كە تۆمارەكەی لێ چاپدەكرێت.

موحسین جەباری موسەوی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە عێراق، بە رۆژنامەی (سەباح)ی عێراقی راگەیاند: تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق كە بڕیارە 30ی نیسانی داهاتو بكرێت، تائێستا لەو وڵاتەیە كە تۆمارەكەی لێ چاپدەكرێت و نەگەڕاوەتەوە بۆ عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد، چاپكردنی تۆمارەكە لە تەواوبوندایە، لەكاتێكدا كەمتر لە 40 رۆژی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە.
لەلایەكی دیكەوە سەفا موسەوی، وتەبێژی رەسمی بە ناوی كۆمسیۆنەوە ئاشكرایكرد، ئەنجومەنی كۆمسیاران رێوشوێنەكانی تۆمار و دڵنیایی تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتی پەسەندكردوە، بۆ هەردو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم.