گۆڕان بۆ پارتى
16/03/2014 نوسەر: bzavpress

گۆڕان بۆ پارتى" وەزارەتی ناوخۆ یا وەزارەتی پێشمەرگە یان راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشمان دەوێت بەكەمتر لەیەكێكیان رازی نابین


بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری دەكات لەوەرگرتنی یەكێك لەپۆستەكانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، وەزارەتی ناوخۆ یان پێشمەرگە، رەتیشیدەكاتەوە بەپۆستەكانی جێگری‌ و بریكاری وەزارت رازی بێت وەك لەلایەن پارتییەوە پێشنیازیان بۆ كراوە.

وەفدی دانوستانكاری پارتی لەدوایین پێشنیازیاندا داوایان لەگۆڕان كردوە دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ بێت‌و لەبەرانبەردا پۆستەكانی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ، یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیی‌و جێگری راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشیان پێدەدرێت.

هەرچەندە پارتی دەڵێت وەڵامی گۆڕانیان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام ئەو بزوتنەوەیە جەخت لەسەر ئەوەدەكەنەوە كە وەڵامی پێشنیارەكانیان پێشتر بە ‌رەتكردنەوە داوەتەوە‌و بەپێچەوانەوە چاوەڕێی پارتی دەكەن.

شەماڵ عەبدول وەفا رێكخەری ژوری پەیجوری گۆڕان  رایگەیاندووە : نەوشیروان مستەفا بەوازحی لەگفتوگۆكاندا بەپارتی وتوە ئەگەر ناوخۆ نادەن ئەوا سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشمان پێبدەن ئەگەرنا وەزارەتی سامانە سروشتیەكانمان بدەنێ.

ئەندامەكەی وەفدی دانوستكاری گۆڕان جەختیكردەوە كە داوایان لەپارتی كردوە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ یا وەزارەتی پێشمەرگە یان راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشمان دەوێت بەكەمتر لەیەكێكیان رازی نابین.