16/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان
راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان مافێکی شەرعیی کوردە، گوناهێکی گەورەیە وەک پەرچەکردارێکی دژی مالیکی بکرێتە گوتارێکی فوتێکراوی حەماسی نەتەوەیی. هەرکاتێ پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر رو لە خراپیی دەکەن، گوتاری راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان پێشدەخرێ، هەرکاتێکیش پەیوەندییەکان ئاسایی بونەوە، ئەو گوتارە بزردەبێ.
گرنگترین شت دەبێ هەمومان بزانین و کاری بۆ بکەین، دەبێ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان ئاشتییانە بێ نەک بە شەڕ. کەرکوک، بۆ نمونە، تازە هەرگیز بە شەڕ ناگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان. ئەگەر بشگەڕێتەوە، ئاساییشی تێدا بەرقەرار نابێ.
گرنگە گوتاری دەوڵەتی کوردستان گوتارێکی ستراتیژیی درێژ-مەودوا بێ نەک گوتارێکی پەرچەکرداریی کاتیی. ئێمە لە سەد ساڵی رابردو دا بێ دەوڵەت ژیاوین، دەکرێ دەوڵەتی کوردستان دە ساڵ دوابکەوێ بەڵام بەئاشتییانە بێ. دواجار ئێمە گەر دەوڵەتمان راگەیاند، پێویستمان بە هەبونی ئاساییش دەبێ لە سنورەکان. ئەگەر سنورەکان پڕ بون لە ئاژاوە و شەڕ، ئەگەری هەرەسهێنانی ئەو دەوڵەتە نوێیە لەناو چەندان دوژمن دا، لەوانەیە کراوە بێ. کورد هەرگیز نایەوێ دەوڵەتێکی تەمەن کورتی لە شێوەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرێنێ.
دەوڵەتی کوردستان کاتێ سەرکەوتو دەبێ کە لە ناوخۆی هەرێم دا بینای دەوڵەتێکی مۆدێرن و دیمۆکرات کرابێ و خاکی کوردستان هەموی گەڕابێتەوە سەر هەرێم.
دەوڵەتی کوردستان نابێ بخرێتە ناو ململانێ و گەمە کاتییە سیاسییەکانەوە، بەڵکو دەبێ کاری لەپێشینەی هەموان بێ، بەڵام بەهێمنی و بە کار و پلان و ستراتیژەوە نەک بە هاشوهوشی بێبنەما کە لە کۆتایی دا لەوانەیە زۆرێکمان توشی بێئومێدییەکی گەورە بکا.