15/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
دەوڵەتی بەنی قلاون سوڵتان سەیفەدین قلاون١٢٧٩-١٢٩٠
ناوی تەواوی"منسور سەیفەدین قلاونی ساڵحی ئەلف" لەدوای"زاهیر بیبرس"- بەیەکێك لە گەورەترین سوڵتانی مەمالیکەکان ناودەبرێت، کۆیلەی وڵاتی"قفجاق"بووە، هەر لەمنداڵییەوە هێنراوە بۆ میسرو فرۆشراوە بەمەلیك"ساڵح ئەیوبی"هەر بۆیەش نازناوی"ساڵحی" وەرگرتوە، مەبەست لە"ئەلف" یش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەبەهەزار دینار کڕیویانە، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە ئەوسوڵتانانە شەرمیان لەوتنی ڕاستی خۆیان نەکردوە، دواتر قلاون بەرەبەرە پلەی بەرز بویەوە تاگەیشتە پلەی"ئەتابەگ" یان جێگری دەسەڵات لەسەردەمی بیبرسدا، لەسەرەتای وەرگرتنی دەسەڵاتیدا چەند ڕووداوێك ڕویاندا کە خۆی دەبینییەوە لە بەرهەڵستکاری کردنی سەرکردەکان بۆ دەسەڵاتەکەی بەتایبەت ئەو سەرکردانەی کە نەیاری بوون، ئەمانە لابردنی کوری سوڵتانیان دەکرد بە بیانویەك دژی قلاون، لەراستیدا ئەو بەرهەڵستکاریانەی کە لەلایەن هەندێ لە سەرکردەکانەوە دەکرا بۆ قواستنەوەی دەرفەت بوو لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان،یەکێك لەو ڕوداوانەش کە لەسەرەتایی دەسەڵاتی قلاوندا ڕوویدا ئەوە بوو کە "میر شەمسەدین سنقر ئەسقری" کە جێگری سوڵتان بوو لە دیمەشق، چونکە کاتێك بیستی کە قلاون بووەبە سوڵتان و"سلامشی" لابردووە، نازناوی "مەلیك کامیل"ی لەخۆیناو ژمارەیەکی زۆر لەمەمالیکی زاهیریەکان دایانە پاڵی، نەوەی ئەیوبیەکان کە بەرپرسی حەمابوون لەگەڵ شێخەکانی ئەو هۆزە عەرەبانەی کەلەسنوری شام و عێراق بوون، لەساڵی ١٢٨٠ لە نزیك دیمەشق لە جەنگی"الجسورە"قلاون توانی ئەو هاوپەیمانیەتیە لە ناوببات و سنقریش هەڵهات بۆ قەڵایەکی سەر سنوری شام کە بە"سەیوب" ناسراوە، کاتێکیش سولتان قلاون دەستی گرت بەسەر دیمەشقدا لە دانیشتوانەکەی خۆش بوو، لە دوای ئەمەش لەسەر سیاسەتی بیبرس دەچوو بەرامبەر بە دووهێزی سەرەکی کە تەنگی بەدەوڵەتی مەمالیك هەڵچنی بوو ئەوانیش" مەغۆل و خاچ پەرستان"بوون.
جەنگەکانی قلاون لەگەڵ ئیلخانەکانی فارسدا
لەو سەردەمەدا مەغۆلەکان چاویان بڕیبووە خاکی میسرو شام دەیانویست داگیری بکەن و تۆڵەی شەری "عەین جالوت" بکەنەوە"ئەبقا" یان- ئوبخای کوری هۆلاکۆ بەهۆی ئەو بارگرژییەی کە بەهۆی شۆڕشی "سنقر ئەسقەری" جێگری دەسەڵاتی دیمەشق لەدژی قلاون لەناو دەوڵەتی مەملوکی سەری هەڵدا بوو، هەوڵی دا ئەم هەلە بقۆزێتەوەو هێرش بەریتە سەر خاکی شام مسر پیی وابوو سنقر یارمەتی دەدات، سنقریش بەلێنی بەمەغۆل دابوو دژی سوڵتانی میسر یارمەتیان بدات بەڵام دواتر لە هەڵویستی خۆی پەشیمان بوویەوە، چونکە مەلیکەکانی میسر دەیانوت" وادوژمن چاوی تیبڕوین هۆکارەکەشی تەنها ناکۆکی نیوان خۆمانە بۆیە دروست نیە ئیسلام لەناوبچیت"، لە ئەنجامدا سنقر دایە پاڵ قلاون و سەرلەنوێ یەکڕیزی مەملوکەکان گەرایەوە، دواتر سوپای مەغۆل بەسەرکردایەتی "منکوتمری" کوری هۆلاکۆ لەڕوباری فورات پەڕینەوەو دەستیان گرت بەسەر "حەلەب" دا، قلاونیش بە سوپایەکەوە پیشڕەوی کردو دواتر لە ١٢٨١ لە نزیك شاری حیمس جەنگێکی قورس لەنێوان هەردوو لادا ڕوویداو بوشکستی تاتارو پاشەکشەیان بەرەو دەوروبەری فورات کۆتایی پێهات، قلاونیش بۆ مەبەستی یەکلایکردنەوەی سەرکەوتنەکەی لە ڕێگەی کۆتری نامەبەرەوە هەواڵی بۆ کاربەدەستانی سەر سنوری فورات نارد تا- ڕێگە لەتەتەرە ڕاکردوەکان بگرن هەروەها فەرمانی دەرکرد بەوەی حەشیشەکانی سەر ڕووباری فورات ئاگر تێبەردەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆر لە مەغۆلەکان سوتاو"منکوتمری" بەبرینداری گەرایەوە بەغداد، لەئەنجامدا ئاگربەستیکی دریژخایان لە نیوانیاندا بەسترا، ساڵێك دوای شکستەکەی حیمس "ئەبەقاخان" لە١٢٨٢ مرد، "تکوداری" برای شوێنی گرتەوە پێش بوونی بەسوڵتان موسلمان بوو، ناوی خۆی نا" تکودار ئەحمەد سولتان"، بەلام بەهۆی ململانیی ناوخۆی مەغۆلەکان سولتان ئەحمەد نەیتوانی هیچ جالاکیەکی سەربازی لە دەرەوەی ناوچەی خۆی ئەنجام بدات بەرامبەر بە میسر سیاسەتیکی ئاشتەوای هەبوو، ئەمەش وای لەسەرکردە مەغۆلەکان کرد بەهۆی کە موسولمان بووە بۆیە لێی راپەرین دواتریش کوشتیان و برازاکەی کە ناسرا بووبە" ئەرغونی کوری ئەبقا" لە شوینی دانا، ئەرغۆنیش بەدریژای سەردەمی قلاون هیچ کاریکی دژ بە میسرو شام ئەنجام نەدا، ئەم پەیوەندیەش لەگەڵ مەغۆلی فارسدا بوو، بەلام سەبارەت بە پەیوەندی قلاون لەگەڵ مەغۆلی " قفجاق" یان هۆزی "زێڕین" سولتان قلاون پەیوەندی دۆستایەتی کۆنی نیوان هەردو لای پاراست.
جەنگەکانی قلاون لەگەڵ خاچ پەرستاندا
سولتان قلاون پاش سەرکەوتنی بەسەر مەغۆلەکانداو کۆتایی هینان بە مەترسی مەغۆلەکان، بیر لە جەنگ دژ بە خاچ پەرستان کردەوە هەر بۆیەش لە١٢٨٥ هیرشی کردە سەر مەلبەندی"ئیسپارتاییەکان" لە قەڵای "المرقب" لە باشووری لازقییە، پاش گەمارۆدانی یەك مانگی قەڵاکەیان بەدەستەوەدا، میرنشینە خاچیەکانی تریش ترسیان لەوەی توشی هەمان باربن هەربۆیەش" بوهمەندی حەوتەم" بەرپرسی تەرابلوس ریککەوتنی لەگەل قلاوندا بەست و چەند قەلاو ماڵ و سامانی پێشکەشکرد، میرنشینی" سور و ئەرمینای بچوك' هەمان کاریان ئەنجامدا، ئەمانەش بەلگەن بۆ ئەوەی کە میرنشینە خاچییەکان هەستیان بە مەترسی قلاون کردووە هەروەها سولتان قلاون توانی دەسبگریت بەسەر شاری لازقیەو دواتریش تەرابلوس سولتان قلاون دوای دەستگرتن بەسەر تەرابلوسدا چەند چاکسازییەکی لەو ناوچەیەدا ئەنجامدا لەوانەش..
- چەندبورجێکی بەدرێژای کەناراو لەدەرەوەی بەندەردا بنیادنا
- شاری تەرابلوسی گواستەوە بۆ پاڵ شاخەکە لە ناوخۆدا بۆ ئەوەی بەدوربیت لە کەناراو قەلای"سان جیل" بەمەبەستی دورخستنەوەی لە هەرەشەی کەشتی گەلی خاچ پەرستی
- لە هەمان کاتدا پلەو پایەی تەرابلوسی بەرزکردەوەو کردی بە جیگرایەتی سولتان
- توندوتوڵ کردنی کاروباری دەریاو ئامادەسازی کەشتیەکان لە بەندەرەکاندا کە " تەرابلوس، لازقیە، ئەنترس و جوبلە" ی دەگرتەوە
هەروەها قلاون بریاریدا کەوا جەنگ دژی عەککا ڕابگەیەنی و ئامادەسازی بکات بۆ هیرش کردنە سەری، بەڵام پێش بەجێهینانی کارەکەی لە کۆتایی١٢٩٠ لەتەمەنی حەفتا سالی دەمری.
چاکسازییە ناوخۆییەکانی قلاون
- لایەنی سەربازی: قلاون وەك بیبرس گرنگی داوە بەریکخستنی سوپای مەملوکی بۆ ئەم کارەش کەوتە کرینی زیاتری مەمالیکە بچوکەکانی خەلکی ولاتانی باکوور وەك" ئەرمینیا، قەوقاز، نیمچەدورگەی قرم و قفجاق" کە ژمارەیان گەیشت بووە نزیکەی٤ هەزار مەملوك، قلاون گرنگی داوە بە پەروەردەکردن و جل و بەرگی مەملوکەکان داوە
- لایەنی ئاوەدانکردنەوە: کە چەندین بینای دروستکردووە کە تائێستاش شوینەواری ماوە لەوانەش"موعیزلی دینیلا" لە قاهیرە، لە گرنگترین دامەزراوەکانیش ئەو گومەزییە کە قلاونی تێدا بە خاك سپێردرا، هەروەها نەخۆشخانەی " مەنسوریە" کە ئیستا بە خوێدنگەی قلاون ناسراوە، دروستکردنی نەخۆشخانەش کە نەخۆشییە جۆراو جۆرەکانی تێدا چارەسەرکراوە.
- لایەنی ئابووری: سەبارەت بەلایەنی ئابوورییش قلاون گرنگی زۆری پێداو هەوڵی دا بازرگانی دەوڵەتی مەملوکی فراوان بکات، پێگەی جوگرافی میسر لە نیوان رۆژهەلات و رۆژئاوا یارمەتیدا لە رووی بازرگانیەوە.
لەم بوارەشدا قلاون هاوپەیمانی لەگەڵ دەولەتە ئەوروپیەکاندا وەك"ئیمراتوری بیزەنتی و فەرنسی و قشتالە...هید" بەست، میسر لەسەر شمەکە تێ پەریوەکانی سەر سنوری خۆی گومرکی نزیکەی یەك پێنجی دانا بوو کە بەگومرکی یەك پێنج ناسرا، هەروەها قلاون هەلی ئارامی دەریاوانی دەریای سوری قۆستەوە دوای ئەوەی مەترسی خاچیەکان نەما هەوڵی دا بازرگانانی ولاتانی ئاسیا بەرەو میسر رابکێشێت.