14/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
گۆڕان و وەزارەتی ناوخۆ
{ پرسیارەکە لەوەدا نیە گۆڕان بۆ داوای وەزارەتی ناوخۆ دەکات، ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە بۆچی ئەو وەزارەتە بە گۆڕان نەدرێت}
زۆر جار هەندێک هاوڵاتی خەمخۆری ئایندەی هەرێم و حکومەتەکەی، پرسیاری ئەوە ئەکەن بۆچی گۆڕان سورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ، بۆچی داوای وەرگرتنی هەندێک وەزارەتی خزمەتگوزاری ناکات بە تایبەت کەوا گۆڕان هێزێکی ریفۆرمخوازەو، کار کردن لەو وەزارەتانەش بەشێکە لە کاری چاکسازی و باشتر کردنی ژیانی هاوڵاتیان و ژێرخانی وڵات.
هاوکات لەگەڵ ئەوە، پێدەچێت ماشێنێکی راگەیاندنی لایەنەکان لە ئێستادا بیانەوێت ئەو سور بونەی گۆڕان بکەنە هۆکارێک بۆ پەککەوتنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ. گوایە گرێ کوێرەکە لە پێداگری گۆڕانە لەسەر ئەو وەزارەتە.
سەرەتا پێش ئەوەی باس لە وەزارەتی ناوخۆ بکەم، دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە لە بناغەدا شتێک نیە ناوی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بێت. ئەوەی دەگوزەرێت کات کوشتنێکی بێهودەیە بە مەبەستی تێپەڕاندنی وەقتە تا دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی چوار. ئاخر سەیرە لایەنێک، گەر بیەوێت کابینەی تازە پێکبێنێت، ئاوا بەم ساردی و خەمساردیەوە کار بکات. مانگی یەک جار سەردانی ئەم لایەن و ئەو لایەن بکەن و زۆرترین قسەو باسەکان یا لە کەناڵەکانی راگەیاندن وەیا لە کەناڵە نارەسمیەکانەوە قسەی لەسەر بکرێت.
پێکهێنانی کابینە پێویستی بە میکانیزمی ئسوڵی خۆی هەیە: پێش هەمو شتێک دەبێت پەرلەمان ئەو لایەنە رابسپێرێت، کە زۆرینەی هەیە، بۆ پێکهێنانی حکومەت. پاشان لەگەڵ ئەو لایەنانەی بە نیازی بەشداری کردنن لە کابینەی نوێ قسە دەکرێت، هەنگاوی گرنگ تر دوای ئەوە پێک هێنانی دوو لیژنەیە: یەکێک بۆ دانانی بەرنامەی کاری حکومەت و ئەوی تریشیان بۆ دابەش کردنی پۆستەکان. لەم ماوەیەشدا هەر کات پێویستی کرد کۆبونەوەی هاوبەشی سەرجەم ئەو لایەنانە ئەنجام ئەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نزیککردنەوەی بیروبۆچونەکان. ئەم هەنگاوانەش سەقفێکی زەمەنی بۆ دەستنیشان دەکرێت. وەک ئەبینین هیچ هەنگاوێک لەم هەنگاوە گرنگ و ئاسایانە نەنراوەو تا ئێستا هێشتا لە هەنگاوە سەرەتایەکانی راوێژکردنداین. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ جدی نەبونی پرۆسەکەو هەوڵی کات کوشتن.
ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی ناوخۆوە با سەرەتا ئەو راستیە باس بکەین کە دوای دەستبەکاربونی ئەنجومەنی نوێی پارێزگاکان، دوای هەڵبژاردنی ٣٠/٤ ی ئەمساڵ، ئەوا بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانی وەزیر و وەزارەت ئەگوازرێتەوە بۆ ئەنجومەن و پارێزگاکان. سەرباری ئەوەش من پێم وایە بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی ریفۆرمخوازی وەک گۆڕان، وەزارەتی زۆر گرنگ تر هەیە لە ناوخۆ بەتایبەت وەزارەتی دارایی، دیارە ئەمەش کاتێک کە وەزارەتەکە بتوانێت بنکەی کۆکردنەوەو ئاگادار بون بێت لەسەرجەم داهاتەکانی هەرێم و توانای داڕشتنی ستراتیجی دارایی و ئابوری هەرێمی هەبێت.
بەڵام لێرەدا وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە پرسیارەکە لەوە نیە بۆ گۆڕان ئەو وەزارەتە وەربگرێت، بەڵکو بۆ وەری نەگرێت؟ دەبێت بزانین ئەو عەقڵیەتە چیە و لە کوێوە سەرچاوە ئەگرێت کە نایەوێت هێزێکی گەورەو گرنگی وەک گۆڕان، کە لە ئاستی نیوەی هەڕیمدا یەکەمەوە لە نیوەکەی تریدا هێزی دووەمە، وەزارەتێکی هەستیار وەربگرێت؟ ئایا ئەمە بێمتمانەییە لە گۆڕان، کەوا بەشێک( کە بەشێکی کەمیشە) لە هێزە ئەمنیەکان رادەستی بکرێت؟ یا هەوڵی قۆرخکاری لایەنەکانی ئێستایەو هێشتنەوەی بە حیزبی بونی ئەو وەزارەتەیە( هاوکات وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگاکانی ئاسایش)؟
گۆڕان بەشێکی گرنگی دەنگی هاوڵاتیانی کوردستانی وەدەست هێناوە، بە دیوی تریشدا کارەکتەرە سەرەکیەکانی گۆڕان ساڵانێکی دورو درێژ بەشێک بون لە رابەرایەتی سەرجەم هێزی پێشمەرگەو ناوخۆ و پۆلیس و ئاسایش، تەنانەت بنیاتنەری ئەم دەزگا ئاشکراو دەزگا نهێنیەکانی ئەمنیش بون. دوو لە کەسایەتیە باڵاکانی گۆڕان سالانێک وەزیری هەرە سەرکەوتوی وەزارەتی ناوخۆ بون لە ئیدارەی سلێمانی. ئەمە سەرباری چەندین بەرپرسی ئەمنی و پارێزگار و قایمقام و دەیان پۆستی گرنگی تر. بۆیە مەعلومە مەسەلەکە متمانە نیە و هەمومان توانای گۆڕان لە ئیدارەدانێکی نیشتمانیانەی ئەو پۆستانە دەزانین. بەڵکو ئەسڵی مەسەلەکە هەوڵی هێشتنەوەی ئەو هەیمەنە حیزبیەیە بەسەر ئەو دەزگا هەستیارانەدا و ئیدامەدانی واقعی ئێستایەو هاوکات بەشداری پێکردنێکی شکڵیانەی گۆڕانە لە حکومەت نەک شەراکەتێکی راستەقینە. خۆ گەر نییەتێکی راستەقینەی چاکسازی لەو دەزگایانەو بە دەوڵەتیی کردنیان هەبێت، هەق وابو سەرجەمی ئەو دەزگایانە لە قۆناغێکدا نەدریت بە هیچ حیزبێک بەڵکو بسپێردرێت بە کەسانی شارەزاو بێلایەن.
کەواتە گۆڕان هەقی خۆیەتی پێی وابێت نیەتێکی راستەقینە لە بەشداری پێکردنی لە ئیدارەدانی ولاتدا نییە، بەڵکو تەنها بەشداری پێکردنێکی روکەشیانەیە. دورخستنەوەی گۆڕانیش لە وەزارەتە ئەمنی و هەستیارەکان دەربڕی ئەو واقعەیە نەک پێداگری گۆڕان لەسەر ئیستحقاقی خۆی.
ئارامی و سەقامگیری و یەکریزی و خۆ ئامادەکردن بۆ جەنگە دژوارەکان لە پێناو بە دیهێنانی ئاواتە نەتەوەییەکانمان، پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزی نیشتمانی هەیە کە گۆڕان تێیدا رۆڵێکی بەرچاو و کاریگەر بگێڕێت لە سەرجەم دەزگا ئەمنی و چەکدار و بەرپرسەکان. جدییەت و راستگۆیی لایەنەکانی دەسەڵاتیش لەوەدا دەردەکەوێت کە دڵخوازانە ئەو بەرپرسیارێتیە رادەستی گۆڕان بکەن و دواجاریش هەمو لایەنەکان بە بڕیار و مەرجەعیەتی هاوبەشەوە نەخشەی ئایندەی هەرێم بکێشن و جێبەجێی بکەن.