ووتاری هه‌ینی سبه‌ینێ جیاواز ده‌بێت
27/06/2013 نوسەر: bzavpress

ووتاری هه‌ینی سبه‌ینێ جیاواز ده‌بێت

بۆ یه‌كه‌مجار‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وتاری‌ نوێژی‌ هه‌ینی به‌ زمانی‌ ئینگلیزی بۆ ئه‌و كرێكاره‌ بیانییانه پێشكه‌ش ده‌كرێت، كه‌ له‌ شاره‌كه‌دا كارده‌كه‌ن‌و زمانی‌ كوردی‌ و عه‌ره‌بی نازانن.

به‌پێی هه‌واڵێكیك كه‌ سایتی وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی هه‌رێمی‌ كوردستان بڵاوی كردۆته‌وه‌:"وابڕیارە سبه‌ینێ (هەینی 28ی‌ حوزه‌یران) لەمزگەوتی سید قادر لەگەڕەكی بەختیاری له‌ شاری‌ سلیمانی، وتاری هەینی و هەردوو جەژنه‌كه‌، بەزمانی ئینگلیزی پێشكەش بكرێت".

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، كه‌ پێشكه‌شكردنی‌ وتاره‌كه‌ به‌زمانی‌ ئینگلیزی، بۆ ئەو كرێكارو خاوەن پیشەو كۆمپانیا بیانیە موسلمَانانەیه‌ كە لە شارەكەدا كاردەكەن و زمانی كوردی نازانن، بۆ ئه‌و وتاره‌ش ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی (20ی حوزه‌یرانی 2013) كامیل حاجی علی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمانێكی ڕەسمی ڕەزامەندی دەربڕیوە.
 
سایتی وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، كه‌ ئە هەنگاوەی وەزارەت پێشنیازی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلیمانی بووه‌ و بۆ بەجێگەیاندنی مافێكی ڕەوای پێكەوەژیانی ئەو موسوڵمانانەیە كە كوردی و عەرەبی نازانن، لەهەمان كاتیشدا یەكەم هەنگاوه‌ لە هەرێمی كوردستان كە وتاری هەینی لەمزگەوت بەزمانی ئینگلیزی پێشكەش بكرێت.
س.ع